راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
لە یەکێک لە مارکێتەکانم لە شاری سلێمانی، تاڕادەیەک چۆڵ بوو، بەڵام بەختیار سەلام و هاوسەرەکەی سەبەتەیەکیان پڕ کردبوو لە کەلوپەلی خۆراکیی و بەرەو لای کاشێرەکە دەڕۆیشتن، لێم پرسی لە ماڵەوە بەشی پێویست خۆراکتان نەماوە یاخود چاودێری دۆخەکەتان کردووە و دەتانەوێت بەشێک خۆراک هەڵبگرن؟ بەختیار وتی: لە ماڵەوە بەشی پێویست خۆراکمان هەیە، بەڵام چەند رۆژێکە خاتوونی هاوسەرم جەخت دەکاتەوە خۆراکی دیکە بکڕین منیش بە قسەم کرد و هاتین کڕیمان.
وتیشی: ئەو خۆراک و کەلوپەلانەی کڕیومن، نرخیان وەک مانگێک لەمەوپێشە و هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل، دوودڵی لای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەشێکیان دەیانەوێت بەشێک لە خۆراک لەماڵەوە هەڵبگرن، بەشێکی دیکەشیان ئەگەر بشیانەوێت بەهۆی نەدانی مووچە و دواکەوتنییەوە توانای کڕینی بڕێکی زۆر لە خۆراکیان نییە.
بێ بازاڕیی
لە هەمان مارکێت دانا سالار کارمەندی دانانی کەلوپەلم لەسەر رەفەکان دواند و وتی: دابەشنەکردنی مووچە و دواکەوتنی زۆر کاریگەریی لەسەر بازاڕ و بڕی فرۆشتن دروست کردووە و هاووڵاتییەکی کەم دێن بۆ کڕینی کەلوپەل.
وتیشی: پێشتر لەم مارکێتەی ئێمە کاتێک داشکاندنمان بۆ کەلوپەلە خۆراکییەکان دەکرد، جمەی دەهات لە کڕیار و بە ماوەیەکی کەم رەفەکان چۆڵ دەبوون، بەڵام ئێستا سەیرکە هێشتا ئەو کەلوپەلانەی پێش جەژن داشکاندنمان بۆ کردوون بە هەمان نرخی داشکێنراو وەک خۆیان ماونەتەوە و بە شێکی کەمیان لێ فرۆشراوە و کڕیار زۆر کەمە.
دانا دەڵێت: ئەو کەسانەی رۆژانە دێن بڕێکی زۆر خۆراک بکڕن زۆر کەمن، ئەو هاووڵاتییانەی دێنە مارکێتەکە زیاتر ئەوانەن بەشی پێداویستیی چەند رۆژێک کەلوپەل دەکڕن.
دۆخی بێ بازاڕیی تەنها مارکێتێکی نەگرتووەتەوە، بەڵکو رووی لە تەواوی مارکێتەکان و بازاڕیش کردووە، سەعید عەبدوڵڵا لەناو بازاڕ دوکانی فرۆشتنی کەلوپەلی خۆراکیی هەیە و وتی: ئێستا دوای نیوەڕۆیە ئەمڕۆ یەک کیلۆ شتم نەفرۆشتووە، کەس پارەی پێ نییە شت بکڕێت ئەگەر خواستی کڕینیشی هەبێت، نەدانی مووچە کاری لە هەموو بازاڕ کردووە و تەواو بێ بازاڕییە.
بەردەوامیی جموجۆڵی بازرگانی
سەرەڕای خراپیی بژێوی هاووڵاتییان، بەرپرسانی بازرگانی لە هەرێم دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەیان لەبەرچاو گرتووە و بەردەوام لێدوان دەدەن لەسەر بوونی بڕی پێویستی خۆراک لە بازاڕدا و کەم نەبوونەوەی.
بە وتەی بەرپرسانی بازرگانی لە هەرێم، بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە هیچ گرفتێک بۆ هاوردەکردنی خۆراک بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەبووە و جموجوڵی بازرگانی بەردەوامە.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە کوردستانی نوێی راگەیاند: تائێستا جوڵەی بازرگانیی ئاساییە و بەهۆی گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیلەوە، هێنانی خۆراک بۆ هەرێم لە وڵاتانی دراوسێوە نەوەستاوە، بە تایبەت لەگەڵ تورکیا کە بەشێکی زۆری خۆراک لەوێوە بۆ هەرێم دەهێنرێت.
وتیشی: کۆگاکانی هەرێمی کوردستان بە ستانداردی نێودەوڵەتی دروستکراون، دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ خۆراک لەو کۆگایانەدا هەڵبگیرێت و تێک نەچێت، پڕ کراون لە کەلوپەلی هەمەجۆری خۆراک و مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا نییە، لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراویشدا کۆگاکان بەشی یەک ساڵ خۆراکیان تێدایە، بۆیە پێویست بەهیچ نیگەرانییەک ناکات لەبارەی کەمبوونەوەی خۆراکەوە.
چاودێریکردنی بازاڕ
بەرپرسان هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە بە مەبەستی رێگەگرتن لە بەرزکردنەوەی نرخ لیژنە تایبەتمەندەکان لە شار و شارۆچکەکاندا بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: داوا لە هاووڵاتییان دەکەم بە گوێرەی پێویستیی خۆیان خۆراک و پێداویستییەکان بکڕن بۆئەوەی هەڵاوسان دروست نەبێت و هەر دوکاندار یاخود بازرگانێکیش خۆراک بشارێتەوە سزا دەدرێت.
وتیشی: بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە لەگەڵ کەرتی تایبەت، رۆژانە بڕێکی زۆر خۆراک دەخەینە بازاڕ و مۆڵ و مارکێتەکانەوە و ناهێڵین خۆراک لە بازاڕدا کەمبێتەوە، بۆئەوەی لە حاڵەتێکدا ئەگەر خواستیش زیادی کرد نەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ.
لە کاتی گەڕان بەناو بازاڕ و دواندنی دوکانداران، سامان نوری خاوەنی کۆگایەکی فرۆشتنی کەلوپەل بە کۆ، بۆ کوردستانی نوێ وتی: دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە و شەڕ هەیە، بەڵام کۆگاکانی من و هەموو ئەوانەی دەیانناسم پڕن لە خۆراک و کەلوپەل و مەترسی کەمبوونەوەی نییە.
وتیشی: ئەوەندەی ئاگادارم و پەیوەندیم لەگەڵ بازرگانەکان هەیە، هاوردەکردنی کەلوپەل و خۆراک بەردەوامە و بازرگانان گرفتیان بۆ دروست نەبووە.
کۆگاکانی هەرێم بەشی یەک ساڵ خۆراکیان تێدایە و هەر دوکاندار یاخود بازرگانێکیش خۆراک بشارێتەوە سزادەدرێت
قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەرێم و ئێران
لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا، سێ دەروازەی رەسمی و نێودەوڵەتی هەن، پەروێزخان و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر.
مستهفا عهبدولڕهحمان سهرۆكی یهكێتیی هاورده و ههناردهكارانی ههرێمی كوردستان بە کوردستانی نوێی راگهیاند، ئێران و عیراق پهیوهندی مێژوویی دوور و درێژی ئابووری له نێوانیاندا ههیه و قهبارهی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ههردوولا ساڵانه گهیشتووهته 20 ملیار دۆلار.
وتیشی: له كۆی گشتیی قهبارهی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ههردوو وڵات، 14 ملیار دۆلار لهلایهن حكومهتی ناوهندەوەیە و شهش ملیار دۆلاریشی لهلایهن ههرێمی كوردستانهوهیه.
عیراق بە پلەی یەکەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە دوای ئەو چین و دواتر تورکیا و پاشان وڵاتانی دیکە، بەڵام هەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا هەیە و ئێران بە پلەی دووەم دێت.
سهرۆكی یهكێتی هاورده و ههناردهكارانی ههرێم وتی: تائێستا هاتوچۆی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران ئاساییە و هیچ ئاستەنگێکی بۆ دروست نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بابەتانەی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنرێن بە پلەی یەکەم خواردەمەنییە، بەڵام زیاتر بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەک: ماست، کەرە، پەنیر، شیر و دواتر بەرهەمە خۆراکییەکانی دیکەیە، هەروەها بە پلەی دووەم کەرەستەی بیناسازی و کەلوپەلی ناوماڵ لە ئێرانەوە دەهێنرێتە هەرێم.