ئا: هێدی گه‌ڵاڵی
ساڵانه له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی هاوین، گرفتی كه‌می ئاوی خواردنه‌وه له زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر ده‌ست پێده‌كات و هاووڵاتیانیش به‌تایبه‌تی له گه‌ڕه‌كه هه‌ژارنشین و په‌راوێزخراوه‌كان، ترسیان هه‌یه هاوینی ئه‌مساڵیش ئه‌و گرفته هه‌ر به‌رده‌وام بێت، هه‌رچه‌نده له‌كاتی ئێستا كار له پڕۆژه‌ی راكێشانی ئاوی خێرا ده‌كرێت و له زۆربه‌ی شوێنه‌كان سه‌رقاڵی دانانی بۆڕی ئاون، به‌ڵام گومانیان هه‌یه ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌كاتی دیاركراوی خۆیدا ته‌واوبكرێت.
سه‌دره‌دین مه‌غدید، یه‌كێك له دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی شادی شاری هه‌ولێر به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: ساڵانه گرفتی ئاو له زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان له وه‌رزی هاویندا دووباره ده‌بێته‌وه و هه‌موو ساڵێكیش له‌م وه‌رزه‌دا به‌رپرسانی ئیداری شاره‌كه به‌ڵێن و بڕیاری چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه به خه‌ڵك ده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌ڵێن و قسه‌كانیان نابه‌نه سه‌ر.
وتیشی: گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه و چه‌ندین گه‌ڕه‌كی میللی تری شاره‌كه، ساڵانه كێشه‌ی كه‌م ئاوی رووی تێده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا هه‌موو سیتی و شاره مۆدێرنه‌كان بۆ یه‌ك خوله‌كیش بێ ئاو نابن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌هۆی زیادبوونی گه‌ڕە‌كی نوێ و به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه، بیره‌كانی ئاو گوشارێكی زۆریان له‌سه‌ره، بۆیه له ئێستادا حكومه‌ت خه‌ریكی جێبه‌جێكردنی راكێشانی ئاوی ئیفرازه له رێگه‌ی پڕۆژه‌ی ئاوی خێراوە بۆ سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر.
عه‌لی محه‌مه‌د، یه‌كێكی تره له دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی مامزاوه ده‌ڵێت: گه‌ڕه‌كی مامزاوه به‌گشتی له بێ ئاویدا ده‌ناڵێنن، به‌تایبه‌تیش له وه‌رزی هاویندا ئه‌و كۆڵانه‌ی تێیدام سێ شه‌و جارێك سه‌ڕه‌مان دێت، ئه‌ویش شه‌و له كاتێكی دره‌نگ. وتیشی: چه‌ندین جار قائیمقامیه‌ت و پارێزگاری هه‌ولێرمان له‌و كێشه‌یه ئاگاداركردۆته‌وه، به‌ڵام هه‌ر به‌ڵێن ده‌ده‌ن و به‌ده‌م چاره‌سه‌ردا نایه‌ن.
ئه‌ندازیار ئه‌حمه‌د ره‌زا به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر به وه‌كاله‌ت پێیڕاگه‌یاندین: كێشه‌ی كه‌م ئاوی له هه‌ولێر زیاتر ده‌كه‌وێته سنووری هه‌ر سێ شاره‌وانییه‌كانی چوار و پێنج و شه‌ش، گه‌ڕه‌كه‌كانی شادی و مامزاوه و گه‌ڕه‌كه‌كانی تری نزیك شه‌قامی مه‌خموور و تا شه‌قامی كۆنی موسڵ و باغولمناره و سه‌ركارێز.
وتیشی: جێبه‌جێكردنی راكێشانی تۆڕی ئاو له ئێستادا له‌و گه‌ڕه‌كانه ئه‌نجام ده‌درێت، پێموایه تا كۆتایی مانگی 6 كێشه‌ی ئاوی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ماوه‌ی ساڵێكه ئیش له پڕۆژه‌ی راكێشانی ئاوی خێرا كراوه و به‌پێی گرێبه‌ستی كۆمپانیاكه، پێویسته له 22/2/2026 كۆتایی پێبهێنرێت.
ته‌ئكیدیكرده‌وه: ئێمه ده‌وامی كاركردنمان له‌و پڕۆژه‌یه زیاد كردووه، بڕیاره له كۆتایی ئه‌مساڵدا هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر كه ساڵانه كێشه‌ی كه‌م ئاویان هه‌بووه چاره‌سه‌ریان بكه‌ین پڕۆژه‌كه كۆتایی پێبێت.