لە دەستکەوتێکی مێژووییدا کە دەچێتە پاشخانی هونەرییەوە و دەوڵەمەندتری دەکات، ئەستێرەی بۆڵیوود دیپیکا پادوکۆن بووە خاوەنی ئەستێرەی رێڕەوی هۆڵیوود، دوای ئەوەی لیژنەی (هۆڵیوود وۆک ئۆف فەیم) رایگەیاند ئەو ئەکتەرە هیندییەیان لەنێو ئەوانەی بڕیارە بۆ ساڵی 2026 ببنە خاوەنی ئەو ئەستێرەیە هەڵبژاردووە و بەو شێوەیە دەبێتە یەکەم ئەکتەری هیندستان لە خانەی فیلمە سینەماییەکان لە مێژوودا ئەو ئەستێرەیەی پێ بدرێت.
هەڵبژاردنی دیپیکا لە نێو کۆمەڵێک ئەستێرەی هۆڵیوودی وەک: مایلی سایرێس و تیمۆسی شالامێ، ئیمیلی بڵەنت و چەندانی تردا، نیشانەیە بۆ توانا و گرنگی ئەو ئەکتەرە وەک روویەکی جیهانیی بۆ هونەر و سینەما، جگە لە توانای ناوازەی دیپیکا لە شکاندنی بەربەستەکانی زمان و کەلتور.
رێڕەوی هۆڵیوود چییە؟
رێڕەوی ناوبانگی هۆڵیوود بریتییە لە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی رۆشنبیری و گەشتیاریی و دەکەوێتە سەر شەقامی هۆلیوود بۆلیڤار لە شاری لۆس ئەنجلۆس، ئەم رێڕەوە لە ساڵی 1960 دروستکراوە و زیاتر لە 2700 ئەستێرەی تێدایە، کە لەسەر شەقامەکان دانراون، پێدانی ئەستێرەیەک بە کەسێک مانای رێزلێنان و کاریگەریی بەرچاوێتی لە بوارەکانی کات بەسەربردندا، وەک: فیلم، میوزیک، شانۆ، رادیۆ و تەلەفزیۆن. هەروەها ئەو ئەستێرەیە تەنیا لەبەر ناوبانگی هونەریی نابەخشرێت، بەڵکو هەڵبژاردنی کەسەکە دوای پرۆسەیەکی کاندیدکردنی ورد دێت، بە لەبەرچاوگرتنی دەستکەوتە هونەرییەکانی و کاریگەرییەکەی وەک هونەرمەند و رێژەی هەوادارانی، جگە لە پابەندبوونی بە بەشدارییکردن لەو ئاهەنگەی تێیدا ئەستێرەکە رادەگەیەندرێت.
دیپیکا پادوکۆن ساڵی 1985 لە کۆپنهاگن-ی دانیمارک لەدایکبووە، سەرەتا وەک نماییشکاری جلوبەرگ دەستیپێکردووە، پاشان لە یەکەم دەرکەوتنی لە سینەمادا ساڵی 2007 بە فیلمی (Om Shanti Om) لە پاڵ شاروخاندا سەرنجی بەلای خۆیدا راکێشا و ئەستێرەی گەشایەوە.
ئا: دڵان سامان
سەرچاوە: سیدتی.نت