رێورەسمی ئەشکەوتی جاسەنە لەمیدیای ئەڵمانیدا

10:11 - 2025-07-13
جیهان
36 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بورهان ئەمین، ئەڵمانیا   

رۆژی هەینی لەدوای بەڕیوەچوونی رێورەسمی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی ژمارەیەک ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان له‌ ئه‌شكه‌وتی جاسه‌نه‌ی سنووری سلێمانی، لە پەراویزی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەدا، کەناڵە میدیایەکانی ئەڵمانیا بیروڕای خۆیان بلاوکردەوە.
مەیلی ئاشتی
تەلفزیۆنی NTV لە ریپۆرتاژێکیدا بڵاویکردەوە رێورەسمەکە کە لەو ئەشکەوتەی شاخی سورداش ئەنجامدرا، مەیلی ئەو پارتە نیشان دەدات بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان، ئەمەش یەکەمین قۆناغ بوو لە پێنج قۆناغ کە وابڕیارە پێنج مانگ بخایەنێت، لەناو ئەو گروپە گەریلایەی چەکەکانیان سوتاند پێنج سەرکردەی دیاری پەکەکەی تێدابوو، ئەمەش ئاماژەیەکی دیارە کە نیازیان هەیە بەتەواوی دەستبەرداری چەکەکانیان بن.
ئاگر لەپێناوی ئاشتیدا
رۆژنامەی Süddeutsche Zeitung دەڵێت، پەکەکە لەپێناوی دەستبەرکردنی ئاشتی و ئازادی ئاگر لەچەکەکانی بەردەدات، بۆیە دەبێت ئەو هەنگاوە هی تری بەدوادابێت و ئەو کوشتوکوشتارەی چەند دەیەیە دەستی پێکردووە بوەستێندرێت و گفتوگۆ دەستپێبکات، بۆ هێنانەدی کەشێکی دیموکراسی بۆ گەلانی ناو تورکیا.
هەنگاوی رەمزی
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی dpa بێت نزیکەی 40 گەریلا بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کردووە و چەکەکانیان سوتاندووە، پەکەکە زیاتر لە 15 هەزار چەکدرای هەیە، ئەمەی کردیان تەنها رەمزێک بوو بۆ دەستپێکردنی هەنگاوی یەکەم و نیازپاکی، حکومەتی تورکیا پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ هەموویان چەکەکانیان رادەست بکەن، پرۆسەکەش لەلایەن حکومەتی تورکیا و عیراق و هەرێمی کوردستان چاودێری کراو دوای ئەوە دەبێت حکومەتی تورکیاش هەنگاوێک بنێت، جارێ دیار نییە چی دەکات. 
پارتی چەپی ئەڵمانیش لەوێ بوو
لەراپۆرتێکی گۆڤاری Stern دا هاتووە، جگە لە چەند بەرپرسێکی تر «یان ڤان ئاکن» سەرۆکی پارتی چەپی ئەڵمانیاDie Linke لە مەراسیمەکەدا بەشداری کردوە، ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: پێویستە پەکەکە لە ئەڵمانیاش قەدەغەی لەسەر هەڵبگیرێت، جگە لەوەش پێویستە حکومەتی ئەڵمانیا، رۆڵێکی کارا وەک ناوبژیوانێکی بێلایەن لەم پرۆسەیەدا بگێڕێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خەڵکی بە رەچەڵەک تورک و کورد دوو گەورەترین گروپی کۆچبەرن لە ئەڵمانیا و ئاشتی نێوان ئەو گەلە بۆ ئەڵمانیاش گرنگە، گۆڤارەکە دەشنووسێت، چەند کاتژمێرێک پێش دانانی چەکەکان، دەوترێت پێشمەرگەی کوردستان دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی سلێمانی و کەرکوک خستۆتە خوارەوە، کەلەوەدەچێت ئەنجامدەرانیان لەدژی پرۆسەکە بن.
 بۆ ئەردۆغان هەلێکی نایابە
رۆژنامەی Die Welt دەڵێت: بەپێی دەستووری تورکیا ئەردۆغان بۆی نییە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ساڵی 2028 دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە، بەڵام ئەگەر پشتیوانی دەم پارتی بەدەست بێنێت بۆ زۆرینەی پەرلەمانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوا بۆی هەیە خۆی کاندید بکاتەوە، بۆیە ئەردۆغان بە نیازە ئەم پشتیوانییە لەڕێگەی ئاشتەوایی لەگەڵ پەکەکە دەستەبەربکات، رۆژنامەکە دەپرسێت حکومەتی تورکیا لەبەرامبەر داماڵینی چەک چی پێشکەش بە پەکەکە و گروپە کوردییەکانی دیکە دەکات؟
 لەپشتی ئاشتەوایی چی هەیە؟
هەفتەنامەی WirtschaftsWoche دەنووسێت، دەستپێشخەریەکە سەرەتا لەلایەن سیاسەتمەداری نەتەوەپەرستی تورک «دەوڵەت باخچەلی» هاوپەیمانی ئەردۆغان پیشنیاز کرا، چەند هۆکارێکیش هەبوون کە ئەمە روویدا یەکەمیان ئەوەیە کە پەکەکە لە عیراق بەهۆی هێرشەکانی تورکیا لاواز بووە، هەروەها خواست لەسەر کۆتاییهێنان بەو شەڕە لەناو کورد بەگشتی پەرەی سەندووە، لەگەڵ شەڕی غەززە و لاوازبوونی ئێران و رەوشی سوریا، بۆشایی دەسەڵات لەناوچەکەدا سەریهەڵداوە، بۆشایییەک کە هەم کورد و هەم تورکیا دەیانەوێت لە قاڵبی بدەن، پێدەچێت پێشنیازی هەموارکردنەوەی دەستووری و بونەوەی ئەردۆغان بەسەرۆکی تورکیا، هۆکارەکی تری گرنگ بێت، بەپێی لێدوانی «گۆنول تۆل»ی شارەزای تورکیا لەئینستیتیوتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن بۆ هەفتەنامەکە، جۆرێک گومان لە پڕۆسەی ئاشتی هەیە، چونکە ساڵانێکە ئەردۆغان پرسی کورد بەبەرژەوەندییەکانی خۆی بەستۆتەوە و چارەسەرکردنی ململانێکان هەرگیز ئامانج نەبووە، بەڵکو چەسپاندنی دەسەڵات بووە و پرسی ئازادی و دیموکراسی هەمیشە پەراوێزخراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان