گرفتەكانی ددان و چارەسەرەكانی چیین؟

10:42 - 2025-07-02
هەمەرەنگ
63 جار خوێندراوەتەوە
راستکردنەوەی ددان

د. رێكان قەرەداغی


دكتۆر رێكان قەرەداغی بەكالۆریۆس لە پزیشكی نەشتەرگەری و نۆشداری و چارەسەركردن و جوانكاری دەم و ددان بە لاپەڕەی تەندروستی راگەیاند: كێشەكانی ددان زۆرن، باوترین كێشەش بۆنی ناودەم و زەردی ددانە، هاوكات ددان كێشان لە هەموو تەمەنێكدا دەكرێت و ئاساییە، بەهیچ شێوەیەكیش ددان كێشان نابێتەهۆی گیانلەدەستدانی كەسێك، بەڵام ئەو كەسانەی كە نەخۆشی درێژخایەنی وەك (شەكرە، زەخت، دڵ، نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا) ئەمانە مەترسیان هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك نابێتەهۆی ددان كێشان.

ئایا منداڵان لە تەمەنی چەند ساڵییەوە پێویستە ددانەكانیان بشۆردێن؟
بەگشتی لە تەمەنی یەك ساڵ و نیوەوە بۆ دووساڵ پێش ئەوەی ددانە شیرییەكەی دەربێت، پێویستە پوكی منداڵەكە بە لۆكەیەكی تەڕ لەلایەن دایك یان باوكەوە پاكبكرێتەوە، ئیتر لەوتەمەنەوە ددانەكان پێویستی بە خزمەت و پاككردنەوە هەیە، ئەو منداڵانەی شەو تا بەیانی شیر لە ددانەكانیان دەمێنێتەوە یان ئەو منداڵانەی كە شروبی ئاسن یان جۆرە چارەسەرێک وەردەگرن ئەوە پێویستە بە باشترین شێوە منداڵەكە لەلایەن دایك و باوكییەوە ددانەكانی باش بشۆردرێت.

هۆكارەكانی دروستبوونی كلسی ددان چین؟
هۆكارەكانی دروستبوونی كلس زۆرن، یەكێكیان پاك رانەگرتن و نەشۆردنی ددانەكانە بەشێوەیەكی تەندروست و باش، تا ددانەكە جوانتر پاكبكرێتەوە، پێویستە پەتی ددان بەكاربهێنرێت بۆ جوانتر پاككردنەوەی نێوان ددانەكان و پاراستنی لە كلس، بەتایبەتی بەشی ناوەوەی ددانەكانی خوارەوە، چونكە لە بەشی خوارەوەی شەوێلگە چوار لیكەرژێنی گەورەمان هەیە كە كلسی تێدایە هەربۆیە وا باشترە گرنگیی باشتری پێبدرێت، هاوكات ئاوی بیریش یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی دروستبوونی كلس لە ددانەكان.

هۆكارەكانی بۆنی ناودەم چیین؟
ئەوكەسانەی نەخۆشی گەدە یان سییەكانیان یان نەخۆشی جگەر یان لەوزەتێنیان هەیە یاخود جگەرەكێشن كاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر بۆنی ناودەم، هاوكات ئەوكەسانەشی كە كێشەی زمانیان هەبێت واتە زمانیان زبرە هەموو ئەمانە هۆكارن، كلۆری ددانیش بۆن دروستدەكات، هەربۆیە ئەوكەسانەی كلۆری ددانیان هەیە پێویستە پڕی بكەنەوە و زمانیان بە فڵچە و دەرمانی تایبەت بە حاڵەتەكەیانەوە چارەسەری بكەن تا لە كێشەی بۆنی ناودەم رزگاریان ببێت.

ئایا بڕینی دەمارەكانی ددان كێشە بۆ ددانەكان دروست دەكات؟
دەماربڕین نەكردنی باشترە، چونكە راستە كەسەكە ئازاری نامێنێت، بەڵام لەوسەرەوە كێشە بۆ ددانەكان دروست دەبێت و خۆراكە گرنگەكانی ددان وەك كالیسیۆم و كانزاكانی بۆناچێت و دەبێتە هۆكاری مردنی ددانەكە، هەربۆیە ئێمە رۆژانە ئامۆژگاری چارەخوازەكانمان دەكەین تا دەماربڕین نەكەن باشترە، بەڵام هەندێك لە چارەخوازەكان كە سەردانمان دەكەن سەرەڕای ئەوەی پێیان دەڵێین كە دەماربڕین نەكردنی باشترە، بەڵام دەڵێن كە ئازاریان زۆرە و ناتوانن بەرگەی ئازارەكەی بگرن بۆیە دەماربڕینیان بۆ دەكەین.

هۆكارەكانی دروستبوونی كلس زۆرن، یەكێكیان پاك رانەگرتن و نەشۆردنی ددانەكانە بەشێوەیەكی تەندروست و باش، تا ددانەكە جوانتر پاكبكرێتەوە، پێویستە پەتی ددان بەكاربهێنرێت بۆ جوانتر پاككردنەوەی نێوان ددانەكان

مەرجە ددانی ئەقڵی ئازار دروستبكات؟
نەخێر مەرج نییە ددانە ئەقڵییەكان ئازار دروستبكەن، بەڵام بەگشتی لە 85 ٪ بە خواری دێن و ئاوساوی دروست دەكات، هەربۆیە ئەم حاڵەتە پێویستی بە كێشانە، هاوكات حاڵەتیشمان هەبووە ددانەكە بە رێكی هاتووە و پێویستی بە كێشان نەبووە.

ئەو كەسانە كێن كە هۆڵیوود سمایڵیان بۆ دەكرێت؟
هۆلیود سمایل ئەگەر لەلایەن پزیشكێكی شارەزاوە بكرێت ئەوە كێشەی بۆ دروست نابێت لە داهاتوودا، ئەوكەسانەشی كە پێویستیان بە هۆلیود سمایڵە ئەوانەن كە ددانیان شاشە یان زەردە یان زۆر خراپە، چارەخواز هەبووە داوای هۆلیود سمایڵی كردووە بۆمان نەكردووە، چونكە ددانەكانی تەنها زەردبوون و بە لەیزەر بۆمان سپیكردەوە.
جۆرەكانی نەشتەرگەریی ددان چین؟
جۆرەكانی نەشتەرگەری ددان زۆرن، وەك هەریەك لە (نەشتەرگەری كێشانی ددان، نەشتەرگەری ددانی عەقڵی، نەشتەرگەری چاندنی ددان، نەشتەرگەری پاكردنەوەی ئیلتیهابی ددان، نەشتەرگەری رێككردنەوەی شەوێلگە، نەشتەرگەری لابردنی نەخۆشییەكانی گرێی ناودەم) دەگرێتەوە، لە راستیدا هەموو جۆرەكانی نەشتەرگەرییەكانی ددان بۆ چارەخواز و پزیشكەكەش قورسە، بەڵام نەشتەرگەری لابردنی گرێ لە مەڵاشوو و رێككاری شەوێلگە یەكێكن لە حاڵەتە هەرە قورسەكانی نەشتەرگەری. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان