عیراق لە نێوان ئاڵۆزیی و هێوربوونەوەدا

10:17 - 2022-08-16
دووتوێ
553 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

رەوشی سیاسی عیراق لە بری هێوربوونەوە، ئاڵۆزبوونی زیاتر بەخۆوە دەبینێت، لایەنگرانی رەوتی سەدر بۆ لەگەڕخستنی پڕۆسەی سیاسی ئەنجومەنی نوێنەران چۆڵناكەن، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بۆ «بەرگریكردن لە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەكان»، خۆپیشاندان لە بەغدا و پارێزگاكان سازدەكات. 

رەتكردنەوەی دیالۆگ  
ئەیسەر جادری، ئەندامی رەوتی حیكمە رایگەیاند»مانگرتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەچوارچێوەی ئامرازە یاسایی و دەستورییەكان، بۆ گوزارشتە لە خواستی گەل لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزاری نیشتمانی و پەلەكردن لە تێپەڕاندنی بودجە و جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان». 
جادری لە لێدوانێكیدا بۆ (المسری) رایگەیاند»مانگرتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كراوەیە و بۆ پشتیوانییە لە شەرعیەت و پەلەكردنە بۆ پێكهێنانی حكومەت و دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگ». 
بە وتەی یاسر جادری»چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر لە دەستپێشخەرییەكی بۆ كۆتایی هێنان بە حاڵەتی چەقبەستنی سیاسی پێشكەش كرد، بەڵام لایەنەكەی تر شەقامی بەكارهێنا بۆ ئاڵۆزكردنی رەوشەكە و دوورخستنەوەی گەورەترین فراكسیۆن كە مافی دەستووری هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت». 
جادری دەڵێت: «رەوتی سەدر دیالۆگ رەتدەكاتەوە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هیواخوازین مانگرتووەكان لە شورای ناوچەی سەوز ئامانجە خوازراوەكان بهێننەدی لە جێبەجێكردنی پشتیوانی لە شەرعیەتی دەستووری و گەیشتن بە پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و نیشتمانی». 

جێهێشتنی بینایەی پەرلەمان
هەر لەو بارەیەوە، توركی عەتبی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، وتوێژێكی ناڕاگەیەندراوی لەنێوان هێزە سیاسییەكان بۆ بەگەڕخستنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی  نوێنەران ئاشكرا كرد لە دەرەوەی بارەگای ئێستای پەرلەمان كە بۆ چەند رۆژێكە خۆپیشاندەران چواردەورییان گرتووە. 
بە وتەی ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی»بابەتەكە رێی تێدەچێت، رەنگە هێزە سیاسییەكان جێبەجێی بكەن، گەر رەوشەكە بەمشێوەیە بمێنێتەوە و گۆڕانكاریی بەسەردا نەیەت». 
عەتبی پێیوایە»هەموو هێزە سیاسییەكان بێ‌ ئەوەی هیچ لایەنێكی لێبەدربكرێت، دركییان بەوەكردووە كە لەگەڕخستنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی عیراق ناكات، لە سایەی بوونی دەیان یاسا كە پێویستییان بە دەنگدان و یەكلایی كردنەوەیە هەیە، لەوانە یاسای بودجە كە بڕبڕەپشتی هەرەمی دارایی وڵاتە و میكانیزمی پشتگیرییە بۆ چەندان ملیۆن عیراقی لەڕووی زامنكردنی مافیان لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا». 
هەروەها دەڵێت»ئیفلیجبوونی ئەنجومەنی نوێنەران خزمەت بە پرۆسەی سیاسی ناكات و زیان بە بەرژەوەندی چەندان ملیۆن عیراقی دەگەیەنێت، گۆڕانكاریی یان چاكسازیی بەبێ‌ بوونی ئەنجومەنی نوێنەران ناكرێت سەربگرێت، بەو پێیەی دەنگی گەلە». 

لەگەڕخستنی پەرلەمان بەردەوامە 
عەلی فەتلاوی سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح، خۆپیشاندەرانی رەوتی سەدر بەلەگەڕخستنی دەسەڵاتی یاسادانان تۆمەتبار دەكات و دەڵێت،» خۆپیشاندانەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پشتیوانییە لە شەرعیەت و دەستور و یاسا».  
فەتلاوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند”رەوتی سەدر دەیەوێت لەسەرو یاساوە بێت، بە تایبەت كە خۆپیشاندانەكانی دەسەڵاتی یاسادانانی لەگەڕخستووە”.
بە وتەی ئەو سەركردەیەی فەتح”بانگەوازی لیژنەی هاوئاهەنگی بۆ خۆپیشاندان بۆ پشتیوانییە لە شەرعیەت و دەستور و یاسا، چونكە دە مانگ تێپەڕی و پەرلەمان نەیتوانی یاسایەك دابڕێژێت كە پەیوەندی بە ژیانی گەلی عیراقەوە هەبێت”.
فەتلاوی پێیوایە”تاكە زەرەرمەند لەئێستادا خۆپیشاندەرانی نێو پەرلەمانن كە شەرعیەت و دەستورییان لەگەڕخستووە”.

هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان
لەلایەكی ترەوە عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی باس لە چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عیراق دەكات بەبێ‌ ئەوەی دانیشتنەكانی دەستپێبكاتەوە.
تەمیمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:”بەپێی ماددەی 64ی دەستوری عیراق، دەكرێت پەرلەمان بە زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامەكانی، واتا نیوەی گشتی كۆ یەك هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەمەش بە دوو رێگە دەبێت، یەكەم داواكردنی سێیەكی ئەندامەكانی بە داواكارییەكی نوسراو بۆ سەرۆكی پەرلەمان كە لەلایەن 110 پەرلەمانتارەوە ئیمزاكرابێت، رێگەی دووەم ئەوەیە سەرۆك وەزیران داوابكات و سەرۆك كۆماریش رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت”.
بە وتەی عەلی تەمیمی:”بە رێگەی دووەم ناكرێت، چونكە حكومەتی ئێستا كاربەڕێكەرە و لە پەرلەمانەوە هەڵنەقوڵاوە، بۆیە نە سەرۆك وەزیران و نە سەرۆك كۆمار مافی ئەوەیان نییە داواكارییەكی هاوبەشی لەو جۆرە بكەن”.

رەوتی سەدر سورە لەسەر درێژەدان بە خۆپیشاندان و مانگرتن لە دەوروبەری بارەگای پەرلەمان  

ئەو پسپۆڕە یاساییە دەڵێت:”تاكە رێگەچارە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا ئەوەیە، پەرلەمان بۆخۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، واتا لەڕێی سێیەكی ئەندامەكانی و بە رەزامەندی زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامەكانی، واتا نیوەی كۆی گشتی كۆ یەك”.
لە كۆتایی قسەكانیدا، تەمیمی رایگەیاند:”لەكاتی دەنگدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامەكانی، سەرۆك كۆمار داوای هەڵبژاردنی گشتی دەكات لە وڵاتدا لەماوەی شەست رۆژ لە رێكەوتی هەڵوەشاندنەكە، ئەنجومەنی وەزیرانیش كاروباری رۆژانە بەڕێدەكات، تا ئەو كاتەی حكومەتی نوێ‌ پێكدەهێنرێت”.

هەڵوێستی سەدر و ئەنجومەنی دادوەریی
ئەنجومەنی دادوەریی رەتیدەكاتەوە بتوانێت دەستوەردان لە پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا بكات، پاش ئەوەی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر داوای كردبوو، دادوەریی دەستوەردان بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ئاماژە بە وابەستەبوونی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش دەكات بە ماددەی 64ی دەستورەوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، لە لێدوانێكیدا كە لەلایەن میدیاكانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە رایگەیاندووە”پەرلەمان بە زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامەكانی هەڵدەوەشێتەوە، دوو رێگەچارە هەیە و سێیەمی نییە، یەكەمیان لەسەر داوای سێیەكی ئەندامەكانی و دووەمیش لەسەر داوای سەرۆك وەزیرانە بە رەزامەندی سەرۆك كۆمار”.

ئەنجومەنی دادوەریی دەڵێت”هیچ لایەنێك بۆی نییە بە دادوەریی و ئەوانی ترەوە، رێگەچارە بۆ حاڵەتی چەقبەستنی سیاسی دابنێن، جگە لەو رێگەچارانەی لەڕێی ئەحكامەكانی دەستورەوە دیاریكراون، میكانیزمەكانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش وابەستەی دەقی ماددەی 64ی دەستورن”.
هەرچەندە پێشتر موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر داوای لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كردبوو، دەستوەردان بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، لەدوایین هەڵوێستیدا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەپێویستی زانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان «هەفتەی داهاتوو تێنەپەڕێنێت». 
 سەدر  لە تویتێكدا لە 13ی ئابی 2022 رایگەیاند»پێویستە پەرلەمان كۆببێتەوە و خۆی هەڵوەشێنێتەوە». 
بە وتەی سەدر»بەوهۆیەی حزبەكان دەستبەرداری پشكداری نابن و داواكاری گەل جێبەجێ‌ ناكەن لە دیاری كردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكومەت و تێپەڕینی ماوە دەستوورییەكان، بۆیە داواكارین ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەماوەیەكدا، كە هەفتەی داهاتوو تێنەپەڕێنێت». 
سەدر داوای لە سەرۆك كۆمار كرد، كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات و بە چەند مەرجێكەوە و رایبگەیەنێت.
رابەری رەوتی سەدر، داوای لە لایەنگرانیشی كرد، خۆپیشاندانەكانیان لەو ماوەیەدا درێژەپێبدەن و «ئەگەر جارێكی تر گەل بێ‌ هیوا بكرێت بڕیاری تر دەدەن».  

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان