״نەبوونی بودجەی پێویست کێشەی سەرەکیی سستیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سەیدسادقە״

10:00 - 2025-07-03
ڕاپۆرت
22 جار خوێندراوەتەوە
قەزای سەیدسادق

پێشکەشکردن و بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان، یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان، دانیشتووانی قەزای سەیدسادق کەموکووڕییەکانیان دەخەنەڕوو بە ئومێدی چارەسەرکردنیان لەلایەن بەرپرسانەوە، سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت: نەبوونی بودجەی پێویست کێشەی سەرەکی سستی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانمانە.

کەموکوڕییەکان
سابیر، موختاری قەزای سەیدسادقە بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەشێک لە گەڕەکەکان تائێستا قیرتاو و کۆنکرێت نەکراون، پارکیشیان تێدا نییە و پێویستمان بە جێبەجێ کردنیانە، هەروەها لە رێگەی گوندی قاینەجە پارکێکی گەورە هەیە تەواوی کەرەستە و یارییەکانی شکێنراون و پێویستە چاک بکرێنەوە.
وتیشی: داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین دیاردەی بڵاوبوونەوەی مەڕ و ماڵات لەناو پارک و کۆڵانەکاندا قەدەغە بکات.
هیوا محەمەد دانیشتوویەکی دیکەی قەزاکەیە بۆ کوردستانی نوێ وتی: بینای زۆربەی خوێندنگەکان کۆنن و پێویستییان بە تازەکردنەوەیە.

وەڵامی شارەوانی
لەبارەی گلەیی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان حەمزە محەمەد سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە رووی سەوزاییەوە ناوچەکە پەرەیەکی زۆری پێ دراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە ناتوانین ئێستا پارک دروست بکەین، هەر هەمان هۆکاریش رێگرە لە بەردەممان بۆ قیرتاوکردن و کۆنکرێت کردنی گەڕەکەکان.
وتیشی: پارکی رێگەی گوندی قاینەجە ساڵی 2013 دراوە بە کەسێک بە کرێ، بەڵام دواتر کێشەی تێکەوت و خرایە دادگا، کەیسەکەی ساڵی 2021 کۆتاییهات، لەوکاتەوە داوامان لە سەرمایەداران کردووە پارکەکە تازە بکەنەوە لە بەرامبەر بە کرێدانی بە بڕی تەنها یەک ملیۆن دینار، بەڵام کەس داواکاریی پێشکەش نەکردووە.
داخستنی بەشی کۆتایی ئاوەڕۆی سندوقیی سەیدسادق یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی گوندی تەپەڕەش و گوندەکانی دەوروبەری، محەمەد موراد بۆ کوردستانی نوێ وتی: لەبەرئەوەی بەشی کۆتایی ئاوەڕۆ سندوقییەکە کراوەیە، بۆنێکی ناخۆشی دروست کردووە و بووەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، لەبەرئەوە داوای داخستنی دەکەین، لەگەڵ رێگریکردن لە فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لە گۆڕستانی نوێی قەزاکە.
لەوبارەیەوە سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: لە پارێزگاوە کارمان بۆ چاککردنی کێشەی ئاوەڕۆ سندوقییەکە کردووە بە بودجەی زیاتر لە چوار ملیار و لە هەفتەی ئایندەدا دەست بە کارەکانی دەکرێت، هەروەها داواکاریمان پێشکەشکردووە و جێگەمان لە دەرەوەی شار بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاک دابینکردووە و چاوەڕوانی رەزامەندین، بۆئەوەی  چیتر خۆڵ و خاشاک لەوێ فڕێ نەدرێت.
بەهۆی فراوانبوونییەوە ژمارەیەک گەڕەکی نوێ لە قەزاکەدا دروست بووە، بەڵام خانووەکانی بێ تاپۆن و خاوەنەکانیان داوای تاپۆکردنیان دەکەن. 
هاوکات د.رەزا ئیسماعیل قایمقامی قەزای سەیدسادق لەبارەی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی هاووڵاتییان باسیان کردووە پەیوەندی بە شارەوانییەوە هەیە، بەڵام ئێمە وەک قایمقامیەت هەفتەی جارێک لیژنە هاوبەشەکانمان دەردەچن، بۆ رێگریکردن لە هەر دیاردەیەکی نایاسایی لە ناوچەکەدا.

 

محەمەد رەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان