شێوەكاریی، واتە ژین و ژیان

11:05 - 2025-07-08
هەمەرەنگ
50 جار خوێندراوەتەوە

شێوەكارێكی رۆژئاوای كوردستان پێی وایە هونەری شێوەكاریی واتە ژین و ژیان، ئەو دەڵێت لەناو هونەری شێوەكاریدا خۆی دەبینێتەوە.
سۆزان عەباس، ژنە چالاكوان و هونەرمەندێكی شێوەكاری شارۆچكەی دربێسی رۆژئاوای كوردستانە، یەكێكە لە شێوەكارە ناودارەكانی ئەو بەشە لە كوردستان، ئەوەندە كەیفی بە شوێنەواری مێژوویی دێت ژوورێكی بۆ پاراستن و پیشاندانی كەلوپەلی كۆنی كوردەواری تەرخان كردووە. 
سۆزان بە دوالاپەڕەی وت: هەر لە منداڵییەوە خولیای شێوەكارییم هەبووە، هەر بۆیە دەستم بە كاری دەستیی كرد، پاشان چوومە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی حەسەكە بەشی شێوەكاریی، زیاتر لە 200 تابلۆم هەیە كە زۆربەیان باس لە مێژووی نەتەوەی كورد دەكەن.
وتیشی: شێوەكاریی لای من، واتە ژین و ژیان، من لەناو شێوەكاریدا خۆم دەبینمەوە و لە تابلۆكانم زیاتر گرنگی بە كۆمەڵگەی كوردەواری دەدەم، لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان و ئازادكردنی ناوچە كوردنشینەكانی ئەو بەشە لە كوردستان، ئێمەی شێوەكاران دەستكراوەتر بووین و زیاتر گرنگیمان بە دۆخی رۆژئاوای كوردستان داوە، چونكە لەو چەند ساڵەی داگیركاریدا ئێمە توانیمان لە رێگەی هونەرەوە زمان و كەلتور و مێژووی گەلەكەمان بپارێزین، هەروەها ژوورێكی تایبەتیم تەرخانكردووە بۆ پاراستنی كەلوپەلی دەستیی و كوردەواری و فۆلكلۆر و مێژوویی كوردستان، بە مەبەستی ناساندن و پیشاندنی بەو كەسانەی كە سەردانی ئەم شوێنە دەكەن.  
ئەیاز هەركی 

بابەتە پەیوەندیدارەکان