كیسرا موراد كوردێكی خەڵكی قامیشلۆیە، چەندین ساڵە وەك راهێنەری كۆنگ فو لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا كار دەكات و خاوەنی سەنتەرێكی كۆنگ فو-وە لە شاری مونستری لە ئەڵمانیا.
كیسرا بە دوالاپەڕەی وت: لە سەرەتای ساڵی 2000ەوە تا هەنووكە بە بەردەوامی راهێنان لەسەر كۆنگ فو دەكەم، ئەو وەرزشە بە گشتی زۆر باشە و لە ئەوروپا بە گشتی و لە ئەڵمانیا بە تایبەتی گرنگی پێدەدەن و خەڵكانێكی زۆر ئەو وەرزشە دەکەن، رۆژانە زۆر كەس لە ژن و پیاو و منداڵ سەردانی سەنتەرەكەمان لە شاری مونستری دەكەن و منیش بە باشی راهێنانیان پێدەكەم.
وتیشی: خەڵكێكی زۆر بە تایبەتی ئەوانەی كار دەكەن سەردانی سەنتەرەكەمان دەكەن بۆ مەشق و راهێنان و جۆرێک لە خۆپارێزیی و کەسانێکیش هەن بۆ لەشساغی و پاراستنی تەندروستی خۆیان ئەو وەرزشە دەكەن. جۆرێك كۆنگ فو هەیە بە ناوی (وینك چون- تایجیە) كە دوو جۆر وەرزشی چینی-ین، هەم بۆ تەندروستییە و هەم بۆ خۆپاراستن و بەرگریـــكردنە لەخود لە بـەرامبەر هــــەر مـــەترسییەكدا.
ئەیاز هەركی