ئێران هاریكاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵپەسارد

10:41 - 2025-06-26
جیهان
36 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی ئێران بڕیاری دا هاریكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رابگرێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێرانییەكان كۆدەبینەوە.
دوێنێ محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئامادەنەبووە تەنانەت ئیدانەیەكی سنوورداری هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بڵاوبكاتەوە، بۆیە بە كەمترین نرخ متمانەی نێودەوڵەتی خۆی لەدەستدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، رێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران هاریكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵدەپەسێرێت تا ئەوكاتەی پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەكان مسۆگەر دەكرێت.
بڕیارەكەی پەرلەمانی ئێران بۆ پەسندكردنی كۆتایی، ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەكرێت.
لەلایەن خۆیەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بڕیارەكەی ئێرانی رەتكردەوە و رافائیل گروسی بەڕێوەبەری ئاژانسەكە جەختیكردەوە، بە راگرتنی پرۆسەكانی پشكنینی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران رازی نابن و هەلی ئەوە هەیە دۆسێی ئەتۆمیی تاران چارەسەر ببێت.
ئەوەشی روونكردەوە، میكانیزمی پشكنینی ناوەندە ئەتۆمییەكانی ئێران پەكی كەوتووە، بۆیە گەڕانەوەی پشكنەران كاری هەرە لە پێشینە دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا لەگەڵ مارك رۆتە سكرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند: هێرشەكانی ئەمریكا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران یەكلاكەرەوەبوون، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە چەند دەیەیەك براوەتە دواوە و لەئایندەدا هیچ پیتاندنێكی یۆرانیۆمی نابێت.
جەختیشیكردەوە، ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ چالاكییە ئەتۆمییەكانی، ئەوا ئەمریكا دەگەڕێتەوە و هێرشی دیكەی دەكاتەسەر.
ترەمپ باسی لەوەشكرد، ئیدارەكەی پلانی ئەوە دادەنێت هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بكەن.
پێشتریش ئیسماعیل بەقائی وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو: دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەیان زیانی گەورەیان بەركەوتووە.
كوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان