پ.د. نەجم ئەڵوەنی
توێژینەوە لەسەر رۆمان، ئەوە دەخوازێت کەسی توێژەر بە قووڵی ئاگای لە تێورەکانی رۆمان و شێواز و زاراوەکانی رەخنەی رۆمان بێت، ئەگینا دەکەوێتە هەڵەی نەخوازراوەوە، لە بزرگەکانی تەونی رۆماندا رێیەک نادۆزێتەوە بۆ ئەوەی کار لە سەر تەکنیکی ئەم ژانرە گرنگە بکات و بە سەرکەوتوویی شیکردنەوە بۆ سیستمی ناوەوەی دەقی رۆمان بکات. تێگەیشتن لە زاراوەکان هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ دۆزینەوەی ئەو سیستمانەی رۆمانی لەسەر دادەمەزرێن. هەر هەڵەیەک لەم بارەیەوە بکرێت دەبێتە هۆکاری سەرلێشێوانی رەخنەگر و خوێنەرەکانی لە هەمان کاتدا.
لە کتێبی (چیای شیوەنەکان: نەسەقە شاراوەکان لە رۆمانی کوردیدا)، رەخنەگر (سەباح هورمز)، چەند رۆمانێکی کوردی کردووەتە کەرەستەی نووسینەکەی، کە بریتین لە چوار رۆمانی (بەختیار عەلی)، یەک رۆمانی (سەردار عەبدوڵڵا)، یەک رۆمانی (محەمەد موکری). نووسەر هەوڵێکی ماندوو نەناسانەی داوە، بۆئەوەی باسی سستم و تەکنیکەکانی نووسینی ئەو رۆمانانە شیبکاتەوە و بیخاتە بەر دیدەی خوێنەرەکانی، بەڵام پەی نەبردنی بە چەمک و زاراوەکانی رەخنەی رۆمان و پەیڕەو نەکردنی رێبازی توێژینەوەی زانستی و هەبوونی کۆمەڵێ هەڵەی رێنووس و زمانی، کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی لە شیکردنەوە و لێکدانەوەکاندا ساتمەی گەورە بکات، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت. یەکێک لەو ساتمانە پەیوەندیی بە چەمکی گێڕەرەوە-وە هەیە، کە زۆرجار هەندێ رەخنەگر تێی دەکەون و رێڕەوی رەخنەکەیان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبن. باسی گێڕەرەوە پەیوەندیی بە گرنگترین بنەماکانی گێڕانەوەی رۆمانەوە هەیە. جۆری گێڕەرەوە دەبێتە هۆی دیاریکردنی جۆری گۆشەنیگا و زەمەنی گێڕانەوە، هەروەها ئاستی پەیوەندیی نێوان رۆماننووس و خودی گێڕەرەوە و کارەکتەر و رووداوەکان دەسنیشان دەکات. هەر هەڵەیەک لە ناسینەوەی گێڕەرەوە و رۆڵی له گێڕانەوەدا بەرەو کۆمەڵێ هەڵەمان دەبات، کە دواتر زیانی گەورە بە پرۆسەی رەخنەکە دەگەیەنێت.
نووسەری ئەم کتێبە، کە شارەزییەکی وردی لە بواری رەخنەی رۆماندا نییە، لە تەواوی لێکدانەوەکانی بۆ رۆڵی گێڕەرەوە کەوتووتە هەڵەوە و سەرەتای هەڵەکانی بەوە دەستی پێکردووە کە نەیزانیوە جیاوازی لە نێوان گێڕەرەوە و کارەکتەردا بکات، بەمەش لە تەواوی باسی گێڕەرەوە لە کۆی رۆمانەکانی سنووری توێژینەوەکەیدا تێکەڵییەکی زەقی لە نێوان ئەو توخمەی گێڕانەوە و کارەکتەرە سەرەکی و لاوەکییەکاندا کردووە. لە کاتێکدا گەورە تیۆرناسەکانی زانستی گێڕانەوە وەک: (رۆڵان بارت، تزڤیتان تۆدۆرۆف، ژیرار ژنێت، چاپ لینفێڵت و وەڵفگانگ ئایزەر) لە توێژینەوەکانی خۆیاندا، جیاوازی نێوان ئەو دوو توخمەی گێڕانەوەیان دیاریکردوە، ئەوەیشیان سەلماندووە چۆن رۆمان بێ کارەکتەر نییه، بەهەمان شێوە رۆمانیش نییە کە گێڕەرەوەی تێدا نەبێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەم دوانە وەک یەک سەیر بکرێن، چونکە رۆڵیان لە یەکتر جیاوازە. کەچی سەباح هورمز، لە باسی گێڕەرەوە لە رۆمانی (ئێوارەی پەروانە)ی (بەختیار عەلی) لە لاپەڕە (17)دا ئاماژە بە، بە دیلگرتنی گێڕەرەوە دەکات لە کاتێکدا مەبەستی لە بەدیلگرتنی (سوبحدەم)ـە کە هاوڕێیەکی نیزیکی یەعقووبی سنۆبەرە. گێڕەرەوەی ئەم رۆمانە هەمووشتزانە و خودی کاک سەباح ناوی لێناوە گێڕەرەوەی بابەتی، واتە گێڕەرەوەیەکە کارەکتەرەکان بە جێناوی (ئەو)ی نادیار پێشکەش دەکات، بێ ئەوەی خۆی لە رووداوەکاندا بەشداربێت، بەڵگەش بۆ ئەم بۆچوونە لە خودی کاک سەباح-ەوە وەردەگرین کە دەڵێت: «پیاوان وەک گێڕەرەوە لە باسی لاولاوی سپی و شادەریای سپیدا ئاماژەیان پێداوە، لەبەر کەم جوانیی ئەو دوو کیژە لێیان دوور نەدەکەوتنەوە، بەڵکو بە هۆی نیگایانەوە کە ترسی دەخستە دڵی پیاوانەوە.»
(بڕوانە: ل26)
هەر لە (ئێوارەی پەروانە)ی بەختیار عەلی-دا خەندانی چکۆلەی وەک گێڕاوەیەک تەماشاکردووە و بەهەڵە هاوتای کردووە لە بەرهەمهێنانی ئایدیۆلۆژیایەکی دژبەر بەوەی پێشتر بڕوای پێ بووە، لەگەڵ گێڕەرەوەی رۆمانی (پاشایانی لم) لە نووسینی(عەلی بەدر) بەراوردی کردووە، کە گوایە چۆن گێڕەرەوەی رۆمانەکەی (عەلی بەدر) پێشتر دژی گوتاری ئایدیولۆژی دەوارنشینان بووە، دواتر لە ژێر کاریگەریی رووداوەکاندا بووەتە بەرهەمهێنی وتارێک کە لە بەرژەوەندیی ئەواندا بووە، لە کاتێکدا بە گوێرەی ئەو کۆپلەیە بێت سەباح هورمز لە (ئێوارەی پەروانە)وە لەبارەی دوا هەڵوێستی خەندانەوە وەریگرتووە، ئاماژە بەوە دەکات، خەندان لە باڵکۆنی ماڵەکەیانەوە بەختەوەرانە دەڕوانێتە خوارەوە، دەبینێت کوشتارگەی ئاژەڵانەکە نەماوە و شوێنەکەی پڕ بووە لە عاربانەی تەڕە فرۆشەکان و لەو کاتەدا هەست بەوە دەکات گۆڕانێک لە ناخیدا روودەدات. بە واتایەکی دی لێرەدا خەندان کارەکتەرێکی سەرەکیی رۆمانی (ئێوارەی پەروانە)یە و تەنانەت پاش کوشتنی پەروانەی خوشکیشی، ئامادە نەبووە ملکەچ بێت بۆ ئایدیۆلۆژیای پووری و ئەو کۆنەخوازانەی دەیانویست ناچاری بکەن، مل بۆ بیر و هزری ئەوان کەچ بکات.
لە باسی گێڕەرەوە لە رۆمانی (تاجە گوڵێنە... تاجە دڕکێنە)ی (سەردار عەبدوڵڵا)یشدا، هەمان ساتمەی لە باسی گێڕەرەوەدا کردووە و کارەکتەری سەرەکیی رۆمانەکەی بە گێڕەرەوە داناوە، وای زانیوە ئەو کارەکتەرەی بە جێناوی (من) باسی ژیانی خۆی دەکات، گێڕەرەوەی رۆمانەکەیە و لە لاپەڕە (153)دا ئاماژەی بەوە کردووە کە گێڕەرەوە ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، پاشان لە بەشی دووەمی رۆمانەکەدا ئەو گێڕەرەوەیە دەگۆڕێ و دەبێت بە گەنجێک، ناوی یوسفە و لەسەر عاربانە ئیش دەکات. هەر رۆمانێک بە جێناوی (من) گێڕانەوە بکات، پێی دەگوترێت (رۆمانی درامی) و بە گێڕانەوەکەشی دەگوترێت (گێڕانەوەی خودی) و گێڕەرەوەکەشی دەبێتە خاوەنی گۆشەنیگای هەمانشتزان. بە مانایەکی دی لەمجۆرە رۆمانەدا کارەکتەر جێی گێڕەرەوە ناگرێتەوە، گێڕەرەوە ئەرکی رێکخستنی ناوەوەی رۆمانەکە لە ئەستۆ دەگرێت، وەک نۆرە پێدان بە دەرکەوتنی کارەکتەرەکان، کورتکردنەوەی رووداو، لابردنی رووداو، پاش و پێشخستنی زەمەنی رووداو و بەکارهێنانی هەندێ لە هێماکانی دەستپێکردنی دیالۆگ، مۆنۆلۆگ، خۆدواندن. واتە گێڕەرەوە کاری رێکخستن لە ئەستۆ دەگرێ و رێدەدات کارەکتەرەکان خۆیان بدوێن و ئاخاوتن لەنێو خۆیاندا بکەن، بێ ئەوەی دەستێوەردان لە ژیانی ئەواندا بکات، هەروەها زانیارییەکانی یەکسان دەبێت بە زانیاریی کارەکتەرەکان و زۆر جار کارەکتەری سەرەکیی دەکاتە سەنتەری گۆشەنیگای گێڕانەوە.
لەبەر رۆشنایی ئەم بۆچوونانەدا بۆمان دەردەکەوێت سەباح هورمز، بە هەڵە لە ئەرک و رۆڵی گێڕەرەوە و کارەکتەری ئەم رۆمانە تێگەیشتووە. هەمان ئەم هەڵەیەش لە لاپەڕە (155)ی کتێبەکەیدا دووبارە بووەتەوە، کاتێ باسی قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنی مرۆڤ لە هەمان رۆماندا دەکات و دوا قۆناغی تەمەنی بە گرنگترین قۆناغ داناوە و دەڵێت: «رۆمانەکە لە نێو هەر بەشێک لە هەشت بەشەکەیدا بۆ گێڕانەوەی رووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ گێڕەرەوە پیرەکە، بە گوێرەی ئەمەش دوا قۆناغ لە ژیانی مرۆڤ بە گرنگترین قۆناغی تەمەن دادەنرێت.»
لە باسی گێڕەرەوە لە رۆمانی (ئەژدیها)ی محەمەد موکری-دا، هەڵەکە زۆر زەقتر دەبێتەوە، چونکە خودی سەباح هورمز لە لاپەڕە(172)دا، ئاماژەی بەوە داوە گێڕەرەوەی رۆمانەکە، گێڕەرەوەیەکی بابەتییە، واتە رووداوەکان بە جێناوی (ئەو)ی نادیار دەگێڕدرێنەوە، کەچی لە ناکاو باسی (گێڕەرەوەی ناوەکیی بەشدار) دەکات و دەڵێت: هەندێجار بە مۆنۆلۆگ و هەندێجار بە جێناوی (تۆ)، بەشداری لە گێڕانەوەی رووداوەکاندا دەکات، ئەمجۆرەش لە کەسایەتی کەریم-دا خۆی دەنوێنێ، هەروەها چەند گێڕەرەوەیەکی لاوەکی و چاوەڕوان نەکراوی وەک: قادر ئەفەندی، پورە ئەسمەر، فاتە، حەمە کەریم، فەهیمە و جەلال، کە بەشداریی لە گێڕانەوەدا دەکەن. بەمجۆرەش نووسەر پشت بە بنیاتی فرە دەنگی (پۆلیفۆنی)، لە بنیاتی تەلاری رۆمانەکەیدا دەبەستێت. لە کۆی ئەم قسانەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، (سەباح) درکی بە جیاوازی نێوان گێڕانەوەی بابەتی و خودیی نەکردووە و ئەوەشی بۆ یەکلانەکراوەتەوە کە لە رۆماندا گێڕەرەوە بۆی نییە مۆنۆلۆگ بکات و ئەوەی بەم پرۆسەیە هەڵدەستێت تەنیا کارەکتەرەکانن، بە تایبەتی کارەکتەری سەرەکیی کە سەنتەری گۆشەنیگای گێڕانەوەیە لە گێڕانەوەی خودیدا، چونکە لە گێڕانەوەی بابەتییدا گۆشەنیگای گێڕەرەوە دەچێتە خانەی سفرەوە و تەنیا پشت بەیەک سەنتەر نابەستێت. ئەم نووسەرە پەی بەوە نەبردووە کە (قادر ئەفەندی و پورە ئەسمەر و فاتە و فەهیمە و جەلال) ئەمانە هەموویان کارەکتەری لاوەکین نەک گێڕەرەوەی لاوەکی و چاوەڕێ نەکراو، وەک ئەو لێکیداوەتەوە.
دەقئاوێزان چەمکێکی گرنگی رەخنەی دوای بنیاتگەرییە و سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ زاراوەی دیاڵۆگی نێو دەقەکان، کە (میخائیل باختین) بەکاریهێناوە، پاش ئەویش لە شەستەکانی سەدەی بیستەمدا (جۆلیا کریستیڤا) لە کتێبی (دەقناسی)دا پەرەی پێداوە، لە باتی دەستەواژەکەی (باختین) زاراوەی دەقئاوێزانی بەکارهێناوە و دواتر دەیان توێژینەوە لەم بارەیەوە نووسراون و وتراون، هەموو دەقێک بریتییە لە کۆمەڵێ دەقی پێش خۆی و دەق نییە دەقئاوێزانی لەگەڵ دەقەکانی پێش خۆیدا نەکردبێت.
نووسەری کتێبی (چیای شیوەنەکان: نەسەقە شاراوەکان لە رۆمانی کوردیدا)، هەوڵیداوە باسی پرۆسەی دەقئاوێزان لە نێوان رۆمانە کوردییەکانی سنووری پەرتووکەکەی لەگەڵ چەند دەقێکی ئاینی و چەند رۆمانێکدا بکات، بەڵام لەم هەوڵەشدا بە پێچەوانەی چاوەڕوانکراو و بە پێچەوانەی چەمکی دەقئاوێزانی نێوان دەقی پێش و دەقی پاش، کاری کردووە، بەمەش خۆی تووشی چەند ساتمەیەکی گەورە کردووە، ئەگەر خوێنەرێک ئاشنای چەمکی دەقئاوێزان نەبێت بە ئاسانی درک بەو هەڵانە ناکات، بۆ نموونە: لە باسی دەقئاوێزان، لە نێوان (دواهەمین هەناری دونیا)ی بەختیار عەلی و (بەتەنیا درەختی رۆمان)ی (سینان ئینتوان)دا، ئەم بابەتەی تەواو بە پێچەوانەی چەمکی زاراوەکەوە باسکردووە. (دوا هەمین هەناری دونیا) ساڵی (2002) بڵاوکراوەتەوە، کەچی رۆمانی (بەتەنیا درەختی رۆمان) ساڵی(2013)دا بڵاوکراوەتەوە. بۆئەوەی باسی دەقئاوێزان لە رۆمانە ناوبراوەکەی (بەختیار عەلی) لەگەڵ رۆمانە ناوبراوەکەی (سینان ئینتوان)دا بکرێ، دەبێت رۆمانەکەی سینان، پێش رۆمانەکەی بەختیار، چاپ و بڵاوکرابێتەوە بۆئەوەی لەڕێی شیکردنەوەیەوە بۆمان دەربکەوێت کە بەختیار تا چ رادەیەک سوودی لە رۆمانەکەی سینان وەرگرتووە و بە چ جۆرێک لە جۆرەکان لە (دواهەمین هەناری دونیا)دا دەقئاوێزانی لەگەڵ رۆمانەکەی ئەودا کردووە، چونکە لەم پەرتووکە رەخنەییەی (سەباح هورمز)دا توێژینەوە لەسەر رۆمانەکەی بەختیار عەلی کراوە، نەک ئەوەی (سینان ئینتوان) کە (11) ساڵ پاش رۆمانەکەی بەختیار بڵاوکراوەتەوە!
هەرکاتێک نووسەر ویستی باسی رۆمانەکەی سینان بکات، ئەوسا بۆی هەیە لە بابەتی دەقئاوێزاندا ئاماژە بەوە بکات کە سینان رۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا)ی بەختیاری خوێندووەتەوە و کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو رۆمانەوە، تەنانەت چەند کۆپلەیەکی ئەو رۆمانەی بە پرۆسەی دەقئاوێزان هێناوەتە نێو رۆمانەکەی خۆیەوە. بەواتایەکی دیکە مەرجی سەرەکیی دەقئاوێزان ئەوەیە، دەقی یەکەم پێش دەقی دووەم نووسرابێت و پاش ئەو، دەقی دووەم بڵاوکرابێتەوە و نووسەری دەقی دووەم دەقی یەکەمی خوێندبێتەوە، ئەگینا هەرگیز دەقئاوێزان لەنێوان ئەو دوو دەقەدا روونادات. بۆ ئەم مەبەستە بڕوانە لاپەڕە(37-34)، لە کتێبەکەی سەباح هورمزدا.
نووسەر لە لاپەڕە (99) و لاپەڕە (103)دا بابەتی ململانێی نێوان باوک و کوڕ و رکلێبوونەوەی کوڕ لە باوک و بە پێچەوانەوە، کردوویەتییە بەڵگەی دەقئاوێزانی نێوان رۆمانی (داگیرکردنی تاریکی)ی بەختیار عەلی و(نانی رووت)ی (محەمەد شوکری) و (مەرگی باوک) ی (ئەحمەد خەڵەف) و رۆمانی (کوێرە)ی (خۆزیە ساراماگۆ)ی پورتاگالی، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی دەقیی، نێوان ئەو رۆمانانەی وەک نموونە وەرگرتبێت، تا بیسەلمێنێت بەڕاستی دەقئاوێزان لە نێوان ئەو دەق و رۆمانانە لەگەڵ رۆمانی (داگیرکردنی تاریکی)دا دروست بووە. تەنیا مەسەلەی رکلێبوونەوە نابێتە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەم پرۆسەیە، چونکە دەکرێ لەم بارەیەوە دەیان نموونە لە حیکایەتی کوردی و جیهانی و رۆمانی دیکەی وەک: (برایانی کارامازۆڤ) ببینین، بێ ئەوەی بڵێین بابەتەکە دەچێتە خانەی دەقئاوێزانەوە. لەبەرئەوە ململانێ و رکلێبوونەوەی ئارینی کوڕی تاریق ئەکانسۆ لە باوکی، هەروەها رکلێبوونەوەی ئەکانسۆ لە ئەرسینی کوڕی، نابنە بنەما بۆئەوەی بڵێین ئەم رۆمانە دەقئاوێزانی لەگەڵ ئەو رۆمانانەدا کردووە، کە ناومان هێناون.
لە باسی دەقئاوێزان لە رۆمانەکانی: (ئەژدیها)ی (محەمەد موکری) لەگەڵ (پاشایانی لم)ی (عەلی بەدر) و (عەزازیل)ی (یوسف زەیدان)دا هەمان هەڵەی دووبارە کردووەتەوە، کە لە باسی دەقئاوێزان لە نێوان (دوا هەمین هەناری دونیا)ی بەختیار عەلی و (بەتەنیا درەختی رۆمان)ی رۆمانی (سینان ئینتوان)دا کردوویەتی. رۆمانی (ئەژدیها)، ساڵی(1988) بە زمانی کوردی چاپکراوە و ساڵی(2005) بە زمانی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە، کەچی رۆمانی (پاشایانی لم)، ساڵی(2009) چاپی یەکەمی بڵاوبووەتەوە، رۆمانی (عەزازیل)ی یوسف زەیدان ساڵی(2008) لەلایەن (دار الشروق) لە وڵاتی میسر بڵاوکراوەتەوە.
سەباح، لە لاپەڕە (169) و (183) و (184)دا، ئاماژەی بە دەقئاوێزانی نێوان ئەو سێ رۆمانە کردووە، بێ ئەوەی ئەوە روونبکاتەوە کە ئایا مەبەستی ئەوەیە (عەلی بەدر) و (یوسف زەیدان) لەو رۆمانانەدا دەقئاوێزانیان لەگەڵ رۆمانەکەی (محەمەد موکری)دا کردووە، یاخود (محەمەد موکری) لە (ئەژدیها)دا دەقئاوێزانی لەگەڵ ئەو دوو رۆمانەدا کردووە.
ئەگەر بۆچوونی یەکەم لەبەرچاو بگرین بە حوکمی ئەوەی (ئەژدیها) دەقی یەکەمە و لە رووی چاپ و بڵاوکردنەوەوە پێش ئەو دوو رۆمانە کەوتووە، ئەوا دەبێت سەباح هورمز ئەوەی بسەلماندایە، کەی و بە چ زمانێک ئەو دوو رۆماننووسە عەرەبە، دەقی رۆمانی (ئەژدیها)یان خوێندووەتەوە. ئەگەر بۆچوونی دووەمیش بکەینە گریمانە، ئەوا هەڵەیەکی زەق دەکەین، چونکە ناکرێ رۆمانێک چاپ و بڵاونەکرابێتەوە لەگەڵ دەقێکی چاپکراو و بڵاوکراوەدا دەقئاوێزانی کردبێت.
دوا وتەم ئەوەیە: ئەم کتێبەی سەباح هورمز، سەرەرای ئەو هەڵانە و هەندێ وردە هەڵەی چاپ و رێنووس و زمان، جێگەی دەستخۆشییە، چونکە دەقی سەر بەکێشە دەبێتە مایەی لەدایکبوونی دەقی دیکە، ئەگەر نا ئەوا پرۆسەی رەخنە و داهێنان دەوەستن و کۆتایی بە دیاڵۆگی نێوان دەقەکان دێت.