ئەگەری سەركەوتنی عیراق بۆ مۆندیال لاوازە

08:53 - 2022-03-28
وەرزش
304 جار خوێندراوەتەوە

ئەم مانگە کۆتا هەنگاوەكانی دوا قۆناغی یارییەكانی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی قەتەر – 2022 دەستیپێكردووە و بە یارییەكانی دوا جەولەی قۆناغی كۆتایی، یارییەكان كۆتاییاندێت.
لە دوا قۆناغی یارییەكانی پاڵاوتندا 10 هەڵبژاردە بەشدارن، بەسەر دوو گروپدا دابەشكراون، لە گروپی یەكەمی هەڵبژاردە بەشدارەكانی ئاسیادا هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و كۆریای باشوور بەیەكەم و دووەمی گروپەكە بۆ مۆندیال سەركەوتوون، ئەوەی ماوەتەوە بۆ عیراق هیوایەكی لاوازە بەوەی ببێتە سێیەمی گروپەكەی تا لەگەڵ سێیەمی گروپی دووەم (ئوستورالیا) دوو یاری چوون و گەڕانەوەی تر بكات و براوەكەیان جارێكی تر بچێتە پاشكۆی پاڵاوتنەكانی مۆندیالەوە و ئەم ئەگەرانەش بۆ عیراق زۆر ئاڵۆز و سەخت دەبن.
لە هەردوو گروپی هەڵبژاردە بەشدارەكاندا دوا جەولەی یارییەكان ماون بكرێن، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو جەولەی پێشکۆتایی یارییەكان كران، لە ئەنجامێكی زۆر باشدا عیراق توانی 1-0 لە ئیماراتی ركابەری بباتەوە كە ئیمارات ركابەری سەرسەختی عیراقە بۆ گرتنی پلەی سێیەمی گروپەكە.
سبەی سێشەممە بە تەواوی ئەوە روون دەبێتەوە كە ئایا ئیمارات دەبێتە سێیەمی گروپەكە یان عیراق، هەردوو هەڵبژاردەكەش دوا یاریی چارەنووسسازی خۆیان بەمشێوەیە دەكەن:
*29/3/2022 – سوریا × عیراق.
*29/3/2022 – ئیمارات × كۆریای باشوور.
بۆ سەرکەوتنی عیراق بۆ پلەی سێیەمی، دەبێت ئیمارات بەرامبەر كۆریای باشوور بدۆڕێت یان یەكسان بێت و عیراق خۆئشی لە سوریا بباتەوە، ئەوكات عیراق 11 خاڵی دەبێت و ئیمارات 9 یان 10 خاڵی دەبێت، چونكە ئێستا ریزبەندیی گروپەكە بەمجۆرەیە:
١- كۆریای باشوور (9 یاریی) (23 خاڵ).
٢- ئێران(9 یاریی) (22 خاڵ).
٣–3 ئیمارات (9 یاریی) (9 خاڵ).
٤- عیراق(9 یاریی) (8 خاڵ).
٥- لوبنان(9 یاریی) (6 خاڵ).
٦- سوریا (9 یاریی) (5 خاڵ).
گروپی دووەم
سەبارەت بەگروپی دووەمیش بەر لە یارییەكانی دوا جەولە، هەموو ئەگەرەکان یەكلا بوونەتەوە و سعودیە و ژاپۆن راستەوخۆ گەیشتوونەتە مۆندیال، ئوستورالیاش بووە بە سێیەمی گروپەكە و چاوەڕوانی سێیەمی گروپی یەكەم دەكات كە لە نێوان ئیمارات و عیراقدایە تا ئەم دوو هەڵبژاردەیەش دوو یاریی یەكلا كەرەوەی تر بكەن، ئێستا بەر لە یارییەكانی سبەی سێشەممەی ئەم گروپە، ریزبەندییەكە بەمشێوەیەیە:
١-سعودیە(21 خاڵ).
٢- ژاپۆن (20 خاڵ).
٣- ئوسترالیا (15 خاڵ).
٤- عومان (11 خاڵ).
٥- چین (6 خاڵ).
٦- ڤێتنام (3 خاڵ).
گرنگترین دوو یاریی دوا دوو جەولەش لەم گروپەدا ئەم دوو یارییە دەبن كە سبەی سێشەممە دەكرێن:
*29/3/2022 – سعودیە × ئوستورالیا.
*29/3/2022 – ژاپۆن × ڤێتنام.

بابەتە پەیوەندیدارەکان