کارزان عەلی
لە راستیدا بە هۆی تێمای نووسینی رۆمانەکەوە، دەکرێت بە سەر چەند ئاستێکی خوێندنەوەدا دابەشی بکەین، کە لای منی خوێنەر لە سێ ئاستی سەرەکیدا دەیبینمەوە.
یەکەم: ئاستی ئابووریی کۆمەڵایەتیی
دووەم: ئاستی پۆست سەرمایەداری
سێیەم: ئاستی خەیاڵی زانستی.
هەر سێ ئاستی خوێندنەوەکە دەکرێت بە خاتری شێواز یان ستایڵی نوسینی رۆمانەکە لە بەستێنی دەقەکەدا خۆی بەیان بکات، چونکە شێوازی نووسینی رۆمانەکە، کە تەواو سەر بە شێوازی گێڕانەوەی پۆست مۆدێرنە، لەگەڵ ئەوەشدا دابەشکاری ئاستەکانی گێڕانەوە، وا دەکات زیاد لە خوێندنەوەیەک هەڵبگرێت، بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدەم لە میانی خوێندنەوەیەکی گشتیدا، هەر سێ ئاستی خوێندنەوەکە تێکەڵ بکەم.
هێڵی سەرەکی رۆمانەکە، گێڕانەوەی پچڕ پچڕی مرۆڤێکە لە ناو کەشتییەکی بۆشایی ئاسماندا، کە بەرەو (هەسارەیەک) بەناوی (کەشفی نوێ) دەڕۆن.
بەکارهێنانی چەندین تێرم و دەستەواژەی زانستی کۆمپیوتەری، راستییەک لای خوێنەر دەسەلمێنێت کە ئەم رۆمانە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بەستێنی گێڕانەوەی خەیاڵی زانستیدا جێ دەگرێت، بە مانایەک کە ئەم تێمایە، لە شێوەی گشتیدا وەک خەیاڵی زانستی دەردەکەوێت، بە تایبەتی کە نوسەر لە هەندێ جێگەیدا بە شایەتییەکانی (مرۆڤە ئامێر)، ئەم وابینە (تصور ) تۆختر دەکاتەوە، بەڵام تا زیاتر بەرەو قووڵایی رۆمانەکە رۆبچین، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە دەکرێت (کەشتی ژمارە شەش هەزار) یەکێک بێت لەو هەزاران کارگەیەی سەدان فەرمانبەر، یان کارمەند، کاری تێدا دەکەن.
لە دووتوێی رۆمانەکەوە، دەیان شایەتی (گەواهی) دەخوێنینەوە کە باس لە هەمان هەستی مرۆڤ دەکەن، مرۆڤێکی دروستکراو لە گۆشت و خوێن، تەژی لە هەستەکانی وەکو برسێتی و تینوێتی و سۆز و بیرکردنەوە، مرۆڤێک وەک ئەوەی دابڕابێت لە کۆمەڵگە و لە یەکێک لە کەشتییە ئاسمانییەکاندا کە سیمبوڵی هەمان کارگە گەورەکانە، بە دەست ئیشکردن و ماندووبوون و بێ خەوی و بێ پشوودانەوە دەناڵێنێت.
مرۆڤێک کە سیستەمی پۆست سەرمایەداری وەک ئامێر یان (مرۆڤە ئامێر)، سەیری دەکات، دەیان کاتژمێر لە خێزان و کۆمەڵگە دایدەبڕێت، کاری پێ دەکات، ماندووی دەکات، تەواو وەک ئەوەی لە کەشتییەکی ئاسمانی دەرەوەی گۆی زەویدا بێت.
هەموو ئەو شایەتی یان گەواهییانەی نووسەر لەم رۆمانەدا دەیانگێڕێتەوە، تەنیا چەند شایەتییەکی کەم نەبێت، هەموو ئەوانیتر شایەتین لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتیی ئابووریی ئەو کۆمەڵگەیەی لێشاوی سەرمایەداری و پۆست سەرمایەداری لە رۆژئاوادا دروستی کردوون.
کاتێک خوێنەر بە قووڵی نێوان دێڕەکانی ئەم رۆمانە کەشف دەکات، قەبارەی ئەو دابڕان و دوورکەوتنەوە و لەقاڵبدانەی بۆ روون دەبێتەوە کە سیستەمی سەرمایەداری دەیسەپێنێت بەسەر ئەندامانی کۆمەڵگەدا. بە شێوەیەک تەنانەت شێواز یان ستایڵی رۆمانەکەش (هەرچەندە گێڕانەوەی پۆست مۆدێرنە)، ملکەچی ئەو دابڕین و پاژ پاژ بوونەیە کە کارەکتەری سەرەکیی دەیگێڕێتەوە، وەک ئەوەی نووسەر پێمان بڵێت: لە ژیانی پۆست سەرمایەداریدا، ژیانی سارد و سڕی ناو کارگە و دامەزراوە زەبەلاحەکانی سەرمایەداری، تەنانەت چێژی ئەوەی لێ سەندووین بە یەک ریتم و یەک شێوازی ئاسایی گێڕانەوە بەردەوام بین.
شێوازی نووسینی رۆمانەکە کرۆنۆلۆژی نییە، بەڵکو تەواو وەک مرۆڤی سەردەمی کارخانە گەورەکان، هەرجارە و پاژێک، پارچەیەک دەگێڕێتەوە، شایەتی لەسەر دۆخێک دەدا کە پچڕ پچڕ و تەواو نەکراوە، دابڕینی مرۆڤە لە یادگەکانی خۆی، کەرت کردنێتی بە ئەندازەی کۆی پاژەکانی ڕۆمانەکە.
ئەوەی کە دەکرێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، بەستنەوە و گرێدانەوەی هەموو ئەو حیکایەتە کوتوپچڕانەی مرۆڤە لەم سەردەمە پەرتەوازەیەدا، وەک پێکەوە لکاندنەوەی یارییەک (پەزڵ) کە دواجار بتوانین وێنە تەواوەکەمان بۆ روون ببێتەوە، بە شێوەیەک لە کۆی هەموو ئەو شایەتییانە، بتوانین ئازاری دەروونیی ئەو کارمەندانە بخوێنینەوە، کە وەک ئەوەی لە کەشتییەکدا بن کەس نازانێت چارەنووسیان بەرەو چ ئاڕاستەیەکیان دەبات.
دواین قسە کە دەبێت بکرێت، دەستخۆشیی هەڵبژاردنی ئەم دەقە زیندووەیە لەلایەن وەرگێڕەوە، کە بە توانا و سەلیقەیەکی ئەدەبیی ناوازە، توانیویەتی هەمان هەستی نووسەری دەقەکەمان بۆ بگوێزێتەوە سەر زمانی کوردی، کە شایانی پێزانینە.
ئەم رۆمانە لەلایەن (وەشانی نوسیار)ەوە لە ساڵی 2025دا بڵاوکراوەتەوە، رۆمانەکە نووسینی (ئۆڵگا براون)ە کە شاعیر و رۆماننوسێکی دانیمارکییە و لە زمانی یەکەمەوە لەلایەن وەرگێڕی بە توانا (ئالان پەری) یەوە کراوە بە کوردی.