كوردستانی نوێ – ئارما هیوا
لە گۆشەی یەك پرسیاری كوردستانی نوێ-دا سەبارەت بەوەی بە چییەوە سەرقاڵیت؟ ژیان ئیبراهیم خەیات ئەكتەر و هونەرمەند پێیوتین: ماوەیەك پێش ئێستا وەك بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان خانەنشین بووم و ئەو ماوەیە تەنها سەرقاڵی راییكردنی كارەكانی مامەڵەی خانەنشینی بووم لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و ئێستا كارەكانی مامەڵەكەم تەواو بووە.
لە ماوەی رابردوودا بەشداریی فیلمێكم كرد بە ناوی (هیچ)، كە ئێستا لە سینەماكان نمایش دەكرێت و رۆژانە دەچمە سیتی سینەما و لەگەڵ ستافی فیلمەکە پێشوازی لەو میوانانە دەكەین كە دێن بۆ سەیركردنی فیلمەكە، فیلمێكی جوانە و داواكارم لە هاووڵاتییان سەردانی سینەماكان بكەن بۆئەوەی لە بینینی ئەو كارە جوانە بێبەش نەبن. ئومێدەوارم بە دڵی بینەران و ئەو كەسانە بێت، كە هاتوون سەیریان كردووە.
ئێستا تەنها ئەو پڕۆژەیە هەیە و هیچ كارێكی ترم نییە، لەداهاتوودا ئەگەر كارێكی تر هەبوو، لەگەڵ ستایلی ئیشكردنی مندا گونجا، بەدڵنیاییەوە بەشداریی تێدا دەكەم.