رێکخراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ «هیومان رایتس وۆچ» رایگەیاند: دوایین ئامارە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پەروەردە ئەوە نیشاندەدەن، کە 272 ملیۆن منداڵ و گەنج لە ساڵی 2024دا لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی بێبەشبوون لە خوێندن.
لەم راپۆرتەدا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە لە هەرێمی کوردستاندا کراوە و وردەکاریی خراوەتەڕوو.
گەڕانەوە بۆ خوێندن
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەزارەت پرۆژەیەكی هەیە بەناوی پرۆژەی گەڕانەوە بۆ خوێندن، لە دوای راگەیاندنی پرۆژەكە تائێستا زیاتر لە (36) هەزار قوتابی و خوێندكار گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن.
پرۆژەكە لە رێی چەند تیمێكەوە جێبەجێدەکرێت، سەردانی ناوچەكان دەكەن بۆئەوەی بزانرێت چەند قوتابی و خوێندكار لە خوێندن دابڕاون و بەدوای هۆكاری دابڕانەكەشیدا دەگەڕێن. هەروەها لەگەڵ خانەوادەكەی قسە دەكرێت و دواجار بەگوێرەی ئەو بارودۆخەی بەهۆیەوە دابڕاوە، دەیگەڕێننەوە بۆ خوێندن، هەر كێشەیەكی هەبێت بۆی چارەسەردەكەن و هاوكاری دەكرێت، هەربۆیە تیمێكی پرۆژەکە دەچێت قسە لەگەڵ خێزانەكەیدا دەكات و هەوڵدەدەن بۆ رازیكردنیان، هەندێك كەس هەیە كۆچیان كردووە و منداڵەكانیشیان بردووە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە دابڕابێت لە خوێندن، چونكە دووبارە لەو وڵاتەی بۆی چوون، دەستدەكەنەوە بە خوێندن، ئەو پرۆژەیە ساڵانە لەكاتی پرۆسەی خوێندندا بەردەوامی هەیە.
پرۆژەی خوێندنی خێرا
وتیشی: وەزارەتی پەروەردە پرۆژەی خوێندنی خێرای هەیە بۆ ئەو كچ و كوڕانەی لە خوێندن دابڕاون. بۆ كچان تا تەمەنی (24) ساڵی و بۆ كوڕانیش تا تەمەنی (22) ساڵی بۆیان هەیە بگەڕێنەوە بەر خوێندن. لە خوێندنی خێرادا هەر ساڵێك بە دوو ساڵی خوێندن هەژماردەکرێت، بۆ نموونە پۆلەکانی (5 و 6) بە ساڵێك و (7 و 8)یش بە ساڵێك دەبڕێت، ئەوەش سیستمێكە بۆ ئەوان رێكخراوە بۆئەوەی قەرەبووی دواكەوتن لە خوێندن و تەمەنیان بۆ بكاتەوە و هەم لە خوێندنیش دانەبڕێن.
تاقیكردنەوەی دەرەكی
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بابەتی تاقیكردنەوەی دەرەكییش جۆرێكە لەو دەرفەتانەی وەزارەتی پەروەردە رەخساندوویەتی بۆ ئەو قوتابی و خوێندكارانەی دەرناچن یان چەند ساڵێك دەبێت بەهۆكارێك لە هۆكارەكان وازیان لە خوێندن هێناوە، هەیە پاش (5) ساڵ لە خوێندن دەگەڕێتەوە و تاقیكردنەوەی دەرەكی دەكات، بەوە دەتوانێت بڕوانامە بەدەستبهێنێت و درێژە بە خوێندن بدات بۆ دەرفەتی كار یان ئەگەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە بێت بۆ شوێنی كارەكەی سوودی لێ دەبینێت، واتە هەموو نەرمیی نواندنێک هەیە بۆ دانەبڕاندنی قوتابی و خوێندكار لە خوێندن و گەڕانەوەیان بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن.
ئەركەكانی رێنماییكارانی پەروەردەیی
سامان سیوەیلی باسی لەوەکرد، یەکێك لە ئەرکەکانی رێنماییكارانی پەروەردەیی لەناو خوێندنگەكاندا ئەوەیە، كاتێك خوێندكارێك دادەبڕێت لە خوێندن، دوو- سێ رۆژ ناچێتەوە بۆ پۆلەکەی، ئەوا بەدواداچوون دەكەن بۆ هۆکاری نەچوونەوەی ئەو خوێندكارە، سەردانی ماڵەكەیان دەكەن و راپۆرتی لەسەر دەنووسن، لەو حاڵەتانەش زۆرە، كە هەمووی چارەسەر دەكرێت و ناهێڵدرێت بگەنە ئەوەی دابڕانی گەورە لە خوێندن دروست بكات، بەڵام لە هەندێك لە ناوچە دوورەدەستەكان بە تایبەتی بۆ كچان، هۆكاری هاوسەرگیریی پێشوەختە رەنگە هۆكارێك بێت بەتایبەتی لە قۆناغی ئامادەیی بۆ دابڕانیان لە خوێندن، ئەویش رێژەكەی زۆر كەمبۆتەوە، چونكە ئێستا خێزانەكان تێڕوانینیان بۆ بابەتی هاوسەرگیری گۆڕاوە و كچەكانیان لە تەمەنێكی كەمدا نادەن بە شوو، یان ژن بۆ كوڕەكانیان ناهێنن، لەبەرئەوە ئەو هۆكارەش زۆر كەمبۆتەوە، بەڵام ساڵانی رابردوو بە تایبەتی (15 – 20) ساڵێك پێش ئێستا ئەو بابەتانە هەبوون لە كوردستاندا، لەئێستادا خۆشبەختانە بە گشتی ئەو هۆكارەش كەمبۆتەوە.
گەڕاندنەوەی منداڵ بۆ خوێندن
نوعمان عەبدولڕەحمان ئاراستەكاری پەیوەندییەكان و هەماهەنگی لە رێکخراوی منداڵپارێزی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: منداڵپارێزی كوردستان بە هاوكاری رێكخراوی یونیسێف و وەزارەتی پەروەردە و چەند رێكخراوێكی ناوخۆیی، لە بەرنامەی ساڵی (2024 – 2025)دا كاریان لەسەر گەڕانەوەی منداڵان بۆ خوێندن كردووە، تا لە رێی روپێوییەكەوە بتوانرێت ژمارەی ئەو منداڵانەی دابڕاون لە خوێندن دەستنیشانبكرێن و پاشان كار بۆ گەڕاندنەوەیان بكرێت بۆ خوێندن.
زیاتر لە 29 هەزار منداڵ تۆماركراون
وتیشی: بەگوێرەی روپێویەكە، 29 هەزار و 80 منداڵ تۆماركراون. لە سنووری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەیە؛ (هەولێر 7275) منداڵ، (سلێمانی 7555) منداڵ، (دهۆك 5990) منداڵ، (هەڵەبجە 1437) منداڵ، (ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 2201) منداڵ، (ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین 1753) منداڵ، (ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 1670) منداڵ، (ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 1204) منداڵ، لەو رێژەیەش توانراوە (4068) منداڵ بگەڕێندرێنەوە بۆ خوێندنی ئاسایی، (2820) منداڵیش لە بەرنامەی خوێندنی نائاسایی سوودمەندبوون.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم