دووەم گەرمترین مانگی ئایار لە مێژوودا تۆمارکرا، لە هەرێمی کوردستان فێنکترین بووە

11:37 - 2025-06-12
کوردستان
49 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی داتا تۆمارکراوەکان، مانگی ئایاری 2025 دووەم گەرمترین مانگی ئایار بووە لەوەتەی پلەکانی گەرما لە جیهاندا تۆمار دەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان فێنك بووە و 30 ساڵە فێنکی لەو شێوەیەی لەو مانگەدا بەخۆوەنەبینیوە.
خزمەتگوزاریی کۆپەرنیکۆس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا سەر بە یەکێتیی ئەوروپا لە بڵاوکراوەی مانگانەیدا ئاشکرایکردووە، مانگی ئایاری ئەمساڵ دووەم گەرمترین مانگی ئایار بووە لە سەر گۆی زەوی، کە هەمان مانگی ساڵی پێشوو لە پلەی یەکەمدایە و زیاتر گەرم بوو. هەروەها ئەو مانگە لەچوارچێوەی دووەم گەرمترین وەرزی بەهاردا بووە لە نیوەگۆی باکووری زەوی.
ئەو مانگە زۆر گەرمە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نزیکەی سێ پلەی گەرمی سیلیزی لە ئاستی ئاسایی خۆی لە ئایسلەندا و گرینلاند، لە ئەنجامیشدا بڕێکی زۆری سەهۆڵ لە گرینلاند تواوەتەوە.
پێچەوانەی زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، بەگوێرەی داتا تۆماركراوەكانی وێستگەکانی کەشناسی لە هەرێمی کوردستان، مانگی ئایاری رابردوو لە شارەکانی هەرێم نزمترین پلەی گەرمی لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو لەو مانگەدا تۆمارکراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو بە درێژایی 30 ساڵی رابردوو 42 پلەی سیلیزی بووە، بەڵام ئەمساڵ بەرزترین پلەی گەرمی تۆماركراو لە هەولێر 40 پلە، سلێمانی 39 پلە و دهۆك 40 پلەی سیلیزی بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان