ئەو پیاوەی خۆی هەموو شتێکی دەکرد

11:15 - 2025-07-13
هەمەرەنگ
38 جار خوێندراوەتەوە

هونەری فۆتۆگرافی و گرافیك جۆرە هونەرێكن كە زادەی بیر و هزری مرۆڤەكانە، لە كوردستانیش هونەری فۆتۆگرافی هەم پێشینەی هەیە و هەم هەنگاوی گرنگی بۆ نراوە و سەرەتای زانیاری بەخشین وەك چاپكراوێك بۆ ساڵی 1934 دەگەڕێتەوە، كاتێك نووسەر و رۆژنامەنووس و مێژوونووسی كورد (حوسێن حوزنی موكریانی) كتێبێكی بەناوی (وێنەگری و كۆڵین بە كردن و كۆشین و دیتن) بڵاوكردەوە. 
 حوزنی موكریانی لە پێشەكی كتێبەكەیدا نووسیویەتی: «هەر كەسێك دەبێت بە وێنەكۆڵین بكات دەبێ زۆر چاك فۆتۆگراف بزانێت، چونكە كولانی بە تیشك و وێنەگەری – فۆتۆگرافی زادەی یەكن»، گەر بە وردییەوە بڕوانینە ئەم پێناسەیە، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە حسێن حوزنی موكریانی لە بواری (فۆتۆگراف)یشدا شارەزا بووە، بۆیە توانیویەتی ئەو كارە پێكەوە بکات و لە كارە رۆژنامەوانییەكانیدا رەنگ بداتەوە.
لەلایەكی ترەوە ئێمە ئەگەر بە تەنها كتێبی (وێنەگری و كۆڵین بە كردن و كۆشین و دیتن) و ژمارەكانی گۆڤاری (زاری كرمانجی) بەهەند وەربگرین، بە دڵنیاییەوە سەلیقەی هونەریی حوسێن حوزنی موكریانیمان بۆ دەردەكەوێ كە چەند هونەرمەندانە كاری كردووە.
(هاملتۆن) نووسەر و گەڕیدەی ئینگلیزی، لە سەردەمی گۆڤاری (زاری كرمانجی)دا بۆ ماوەیەك رێی دەكەوێتە رواندز، چاوی بە حوزنی موكریانی دەكەوێت و بە ئارامییەوە دەڕوانێتە رەنجی فەرهادانەی حوزنی و رەوتی رۆژنامەنووسی كوردی، لە چەند شوێنێكی كتێبە مێژووییەكەیدا بەناوی (road through kurdstan) كە لە ساڵی 1958دا بڵاویكردۆتەوە، سەبارەت بە حوزنی نووسیویەتی: «سەید حوسێن حوزنی لە رەواندز دەژی و خاوەنی رۆژنامەیەكی كوردییە، بە تەنها هەموو بابەتەكانی دەنووسی، بە دەستی خۆی وێنەكانی دەكێشان، بە تەنیا چاپی دەكردن، لەدواییدا خۆیشی دەیپێچایەوە كە ئەمەش نموونەیەكی دەگمەنە لە جیهاندا، ئەم رۆژنامەنووسە ئارەزووی نیشاندا كە هاوڕێی گەشتەكەمان بێ، بەڵام وەك هەموو رۆژنامەنووسێكی جیهانی نەیدەویست كە ئەو هەلە لەكیس بدات ‌و دەفتەرێكی لەگەڵ خۆی هێنا تا ئەو شتانەی كە دەیانبینێ تۆماریان بكات».
بەختیار سەعید

بابەتە پەیوەندیدارەکان