دوو كچە كورد بەشداریی پاڵەوانێتییەكانی ئاسیا دەكەن

09:16 - 2022-03-28
وەرزش
523 جار خوێندراوەتەوە

یاریی بۆكسینگ لەو یارییە زەحمەتانەیە كە لێوەشاوەیی و ورە و تونایەكی زۆر دەوێت، یارییەكە تەنیا بۆ كوڕان نییە و بۆ كچانیشە ئەگەر چی ژمارەیان كەمە، بەڵام ئەمانیش خۆیان تیایدا بینیوەتەوە، كچانی كوردیش ئێستا لەم وەرزشەدا جێگا دەستیان دیارە.
باشترین و دیارترین نمونەش هەردوو كچە بۆكسێنەری كورد نیگا بێستون و مینا هێمن-ە ، ئەم دووكچە پاڵەوانەی یاریی بۆكسینگ، دوو یاریزانی بۆكسینگی تیپی یانەی پێشمەرگەی سلێمانین، بەسەرپەرشتی راهێنەرەكەیان بڵند مەحمود بەبەردەوامی خەریكی مەشق و راهێنانن، نموونەی دوو كچی بە تاوانا و لێهاتوون، نیگا ساڵی 2006 –لە سلێمانی لەدایكبووە، خوێنكارە و كچی پاڵەوانی لەشجوانی كوردستان و عیراق بێستون خەیروڵڵا عەبدوڵڵایە.
ماوەیەكی كەمە و لە ساڵی 2015 ەوە دەستی بەم یارییە كردووە، ساڵی 2016 بەشداریی یەكەم پاڵەوانێتیی كردووە، بەڵام خەرمان بەرەكەت لەم ماوە كورتەی یارییكردنیدا خاوەنی ئەنجامی زۆر باشە، لەبەر ئەوەی لە سلێمانی و كوردستانیش یاریزانی بۆكسێنەری كچ كەمن، نیگا لە پاڵەوانێتییەكانی كوڕاندا بەشداریی دەكرد و ئەنجامەكانیشی شایەتی بۆ لێهاتووی ئەو دەدەن بەجۆرێك لەو ماوە كورتەدا بۆتە یاریزانی هەڵبژاردەی عیراق.
مینا هێمنیش تەمەنی 16 ساڵە، لەسلێمانی لە دایكبووە، خوێنكاری قۆناغی ئامادەییە،سەرەتا ئەم بە وەرزشی وشو كۆنگ فو دەستی بەوەرزشكردن كردووە، ئەمیش لەكێشی 57 كیلۆ گرامدا سەركەوتنەكانی لەسەر ئاستی عیراق وایكردووە ببێتە نوێنەری عیراق لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی عیراقدا.
بەم دواییەش هەردووكیان وەك دوو كچی پاڵەوانی لێهاتووی هەڵبژاردەی عیراق بەشداریی پاڵەوانێتیی ئاسیایان كرد، نیگا لەكێشی 54 كیلۆ گرامدا پلەی سێیەمی ئاسیای گرت كە ئەنجامێكی زۆر باشەو تەنانەت هیچ كوڕو كچێكی عیراق لەسەر ئەوپلەی سەركەوتنە خۆیان نەبینیوەتەوە، هەرچی مینایە لەو پاڵەوانێتییەدا بە هۆی ئەوەوە كە باری تەندروستی رێگربوو، نەیتوانی تا كۆتایی بەشداریی ركابەرییەكان بكات.
ئێستاش هەردووكیان مەشق و راهێنانەكانیان چڕ كردۆتەوە بۆ بەشدارییكردن لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتیدا كە وا بڕیارە مانگی ئابی ئایندە لە چین بەڕێوە بچێت، بەناوی ستادیۆمەوە هیوای بەردەوامی و سەركەوتن بۆ ئەم دوو كچە پاڵەوانەی كوردستان دەخوازین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان