دوای 12 رۆژ لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئاگربەستی نێوانیان بەردەوامە، بەڵام وا چاوەڕوان دەكرێت ئەو جەنگە كۆمەڵێك لێكەوتەی هەبێت.
هاووڵاتیانی ئێران و ئیسرائیل
لەبارەی ئەگەرەكانی لێكەوتەی جەنگەكە، ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری پێشووتر بە كوردستانی نوێ-ی وت: بەدڵنیاییەوە لە 12 رۆژی جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا، هەردوو وڵات زیانێكی زۆریان بەركەوتوە چ لە رووی ئابووری و چ لە رووی گێڕانەوەی متمانە بۆ هاووڵاتیان. ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی لە لای هاووڵاتیانی ئیسرائیل دروستبووە، چۆن حكومەتی ئیسرائیل دەتوانێت جارێكی تر متمانە بگێڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان بۆئەوەی لە دۆخێكی ئارامدا ژیان بگوزەرێنن؟ ئەوەی پەیوەندیداریشە بە ئێرانەوە، كە خۆی لە كوژرانی دەیان زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازی و هەواڵگری و حكومی و بوونی تۆڕێكی گەورەی هەواڵگریی دەزگای موساد لە ناوخۆی ئێراندا دەبینێتەوە، جگە لە زەرەرو و زیانێكی زۆری ماددی، ئەوانە هەموویان ئاڵنگاریی گەورەن بۆ حكومەتی ئەو وڵاتە.
ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بەردەوام دەبن
وتیشی: پێموایە ئەو ئاڵۆزییە بەردەوام دەبێت و دەوڵەتانی ناوچەكە و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین هەریەكەیان بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن، كە چی بكەن بۆئەوەی مەترسییەكانی شەڕ ئەگەر لەداهاتوودا رووبدات، لە خۆیان دوربخەنەوە. هەژموونی ئەمریكا لەناوچەكەدا زیاتر دەبێت و پاساوەكانی بوونی ئەمریكا بۆ پاراستنی هەندێك دەوڵەت و تۆكمەكردنی بنكە سەربازییەكانی زیاتر دەبێت، واتە ئەم جەنگە و ئاگربەستەكەی لە بری ئەوەی ئاشتی بەرقەراربكات و وڵاتانی ناوچەكە بە دوای خۆشگوزەرانیی بۆ میللەتەكانیان بگەڕێن و ئەو پارە زەبەلاحەی لەبەردەستیاندایە لە ئاوەدانكردنەوە و هێنانەكایەی ژیانێكی شایستە بۆ هاووڵاتیەكانیان خەرجی بكەن، بەدڵنیاییەوە جارێكی دیكە دەگەڕێنەوە سەر هەمان عەقڵیەت و ئەو پارەیە لە بواری سەربازی و خۆ پڕچەككردن خەرجیدەكەنەوە، بۆیە ناسەقامگیری لەناوچەكەدا هەروا بەردەوام دەبێت.
هاوسەنگیی هێز
لای خۆیەوە عوسمان عەبدوڵڵا مامۆستای زانكۆ و توێژەری سیاسی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند، بێگومان جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل كۆمەڵێك لێكەوتە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لێكەوتەكانیش یان لەئایندەیەكی نزیكدا یاخود لەئایندەیەكی دووردا دەردەكەون، بەڵام ئەوەی زۆر روونە و لە دەرئەنجامی جەنگەكەدا دەكەوێتەوە، گۆڕانكاریی هاوسەنگیی هێز لەئاستی هەرێمایەتیدا روودەدات، چونكە لە ماوەی رابردوودا ئێران هێزێكی هەرێمیی گەورەبوو، هەژموونێكی بەهێزی لەسەرئاستی ئیقلیمیدا هەبووە بە تایبەتی لە (عیراق، سوریا، لوبنان و هەتا یەمەن)یش، هێڵێكی بەرگری دروستكردبوو بە ناوی (بەرەی مقاوەمە) یان هیلالی شیعی، كە دەیتوانی هەژموونی بەسەر ئەو وڵاتانەدا هەبێت و رۆڵێكی كاریگەری هەبێت لەسەر ئاستی هەرێمیدا.
پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتان
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لە دوای ئەو گۆڕانكاریانە، كۆمەڵێك گۆڕانكای دیكەش دێنەكایەوە، كە ئایا ئێران دوای ئەم جەنگە چی دەكات؟ ئایا پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دیكەی وەك روسیا و چین بەهێز دەكات؟ یاخود بە پێچەوانەوە پێداچوونەوەیەك بە پەیوەندییەكانیدا دەكات؟.
مامۆستا عوسمان عەبدوڵڵا وتیشی: دەكرێت لەمەودوا پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ ئەمریكا كەمێك ئاسایی ببێتەوە ئەگەر رێككەوتن لەنێوانیان بێتەكایەوە، ئەوكاتەش دوور نییە وردە وردە ئێران پەیوەندی لەگەڵ روسیا و چین لە ئاستی جاراندا نەبێت و بەپێچەوانەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی خۆرئاوا وردە وردە بەرەو بەهێزی بروات. پاشان دەوڵەتانی دیكەی وەك (سعودیە، ئیمارات، میسر) كە دەوڵەتی هەرێمین و رۆڵی گرنگیان هەیە، رەنگە ئاستی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل بەرەو بەهێزتر ببەن، ئەمەش وا دەكات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانكاری لە هاوسەنگیی هێزدا بێتەكایەوە و ئیسرائیل ببێتە تاكە دەوڵەتی خاوەن هەژموون و پێگەی باڵا لە ئاستی ناوچەكەدا.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم