هایا محەمەد خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەناو بنەماڵەیەكی هونەریدا لەدایكبووە و دەڵێت: یەكەمجار مامۆستا بورهانی موفتی زادە پێی وتم «دەنگت خۆشە».
حەوت ساڵە دەستی بە گۆرانی وتن كردووە و بە وتەی خۆی ئەوكاتەی بێ رێزیی بە هونەر دەكرێت، زۆر هەست بە ئازار دەكات و خەفەت دەخوات، هایا بە دوالاپەڕەی وت: لەناو بنەماڵەیەكی هونەریی و هونەردۆستدا لەدایكبووم، هونەر لەناو بنەماڵەكەمدا بە گشتیی رێز و پێگەی خۆی هەیە، یەكەم كەس كە پێی وتم دەنگت خۆشە، مامۆستا بورهانی موفتی زادە بوو و وتی: «گۆرانی بڵێ دەنگت خۆشە و دەتوانی سەركەوتوو بیت».
هایا لە ساڵی 2018ەوە دەستی بە گۆرانی وتن كردووە و دەڵێت: سوپاسی بنەماڵەكەمان بە تایبەتی براكەم دەكەم، هەروەها دایكم هەمیشە لە كاتە سەختەكاندا پشتگیریی کـــــردووم و لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە پاڵپشتم بووە، هەركاتێك لەمپەر و سەختییەك هاتبێتە رێگەم تەنها كەسێك كە بەبێ ترس پاڵمدابێت پێیەوە، دایكم بووە.
وتیشی: نەك هونەر، هەموو كارێك بۆ ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان قورسە و دەبێت خاتــــوونێك زۆر بــــەهێز و بە توانا بێت، پاشان سەرکەوتوو دەبێت، هەروەها دنیایەك ئاستەنگ و بەربەست لە رێگەی هونەردایە، دەبێت ورەت بەرزبێت بۆئەوەی بتوانیت لە هونەرەكەتدا بەردەوام بیت و سەركەوتوو بیت.
هایا پێیوایە ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بواری هونەردا بە توانان و لە پێناویدا قوربانی دەدەن و وتی: بەداخەوە ئەو ژنانەی ئارەزووی گۆرانی وتنیان هەیە و دەیانەوێت خزمەت بە هونەری كوردی بكەن ناچارن رێگەی غەریبی و دوورە وڵات بگرنەبەر و لە تاراوگە بژین.
ئەو هونەرمەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان تائێستا سێ ئەلبومی گۆرانی هەیە کە دوانیان فۆلکلۆرن و ئاماژەی بەوەکرد: دوو ئەلبومی دیكەم بەڕێوەن، هەروەها بە دەنگی هونەرمەندان محەمەدی ماملێ، حەسەن زیرەك، نەجمەدینی غوڵامی، ناسری رەزازی، مەرزیە فەریقی، حەسەن دەرزی و چەندین هونەرمەندی دیكە سەرسامم و بە گۆرانییەكانی ئەوان دەستم بە گۆرانی وتن كردووە. هایا لە ئاهەنگ و بۆنەكاندا بە تایبەت جەژنی نەورۆز و سەری ساڵ لە شوێنە جیاوازەكان كۆنسێرتی هەبووە و دەڵێت: بەنیازم لە داهاتوودا زیاتر و جدی تر لەسەر هونەرەكەم كار بكەم، بۆ ئەوەی خزمەتێك بە گەل و نیشتمان و هونەری نەتەوەكەم بکەم و دڵی هەوادارانیشم شاد بکەم. وتیشی: بە کەم سەیرکردنی توانای خانمە هونەرمەندەکان ئازارم دەدات، لە کاتێکدا گۆرانی وتن بۆ ژنان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا دوو جار هونەرە، یەكەم: لەبەرئەوەی گۆرانی وتن جوانترین هونەرە. دووەم: لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانەی دێتە رێیان ژنان كۆڵ نادەن و بەرەوپێشەوە هەنگاو دەنێن.
جەواد حەیدەری