ژنێکی فەرەنسی خەڵکی دوورگەی گوادالوپ وەک تاکە هەڵگری ناسراوی جۆرێکی نوێی خوێن دەستنیشانکرا، کە ناوی لێنراوە (گوادا نێگەتیڤ). بەپێی راگەیەندراوی دەزگای خوێنی فەرەنسی بێت، لە سەرەتای ساڵی 2011دا ئەم نەخۆشە دژەتەنێکی زۆر تایبەت کە پێشتر نەناسراو بووە لە خوێنیدا دۆزرایەوە، بەڵام سەرچاوەکانی ئەو کاتە ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوو تا بتوانرێت لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەیەوە بکرێت. تێری پێرارد زانای بایۆلۆجی پزیشکی و دەرمانساز و بەڕێوەبەری کوالێتی و سەلامەتی بەرهەمەکانی خوێن لە دەزگاکە روونیکردەوە «زانایان توانییان لە ساڵی 2019 دا نهێنییەکە بدۆزنەوە، ئەمەش بەهۆی ریزبەندیکردنی DNA وە بە کوالێتییەکی بەرز، کە گۆڕانکاریی بۆماوەیی ئاشکرا دەکات».
پەیمانگاکە لە سۆشیال میدیا بڵاویانکردەوە دۆزینەوەی ئەمجۆرە خوێنە نوێیە «لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا بە فەرمی لە میلانۆ لەلایەن کۆمەڵەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی خوێنەوە راگەیەندرا». تێری پێرارد روونیشیکردەوە «ئەو نەخۆشە ژنێکی تەمەن 54 ساڵە و لە پاریس دەژی، پێش نەشتەرگەریی، پشکنینی رۆتینی بۆ کراوە، کاتێک دژەتەنی نەناسراو لە خوێنیدا دۆزراوەتەوە».
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ئەو ژنە لەڕووی جۆری خوێنەوە تەنها لەگەڵ خۆیدا دەگونجێت، لەکاتێکدا بۆ جۆرە خوێنە دەگمەنەکانی تر دەتوانرێت گونجانن لەگەڵ کۆمەڵەیەکی کەم لە کەسانی تر بکرێت، وەک خوشک و براکانی، بەڵام «بێ گومان ئەمە تاکە حاڵەتی ناسراوە لە جیهاندا».
ئێستا توێژەرەکە و هاوکارەکانی سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆتۆکۆلێکی تایبەتن لەنێو خوێنبەخشەکاندا، بە هیوای دۆزینەوەی کەسانی دیکە کە هەمان جۆری خوێنیان هەبێت، بە تایبەتی لە گوادالوپ، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە «ئەمجۆرە خوێنە لە باوک و دایکەوە بۆماوەیی وەریگرتووە، چونکە هەردووکیان هەڵگری جینی گۆڕاو بوون»، دواجار ناوی (گوادا نێگەتیڤ) وەک ئاماژەیەک بۆ رەچەڵەکی نەخۆشەکە لە هەموو زمانەکاندا رەزامەندی بەدەستهێناوە.
ئا: دڵان سامان
سەرچاوە: سکای نیوز