ساڵانە زیاتر لە 60 ملیۆن تۆن پاشماوەی کارەبایی و ئەلیکترۆنی بەرهەم دەهێنرێت

11:05 - 2025-07-02
هەمەرەنگ
33 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، جیهان ساڵانە زیاتر لە 60 ملیۆن تۆن پاشماوەی کارەبایی و ئەلیکترۆنی بەرهەمدەهێنێت، دوو ئەوەندەی ئەو بڕە کە 15 ساڵ لەمەوبەر بەرهەمهێنراوە، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم دەیەیە، ئەو بڕە زیاتر 30 ٪ بەرزبێتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کەمتر لە چارەکێک لەم پاشماوەیە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە کۆدەکرێنەوە و دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە و خێرایی ریسایکلینیشی هاوتەریب نییە لەگەڵ خێرایی رێژەی بەرهەمهێنانی پاشماوە.
هەندێک وڵات یاسایەکیان دەرکردووە داوا لە بەرهەمهێنەرانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەکات، بەرپرسیارێتی زیاتر لە فڕێدانی سەلامەت و بەردەوامی بەرهەمەکانیان لە ئەستۆ بگرن.
10 وڵاتی بەرهەمهێنەری پاشماوەی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا تا ساڵی 2025 لە پلەی یەکەم و دووەمدا بریتین لە چین و ئەمریکا، پاشان لە پلەی سێیەمدا هیندستان دێت کە لە ساڵانی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو پاشماوەی ئەلیکترۆنی بەرهەمهێناوە، ژاپۆنیش یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی پاشماوەی ئەلیکترۆنی لە ئاسیا، هەروەها هەناردەکاری سەرەکیی پاشماوەی ئەلیکترۆنییە.
وڵاتانی ئەوروپاش وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی پاشماوەی ئەلیکترۆنین لە ئەوروپادا.
هاوکات کۆریای باشوور و بەرازیل: لە وڵاتانی پێشەنگی بەرهەمهێنەری پاشماوەی ئەلیکترۆنین لە ئاسیا و ئەمریکای باشوور. هەرچەندە ئەم وڵاتانە گەورەترین بەرهەمهێنەری پاشماوەی ئەلیکترۆنین، بەڵام تەنها رێژەیەکی کەم لەم پاشماوەیە بە شێوەیەکی دروست کۆدەکەنەوە و دووبارە بەکاردەهێننەوە.

کێشەیەکی جیهانی

پاشماوەی ئەلیکترۆنی کێشەیەکی جیهانییە، بەو پێیەی زۆربەی پاشماوە ئەلیکترۆنییەکان بە باشی چارەسەر ناکرێن، بۆیە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی پاشماوەی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەک کە کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە کەم بکاتەوە.

ئا: مەعروف مەجید

بابەتە پەیوەندیدارەکان