احسان عباسلو
ئــــه‌مــــبـرتۆ ئـیكــــۆ (-1932 2016) له‌وانه‌یه زۆركه‌س وه‌كو رۆماننووسێك بیناسن، به‌ڵام ئیكۆ هه‌م فه‌یله‌سووف و هه‌م رۆماننووسێكی گه‌وره‌ی ئیتالی بوو. رۆمانه دیاره‌كانی بریتین له (به‌ندۆلی فۆكۆ، گوڵه‌باخ، دورگه‌ی رۆژی پێشوو، گۆڕستانی پراگ و ژماره سفر) رۆمانی گوڵه‌باخ به هه‌مان ناونیشانه‌وه كراوه به فیلمێكی گرنگ. ئه‌مبرتۆ ئیكۆ له چه‌ند خاڵێكدا باسی نووسین ده‌كات و رێنمایی چیرۆكنووسان و رۆماننووسان ده‌كات، چی بكه‌ن و له چی خۆیان به‌دوور بگرن:
1 - تۆ مارسیل پروست نیت. بۆیه رسته‌ی دوور و درێژ مه‌نووسه. ئه‌گه‌ر رسته‌ی درێژ هاته مێشكته‌وه بینووسه، به‌ڵام دوایی پارچه پارچه‌ی بكه.
2 - له راناوی بكه‌ر دوور بكه‌وه‌ره‌وه، به‌ڵام جیاوازی نێوان من و ئێمه بزانه.
3 - له هه‌ركاتێكدا په‌ره‌گرافێكی تازه ده‌ستپێبكه. له هه‌ر جێگایه‌كدا كه لۆجیك داوای ده‌كات وا بكه یان له هه‌ر جێگایه‌كدا كه ده‌قه‌كه به پێویستی ده‌زانێت.
5 - رۆڵی بلیمه‌تێكی ته‌نیا مه‌بینه.
6 - حساب بۆ كاردانه‌وه‌ی وه‌رگر و خوێنه‌ر بكه و رێزی لێبگره.
7 - سێ خاڵ و نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان به‌كارمه‌هێنه و خوازه و شته نادیاره‌كان روون مه‌كه‌ره‌وه. له‌وانه‌یه زمانی راسته‌وخۆ به‌كاربهێنیت ... مه‌به‌ستی من له زمانی راسته‌وخۆ ئه‌وه‌یه كه ناوی هه‌ر شتێك به شێوه‌یه‌كی راشكاوانه و راسته‌وخۆ تیایدا به‌كارهێنراوه و نابێته هۆی به‌دحاڵیبوون.
8 - له به‌كارهێنانی نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان بۆ جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌ك دوور بكه‌وه‌ره‌وه. ته‌نیا دووجار رێگه پێدراویت به‌كاری بهێنیت.
رسته‌ی درێژ
رێنمایی یه‌كه‌می ئیكۆ زۆر سه‌رنجڕاكێشه. زۆركه‌س پێیان وایه هه‌رچه‌نده نووسینه‌كه‌یان قورس‌تر بكه‌ن هونه‌رێكی زیاتر له خۆیان نیشان ده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ته نووسینی رسته‌ی درێژ شاره‌زاییه‌كی زۆرتری ده‌وێت له نووسیندا، به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه ده‌بێت سه‌یری چیرۆكه‌كه‌ی خۆت یان رۆمانه‌كه‌ی خۆت بكه‌یت. ئایا ده‌قه‌كه پێویستی به‌وه‌یه كه رسته‌ی درێژی تێدا به‌كاربهێنرێت یان بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی لێی تێبگه‌یت و بیخوێنیته‌وه، پێویسته رسته‌كان تێكبشكێنرێن و كورت كورت بنووسرێن؟ بۆ بڕیاردان له‌م باره‌یه‌وه، پێویسته بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه له‌به‌رچاو بگریت. ته‌نانه‌ت خودی دیمه‌نه‌كانی یان پارچه‌كانی ده‌قێك كه له حاڵه‌تی دروستبووندان ده‌شێت كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره هه‌بێت. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت خه‌یاڵی په‌رت و بیركردنه‌وه‌ی شێواوی كاره‌كته‌رێك نیشان بده‌یت، ئاساییه كه ده‌بێت رسته‌ی كورت و پارچه پارچه بنووسیت. چونكه كاره‌كته‌رێكی ئاوا له‌و كاته‌دا ناتوانێت مێشكێكی رێك و پێك و لۆجیكی هه‌بێت. له‌وانه‌یه فلاشباكی شێواو له چه‌ند خاڵێكی كورت كورتدا سوودی هه‌بێت بۆت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌شێت له روانگه‌یه‌كه‌وه رێنماییه‌كه‌ی ئه‌مبرتۆ ئیكۆ راست بێت. له ده‌قی فه‌لسه‌فیدا بۆ باشتر تێگه‌یاندنی خوێنه‌ر له‌وانه‌یه رسته‌ی كورت شتێكی باش بێت. چونكه ئیكۆ خۆی فه‌یله‌سووف بووه و له‌وانه‌یه رێنماییه‌كه‌ی له‌و لایه‌نه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت. به‌لای نووسه‌ره‌وه تێگه‌یاندنی خوێنه‌ر له جوانی فۆرم گرنگتره. ده‌بێت له‌لایه‌كه‌وه بۆ جوانی فۆرم ئیش بكه‌یت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ده‌بێت هه‌وڵ بۆ تێگه‌یاندنی خوێنه‌ر بده‌یت. هیچ شتێك به ته‌واوی له چیرۆكنووسین و رۆماننووسیندا ره‌ت نه‌كراوه‌ته‌وه. هه‌موو شتێك كات و شوێنی خۆی ده‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌م رێنماییه و باقی رێنماییه‌كانی تریش.
دووباره‌كردنه‌وه
ئاسایی داوای دووباره‌كردنه‌وه ناكرێت، به‌ڵام له هه‌ندێ حاڵه‌تدا دووباره‌كردنه‌وه‌ش پێویسته. كاتێك له‌ناو بیرێكدا هاوار ده‌كه‌یت ده‌نگه‌كه‌ت دووباره ده‌بێته‌وه یان ده‌نگ ده‌داته‌وه. پێداویستی ناو بیر دووباره‌كردنه‌وه‌یه. له هه‌ندێ شوێنی ده‌قیشدا ده‌شێت دووباره‌كردنه‌وه به‌پێی بارودۆخی ده‌قه‌كه بێت و شێواز و قاڵبی تایبه‌تی خۆت بێت. جاریوایه دووباره‌كردنه‌وه بۆ چڕكردنه‌وه یان قورسكردنی فه‌زاكه‌یه. كاتێك ده‌ته‌وێت فه‌زاكه پڕ بێت له نائومێدی ده‌بێت به دووباره‌كردنه‌وه بۆمبارانی بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی فه‌زاكه‌وه. خاڵی گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه دووباره‌كردنه‌وه شێوازی جۆراو جۆری هه‌یه. جاریوایه دووباره‌كردنه‌وه به مانای دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی تایبه‌ت نییه. ده‌كرێت دووباره‌كردنه‌وه له ناوه‌ڕۆكدا بێت و بۆ هه‌ست بزواندن بێت. بۆ نموونه كاتی تاریكی و خۆرئاوا بوون، شوێنی دووره‌ده‌ست و تاریك، قسه‌ی نائومێدكه‌ر و پووچگه‌را و ... ئه‌گه‌ر له ده‌قێكدا به‌كاربێت، له راستیدا دووباره‌كردنه‌وه یه‌ك شته به‌ڵام به شێوه‌ی جۆراو جۆر خۆی نیشان ده‌دات. كه‌واته له چیرۆك و رۆمان‌دا دووباره‌كردنه‌وه وه‌كو پێویست وشه‌یه‌ك یان رسته‌یه‌كی تایبه‌ت نییه. جاریوایه دووباره‌كردنه‌وه هه‌سته جاریوایه دووباره‌كردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك، نه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌كو فۆرم پێویست بێت.
به‌كارهێنانی راناو
به‌ڕاستی ده‌بێت به‌كارهێنانی راناو به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بێت بخرێته لاوه. ئه‌مبرتۆ ئیكۆ لێره‌دا رێنماییه‌كی جوانی هه‌یه. هه‌ندێ نووسه‌ر به‌م شێوه‌یه ده‌نووسن: «ئه‌و دانیشت»، «ئه‌و هه‌ڵسا و چووه موبه‌ق». له حاڵه‌تێكدا كه بكه‌ر كرداره‌كه‌ی دیاره. بۆیه هه‌رگیز ئه‌م جۆره راناوانه به‌كارمه‌هێنه و هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه كرداره‌كه بنووسیت: «دانیشت»، «هه‌ڵسا و چوو بۆ موبه‌ق». یه‌كێك له به‌ڵاكانی زمانی چیرۆك به‌كارهێنانی ئه‌م راناوانه‌یه به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بن. ئه‌گه‌ر له جێگایه‌كدا پێویست بوو ئاماژه به بكه‌ر بكه‌یت ناوی خۆی به‌كاربهێنه باشتره. به تێكه‌ڵكردنی رسته‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا، پێویستی ناوهێنانی بكه‌ر كه‌م بكه‌ره‌وه. بكه‌ر ده‌بێت له كاتی پێویستدا دیار بێت. هه‌ر بۆیه وا پێویست ده‌كات كه‌متر رسته‌ی نادیار به‌كاربهێنرێت.
په‌ره‌گرافی نوێ
لاپه‌ڕه‌كه زۆر پڕ مه‌كه‌ره‌وه. بۆ پشوودانی چاو و هه‌مه‌ڕه‌نگی بینین و وننه‌كردنی هه‌ندێ هێڵ و وشه پێویسته له هه‌ر جێگایه‌كدا «په‌ره‌گراف»ێكی تازه بنووسیت. به تایبه‌تی كاتێك پێویسته دیمه‌نه‌كه بگۆڕێت ئه‌م په‌ره‌گرافه تازه‌یه خۆی له خۆیدا زه‌ین له وێنه و دیمه‌نی پێشوو جیا ده‌كاته‌وه. پڕكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كه گومڕا ده‌كات و زه‌ین ماندوو ده‌كات.
رۆڵی بلیمه‌ت مه‌بینه
نه‌بینینی رۆڵی بلیمه‌تێك له‌وانه‌یه مه‌به‌ست له‌وه بێت كه بڕیار نییه ئیشی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له ده‌قێكدا بكه‌یت. قسه‌ی وا بكه‌یت كه ئه‌نیشتاین و نیتشه‌ش تێی نه‌گه‌ن. یان له فۆرمدا ئیشێك بكه‌یت كه خوێنه‌ر ئه‌سڵه‌ن تێنه‌گات ده‌قه‌كه ده‌یه‌وێت چی بڵێت یان چی گوتووه. ئه‌م رێنماییه كاتێك له زمانی فه‌یله‌سووفێكه‌وه ده‌گوترێت ئاسایی ده‌بێت وا لێك بدرێته‌وه. زۆر باشه له سه‌ره‌تاوه خوێنه‌ر یان وه‌رگری خۆت ده‌ستنیشان بكه‌یت. خوێنه‌ری پسپۆڕ؟ یان خوێنه‌ری گشتییه؟ خوێنه‌ری پسپۆڕ ئه‌گه‌رچی كتێب خوێنه‌ره‌وه‌یه‌كی پڕۆفیشناڵه یان كه‌سێكه حه‌زی له بوارێكی وه‌كو فه‌لسه‌فه‌یه، به‌ڵام هیچ مانای نییه ده‌قێكی بده‌یتێ هیچی لێ تێنه‌گات. ئه‌و كاته ئیتر حاڵی خوێنه‌ری گشتی روونه.
رێزی خوێنه‌ر بگره
هه‌میشه رێزی خوێنه‌ر بگره و سه‌باره‌ت به ده‌قه‌كه‌ت ئاگات له كاردانه‌وه‌ی خوێنه‌ر بێت. كاتێك كتێب چاپ ده‌كه‌یت یانی ده‌ته‌وێت خه‌ڵك كتێبه‌كه‌ت بخوێنێته‌وه، كه‌واته خوێنه‌ر به‌لاته‌وه گرنگه.
سێ خاڵ یانی چی؟
سێ خاڵ دانان (...) له جێگایه‌كی ده‌قدا یانی نه‌گوتنی به‌شێك. ئه‌م ئیشه ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی سپێتی بێت هه‌ر شتێكی دیكه. له‌م باره‌یه‌وه ده‌توانرێت به درێژیی قسه بكرێت، به‌ڵام لێره‌دا من مه‌به‌ستی ئه‌مبرتۆ ئیكۆ ئاوا كورت ده‌كه‌مه‌وه كه ده‌بێت نووسه‌ر خۆی مه‌به‌ستی خۆی به روونی بگه‌یه‌نێته خوێنه‌ر. نه‌یه‌ڵێت خوێنه‌ر وه‌كو مه‌ته‌ڵ سه‌یری ده‌ق بكات، چونكه له‌وانه‌یه به‌هه‌ڵه‌دا بچێت. به‌لای ئیكۆوه ئاساییه كه ئه‌م بابه‌ته گرنگه. له به‌كارهێنانی خوازه و توانج و ئاماژه‌دا ده‌بێت نووسه‌ر شه‌فاف بێت به‌شێوه‌یه‌ك كه خوێنه‌ر به ئاسانی له مه‌به‌ستی شاراوه‌ی پشت ده‌ق تێبگات. نووسه‌ر نابێت روونكردنه‌وه‌ی زۆر بدات و وه‌سفی زۆر بكات. ده‌بێت ئاماژه و خوازه‌كان ئاسان بن و به روونی ماناكه‌یان بگه‌یه‌نن.
نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان
رێنمایی زۆر به‌كارنه‌هێنانی نیشانه له بابه‌تی نیشانه‌ی سه‌رسوڕمانیش له‌پێناوی ئاڵۆزنه‌كردنی ده‌قدایه. له‌وانه‌یه نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان له‌گه‌ڵ راشكاوی مانادا جیاواز بێت. نووسه‌رێكی وه‌كو ئیكۆ زۆر بیر له روونی و راشكاوی مانای ده‌ق ده‌كاته‌وه. كه‌واته تۆش روون و راشكاو به. له‌وانه‌یه ئیكۆ نووسه‌ر و خوێنه‌ر له كاردانه‌وه‌ی هه‌ست بزوێن ئاگادار بكاته‌وه له جێگایه‌كدا كه بابه‌ته‌كه جدییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌ك دوو جار به‌كارهێنانی نیشانه ناچارییه، یانی هه‌ندێ حاڵه‌ت هه‌یه له ده‌قدا بۆ نموونه دانه‌نانی نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان كاریكرده نییه.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سه‌رچاوه: پایگاه نقد داستان