فیلمی (شەوێكی شیرین) بەرهەم دەهێنرێت

10:32 - 2025-07-03
هەمەرەنگ
38 جار خوێندراوەتەوە

شۆڕش قادر دەرهێنەری فیلمی (شەوێكی شیرین) بە دوالاپەڕەی وت: فیلمێكە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بەرهەمدێت، وێنەگرتنی فیلمەکەش بەشێكی لە سلێمانی و بەشێكی لە نەجەف و بەشێكی لە بەغدا دەبێت و ئێستا بەشێكی كەم لە وێنەگرتنی كراوە.
وتیشی: فیلمەکە بە کوالێتییەکی باش بەرهەمدێت و بەر لە كۆتایی ئەمساڵیش نمایش دەكرێت. 
فیلمەكە باس لە پەیوەندیی خێزانێكی كورد و تێكەڵاوبوونیان لەگەڵ دوو بنەماڵەی شیعە و سوننەی عەرەب دەكات کە ئەو پەیوەندییە دواجار ژن و ژنخوازی لێدەكەوێتەوە. 
دیمەنە سەرەكییەكانی فیلمەكە لە ماڵی شیروانە، ئەم ئاهەنگە دەرفەتێكە بۆ كۆكردنەوەی میوان و كەسوكارەكانی نوێنەرایەتی كۆمەڵگەی عیراقییە، لەوێ ئاشنایەتییەك لەنێوان خوشكی شیروان و یەكێك لە هاوڕێكانی دەستپێدەكات كە پرۆفیسۆرێكی زانكۆیە و بەهۆی رووداوێکەوە پەككەوتە بووە.
بەشێوەیەكی سەرەكی فیلمەكە تیشك دەخاتەسەر چەمكی پێكەوەژیان لە نێوان كۆمەڵگەی عیراق بە رەهەندە جۆراوجۆرەكانییەوە و رەتكردنەوەی جیاكاریی و توندوتیژی و گیروگرفتە كۆمەڵایەتییەكان لەناو چین و توێژەكانی عیراقدا، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر بڵاوكردنەوەی كەلتوری قبووڵكردنی ئەوی تر لەسەر بنەمای هاوبەشی مرۆڤایەتی و بەها بەرزەكان، هەروەها پەیوەندییەكی خۆشەویستی دەبینین كە لە رێگەی دیالۆگێكی عەقڵانی نێوان دوو رەگەزەوە سەرهەڵدەدات و دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەكی خۆشەویستی جوان.

پرۆفایلی فیلمەكە
 سیناریۆ و دەرهێنان، شۆڕش قادر
ئەكتەرەكان: یاسین قادر بەرزنجی، دڵشاد كوێستانی، دێرین محەمەد، عوسمان مەعروف، ستار سابیر، ئومێد عەلی، ئەڵماس محێدین، ئاوارە كەركوكی، هاوكار عەزیز و ژمارەیەک ئەكتەری عەرەب لە نەجەف و بەغدا.
 ماكیاژ: شەنگە كەركوكی
بەڕێوەبەری بەرهەم: نوری كاكە خان
 كامێرا: عیزەدین قادر
 دەنگ: لوقمان ساڵح

بابەتە پەیوەندیدارەکان