یادەوەریی وەرزشی

09:20 - 2022-03-28
وەرزش
267 جار خوێندراوەتەوە

خەسرەو گورون
37
لە ژمارەکانی پێشوودا باسی دەستپێکردنی وەرزی نوێی 1987-1988 م کرد، وا لەمەودواش بەپێی توانا تیشکێک دەخەمە سەر ئەو خولانەی لەو وەرزەدا ئێمە وەک تیپی یانەی سلێمانی و هەڵبژاردەی سلێمانی بەشداریمان تیایاندا کردووە.
دەستپێکی وەرزی نوێی 1987-1988، وەک تیپی یانەی سلێمانی بەشداریمان کرد لە خولی جامی یانەکانی عیراقدا، لەم خولەدا تیپی یانە پلە یەک و پلە دووەکانی عیراق بەشدار بوون، لە ئەنجامی قورعەدا تیپی یانەی سلێمانی لە یەکەم یاریی خۆیدا رووبەڕووی یانەی ئەمانەی بەغدا بووەوە، ئەمانە تیپێکی بەهێزی ئەو کاتەی عیراق بوو، لە خولی پلە یەکدا یاریی دەکرد، دیارە ئێمەش لە خولی پلە دوودا بەشدار بووین.
بۆ یەکەمین جار یارییەکانی ئەم خولە بە سیستمی دوو یاریی چوون و گەڕانەوە بەڕێوە برا، رۆژی 1/9/1987 لەبەغدا و لە یاریگای یانەی ئەمانە یاریی چوونمان کرد، یارییەکەش لە یاریگای یانەی ئەمانە کرا، هاندەرێکی کەم هاتبوون بۆ سەیرکردنی یارییەکە، ئەوان بە درێسی سەوز و ئێمەش بە درێسی سوورەوە یاریمان کرد، حەمە بچکۆل و ئازاد وەهاب راهێنەرانی ئێمە بوون، سەرۆکی وەفدی یانەی سلێمانی خوا لیخۆشبوو کاک فەهمی فەقێ ڕەشید بوو، ئەنجامی یارییەکەش بە بردنەوەی یانەی ئەمانە (2-0) کۆتییهات.
پێکهاتەی ئێمە لە یارییەکەدا بەمشێوەیە بوو؛
*گۆڵچی (رەفیق عەلی).
*بەرگری (خەسرەو گورون، حەمەی حاجی واحید، نەبەزی عەلی ئاسکە، شەهید ئامانج عومەر).
*ناوەند (هادی کەریم، ئاراسە سوور، ئامانجی سەی برایم-کاپتن، فەریدون ساڵح-نێرە).
*هێرشبەران (حەمەی کەریم و سەڵاحی شێخ ئەمین).
لەم یارییەدا ئێمە یارییەکی باشمان کرد، نزیکەی 7 هەلی گۆڵکردنمان بۆ هەڵکەوت بەڵام سودیان نەبوو، ئەوان تەنیا سێ هەلیا بۆ هەڵکەوت بەڵام دوو گۆڵی بردنەوەی خۆیان لە دەقیقەکانی 10 و 53 دا پێکرد.
لە یارییەکەدا هەردوو راهێنەر دوو گۆڕانکارییان کرد، فەرەیدون کەمالیان خستە جێگای ئاراسە سور، ئالانیشیان خستە جێگای هادی، جگە لەو دوو گۆڕانکارییە ئەم یاریزانانەش یەدەگ بوون(تەنیا حەسەن تەنیا، ئالان قالە یابە، سیروان محەمەد (عەبۆلی گۆڵچی)، خوالێخۆشبوو شوان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان