ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، وەڵامی داواکەی موقتەدا سەدری لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دایەوە و رایگەیاند، دەسەڵاتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان نییە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کۆکن لەگەڵ موقتەدا سەدردا کە خراپی رەوشی سیاسی ئەنجامی پێشێلکارییە دەستوورییەکانە بۆ تەواوکردنی پێکھێنانی دەسەڵاتە دەستوورییەکان، بەھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پێکھێنانی حکومەت بەپێی دەستوور، کە ئەوەش پەسەند نییە و پێویستە چارەسەر بکرێت و رێگە بەدووبارەبوونەوەی نەدرێت، بۆئەوەش پێشنیازی ھەموارکردنەوەی ھەندێک ماددەی دەستووریان کردووە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەبارەی داواکارییەکەی موقتەدا سەدرەوە رایگەیاندووە، دەسەڵاتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان نییە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەیەک چاو لە ھەموان دەڕوانێت، بۆیە داوا لە ھەموو ھێزە سیاسییەکان و راگەیاندنەکان دەکەن، دادگا تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکەن.