بەپێی نووسراوێك، كە لە بەغداوە ئاراستەی ئۆفیسی كەركوكی ماددەی 140 كراوە، داوادەكرێت هەر ئاوارەیەكی گەڕاوەی دوای ساڵی 2003، پارچەیەك زەوی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی پێبدرێت. سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكیش رایدەگەیەنێت: لەگەڵ ئیدارەی كەركوك رێككەوتووین میكانیزمێكی بۆ دابنرێت.
كاكەڕەش سدیق سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی ماددەی 140، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كەركوك، زیاتر لە 39 هەزار و 352 ئاوارەی گەڕاوە هەیە و شایستەی ئەوەن زەوییان پێبدرێت، وتیشی: دابەشكردنی زەوی بەپێی قۆناغ دەبێت و سەرەتا لەو شوێنانەوە دەبێت كە ژمارەی ئاوارەكانی زۆر نەبێت، راشیگەیاند: بەپێی نووسراوەكە، دەبێت پارچە زەوییەكان لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەكان نزیك بێت. ئەوەشی خستەڕوو، بەمنزیكانە ئاوارەكان ئاگاداردەكرێنەوە لە شێوازی راییكردنی مامەڵەكانیان.
كەركوك، هێمن ئەحمەد