ئەڵقەی حەوتەم
کێڵگەکانی شەبعا
لە نێوان سوریا و لوبنان و ئیسرائیلدا
ئەم ناوچەیە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان لوبنان و بەرزاییەکانی جۆلان کە بەر لە جەنگی حوزەیرانی ساڵی 1967-ی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، تەنها مایەی مشتومڕی نێوان سوریا و لوبنان بوو، بەڵام لەدوای ئەو جەنگەو دەستبەسەرداگرتنی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا، ناوچەکە خاوەنێکی دیکەشی بۆ پەیدابوو و کە ئیسرائیلە و وەک ناوچەیەکی دانەبڕاو لە جۆلان حسابی بۆ دەکات و لەو کاتەشەوە کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی لوبنانەوە لە 1975-1989 سوریا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و پارێزگاریی لە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی، لوبنانی داگیرکرد و تا ساڵی 2004 تێیدا مایەوە، ئیسرائیلیش ناوچەکەی وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ئاسایشی خۆی دەزانێت بەتایبەتیش کە لەدوای جەنگی ناوخۆی لوبنان حزبوڵڵا شوێنی سوپای باشووری لوبنانی بە سەرکردایەتی عەقید ئەنتوان لەحد گرتەوە کە ئەو سوپایە پێشتر لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆمەک دەکرا بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەی سوریا لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل.
سەرەڕای ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2000 دا هێڵی شینی کێشا و سنووری دیاریکرد لەسەر چیای سماق و لووتکەی چیای رۆس، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری ناوچەی شەبعا کە رووبەرەکەی نزیکەی (25 کیلۆمەتر دووجایە) و دەکەوێتە بەشی باشوورەکەیەوە، کەوتۆتە سنووری دەسەڵاتی ئیسرائیلەوە سەرەڕای ئەوەی لوبنان داوای ئەوە دەکات کە سەروەریی تەواوی هەرێمەکە لەژێر سایەی خۆیدا بێت، بەڵام هێشتا نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی بەسەر ئیسرائیلدا نەسەپاندووە کە بەگوێرەی بڕیارەکە دەبێت لەو بەشە بکشێتەوە بۆیەش ئەوەی نەسەپاندووە، گوایە بەشێکە لەو ناوچەیەی سوریا کە کەوتۆتە ژێر دەستی ئیسرائیلەوە، واتە چارەنووسەکەی پەیوەستکردووە بە چارەنووسی بەرزاییەکانی جۆلانەوە. بۆیە تائێستاش مشتومڕ و بیروڕای جیاجیا لەبارەی ئەو ناوچەیەوە لەئارادایە و لایەنە ناکۆکەکان نەگەیشتۆتە هیچ ئەنجامێک کە هەموویان پێی قایل بن.
چوارچێوە جیۆگرافییەکەی
لەڕاستیدا تائێستاش سنووری جێۆگرافیی شەبعا بەتەواوەتی دیارینەکراوە، ئەوەی هەیە بریتییە کە ناوچەیەکی سنووریی نێوان ئەو سێ وڵاتە کە درێژییەکەی نزیکەی 24 کیلۆمەترە و پانییەکەشی 13 بۆ 14 کیلۆمەترە و ناوچەیەکە لە بەرزایی و گرد و تەپۆڵکە و هەندێک دەشتایی پێکهاتووە و بەرزترین شوێنی نزیکەی 1200 لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ئیسرائیل کۆنترۆڵی 12 کێڵگەی چۆڵکراوی کردووە کە لە چیای سماقەوە درێژ دەبێتەوە بۆ چیای رۆس لەباکوورەوە تا دەگاتە دۆڵی عەسەل لە باشوور.
101 ساڵ لەمەوبەر دیاریکراوە
ساڵی 1921 فەرەنسا بە گوێرەی ئەو مافەی کۆمەڵەی گەلان وەک لایەنێکی سەرکەوتووی جەنگی یەکەمی جیهان پێی بەخشیبوو وەک دەوڵەتی ئینتیدابی ژێر دەستی خۆی لوبنان و سوریا دابەش بکات، بەو هۆیەشەوە نەخشەی سنوورەکەی بەشێوەیەکی ورد نەکێشرا، چونکە ئەو دوو وڵاتە داگیرکراوە لەژێر دەسەڵاتی پاریسدا بوون تا وەرگرتنی سەربەخۆیی کە لوبنان لە ساڵی 1943 و سوریاش لە ساڵی 1946 سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێنا، بۆیە بەگوێرەی نەخشەیەکی فەرەنسا کە لە ساڵی 1932 دا کێشاوێتی، کێڵگەکانی شەبعا دەکەوێنە سنووری لوبنانەوە، بەڵام هەر فەرەنسا خۆی لە ساڵی 1946 دا نەخشەیەکی دیکەی جێگیرکردووە، بەو پێیەش ناوچەکە کەوتۆتە ژێر قەڵەمڕەویی سوریاوە لە 1946-ەوە تا سەروبەندی داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلان لە جەنگەکەی ساڵی 1967 ی نێوان ئیسرائیل و سوریا.
تەنانەت لە نەخشە سەربازییەکانی خودی سوپای لوبنانیشدا سنوورەکە روون نییە، چونکە جارێک کەوتۆتە ناو سنوورەکەوە و جارێکی تر لە دەرەوەی سنوورەکەیەتی کە باشوورەوە، کە دەشێت ئەوەیان پەیوەست بێت بە سەردەمی گروپەکەی ئەنتوان لەحد-ەوە و لەبەر رازیکردنی ئیسرائیل ئەو نەخشەیەیان بەو جۆرە جێگیر کردبێت.
سوریا دیکۆمێنت دەخاتەڕوو
بەگوێرەی سەرژمێرییەکی دانیشتوان کە حکومەتی دیمەشق لە ساڵی 1960 دا کردوێتی، کێڵگەکانی شەبعا کە 12 دانەیە لەگەڵ دانیشتوانەکەی هەمووی گوند و شارۆچکەی سوریان، بەڵام ئێستا دەکەونە خوارەوەی هێڵی شین (الخط الازرق) کە نەتەوە یەکگرتووەکان کێشاوێتی وەک هێڵی ئاگربەستی نێوان دیمەشق و تەلئەبیب. کە هەموو ئەو دانیشتوانە و کێڵگەکانیش سەربە گوندی (غەجەر)ن، جگە لە گوندی مەغەر شەبعا کە وەک گوندێکی سەربەخۆ دەستنیشانکراوە لە سەرژمێرییەکەدا.
ناوی کێڵگەکان
ناوی کێڵەگەکان و ژمارەی دانیشتوانەکەی بەگشتی بەگوێرەی سەرژمێرییەکەی ساڵی 1960 ی سوریا بەم جۆرەیە: (برختا، خلة غزالة، رمتا، ربعا، مراح الملول، فشكول، قفوة، قرن كفر، دورةزبدين ، جورة، العقارب و مغر شبيعة) و کۆی دانیشتوانەکەی بەپیی ئەو سەرژمێرییە بریتی بووە لە 1421 کەسی گوندنشین کە پی دەچێت کۆچەریی بووبن بەو پێیەی هەندێک لە گوندەکان ژمارەی دانیشتوانەکەی ئەوکاتیش بە نادیاری ماوەتەوە.
چارەنووسی شەبعاو دەوروبەری
چارەنووسی ناوچەی شەبعا تێکەڵ بە چارەنووسی جۆلان و جەنگ و ململانێکانی نێوان سوریا و ئیسرائیل بووە و لە جەنگەکانی جۆلان لە ساڵانی 1967 – 1973 و 1974دا جارێک هەندێک ناوچەی داگیرکردووە و دواتر بە گوێرەی رێکەوتنی ئاگربڕی نێوانیان لەو ناوچانە کشاوەتەوە، ئەوەش رەنگە هۆکارێک بێت کە هێشتا زیاتر وەک ناوچەیەکی سەربازیی و ئەمنی لەلایەن هەرسێ لایەنی کێشەکەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و کەمتر سیمای ناوچەیەکی نیشتەجێی ئاسایی پێوەدیارە. چونکە ئیسرائیل بە قۆستنەوەی دۆخی شەڕی ناوخۆی لوبنان لە ساڵی 1978 دا پەلاماری ناوچەکەی دا، چونکە ئەوکات هێزە سەربازییەکانی سەربە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینیش ئەو ناوچەیەیان کردبووە مەکۆی سەرەکیی خۆیان و لەخوار رووباری لیتانی-یەوە جێگیرببوون و لەوێوە هێرشیان دەکردە سەر ئیسرائیل، بەڵام هەمان ساڵ بە پێی بڕیاری ژمارە 425 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیسرائیل ناچارکرا لە ناوچەکە بکشێتەوە و بەڵام دواجار لە ساڵی 1982 دا سوپای ئیسرائیل بەیەکجاریی ناوچەکەی کۆنترۆڵ کرد و تا ساڵی 2000 تێیدا مایەوە. لەو کاتەشەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نەخشەی پاشەکشەدا بە بەشێک لە بەرزاییەکانی جۆلانی داناوە، چارەنووسەکەی بەستۆتەوە بە چارەنووسی جۆلانەوە، هەرچی حزبوڵڵا و حکومەتی لوبنانیشە ئەو بەشەی شەبعای ژێر دەستی ئیسرائیل بە خاکی داگیرکراوی لوبنان دەناسێنن.
بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە
لە مانگی ئابی ساڵی 2006ەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دوای شەڕە چەند رۆژییەکەی حزبوڵڵا و ئیسرائیل بڕیاری ژمارە 1701 ی دەرکردووە کە بەوپێیە دەبێت هەریەکە لە بەیروت و تەلئەبیب رێزی هێڵی شین بگرن و نەیبەزێنن، بەڵام هاوکات بە گوێرەی بڕگەی دەیەمی بڕیارەکە دەبوو لەدوای ئەو شەڕەوە خاوەندارێتی و سنووری شەبعا لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا یەکلایی بکرایەتەوە، بەڵام تائێستا وەک خۆی ماوەتەوە و ناوبەناو پێکدادانی سنوورداریش روودەدات بەتایبەتی لەنێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلدا.
سوریا بێدەنگەی لێکردووە
لە ساڵی 2007 ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەسازێکی دیاریکردووە کە سەردانی ناوچەکە بکات و بەگوێرەی واقیعی سەر زەوی و بەڵگەنامە مێژووییەکان نەخشەیەکی نوێ بکێشێتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، هەریەک لە تەلئەبیب و بەیروت ئاسانکارییان بۆ نەخشەسازە پسپۆڕەکە کردووە و دەسەڵاتدارانی لوبنان بەگوێرەی پێویست بەڵگە و دیکۆمێنتیان خسۆتە بەردەستی، بەڵام دیمەشق بێدەنگەی لەو بابەتە کردووە و تائێستا نەچووە بە پیر داوای ئەو پسپۆڕە نێودەوڵەتییەوە.