چەند پێشنیازێك بۆ خزمەتكردنی زیاتری كفری خرایەڕوو

01:22 - 2025-06-22
کوردستان
27 جار خوێندراوەتەوە

بۆردی ئەندازیارانی خۆبەخشی كفری، چەند پێشنیازێك تایبەت بە پرۆژە پێویستەكان دەخەنەڕوو، قائیمقامی قەزاكەش رایدەگەیەنێت: ئەندازیارانی خۆبەخش رۆڵی باشیان هەیە لە ئاوەدانكردنەوە و خزمەتكردنی سنوورەكەدا.
دوێنێ، ساهر عەلی قائیمقامی كفری، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، لەگەڵ بۆردی ئەندازیارە خۆبەخشەكانی كفری كۆبووەوە و قسەیان لەسەر كۆنفرانسی بوژانەوەی كفری و پرۆژە خزمەتگوزارییە پێویستەكان كرد.
لە لێدوانێكدا، ئەندازیارانی ئامادەبوو، رایانگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، پێشنیازەكانیان سەبارەت بە پرۆژە پێویستەكان و چۆنێتیی فراوانتركردن و بەرەوپێشبردنی شار خستووەتەڕوو، بەتایبەتی هاوكاریكردنی ئیدارە و شارەوانیی كفری.
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، ساهر عەلی قسەی بۆ كوردستانی نوێ كرد و وتی: بەبایەخەوە لە تواناكانی ئەندازیاران دەڕوانین و ئامانجیشمانە پێكەوە هەوڵەكانمان بخەینەگەڕ لەپێناوی بوژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی زیاتری كفری، وتیشی: ئەندازیارانی خۆبەخش رۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە ئاوەدانكردنەوە و خزمەتی كفریدا، كە ئەوەش مایەی پێزانینی هەمووانە.
كفری، حەیدەر ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان