كەركوك، دووەمین دیداری مەقام لە ئامێز دەگرێت

10:33 - 2025-07-03
هەمەرەنگ
59 جار خوێندراوەتەوە

بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و كەسایەتی دیاری هونەریی، دووەمین دیداری (مەقام) بەم نزیكانە لە كەركوك بەڕێوەدەچێت.
هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی بە دوالاپەڕەی وت: دیداری مەقام گرنگییەكی تایبەتی بۆ ئێمە هەیە، مەقامەکانی دیدارەکە بە سێ زمانی (كوردی، عەرەبی، توركی) دەوترێت.
وتیشی: دووەمین دیداری مەقام بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە مەقامبێژانی هەرێمی كوردستان (سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، خانەقین) و شارە جیاوازەكانی   دیکەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت و ئامادەكاری دەكرێت بۆ پێشوازیكردن لە میوانەكان لەسەرجەم شارەكان و رۆژهەڵاتی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد كە تیپی مۆسیقای كەركوك وەك تیپی سەرەكی لە دیدارەكەدا بەشداری دەكات و دیدارەكەش رۆژانی 13 - 14/7/2025 لە كەركوك بەڕێوەدەچێت.  
لەلایەكی ترەوە هونەرمەند سەردار زەنگەنە ئەندامی لیژنەی باڵای دیدار بە دوالاپەڕەی وت: بە سەرپەرشتی ئاسۆ مامەند لێپرسراوی كەركوك – سەڵاحەدینی (ی.ن.ك) بڕیارە لە سەنتەری رۆشنبیریی كەركوك دووەمین دیداری مەقام بە بەشداریی كۆمەڵێك لە هونەرمەندانی كوردستان، لەناویاندا مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی، مامۆستا چالاك سدیق، مامۆستا نورەدین جاف، مەقامبێژ عومەر درێژ و سەردار زەنگەنە لە كەركوك بەڕێودەچێت.
  وتیشی: تیپی مۆسیقای كەركوك بەسەرپەرشتی مامۆستا چالاك رۆژانە پرۆڤەی خۆیان دەكەن و 9 مەقامبێژ لە شارەكانی كەركوك، هەولێر، سلێمانی، كفری، خانەقین و رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەشداری دیدارەكە دەكەن. 
دوو ساڵ لەمەوبەر یەكەم دیداری مەقام خولی (عەلی مەردان) بە سەرپەرشتی میوزیسیانی عیراقی نەسیر شەمە بەڕێوە چوو، هەر بۆیە هەوڵماندا ئەم خولەی دیدارەكە بەهێزتر بكەین و بیكەینە دوو رۆژ و ژمارەیەكی زیاتر لە مەقامبێژان بەشداربن و بە بەرنامەیەكی تۆكمەتر، چونكە كەركوك مەڵبەندی مەقاماتە و دەیان مەقامبێژی ناوداری تێدا هەڵكەوتووە، ئومێدیش دەكەین ئەم دیدارە ببێتە نەریتێكی ساڵانە لە كركوك. 
سلێمانی، سیدرا شەعبان- دونیا هۆشیار

بابەتە پەیوەندیدارەکان