هەولێر، رەوەست نەوزاد
دوێنێ، لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن، كۆڕێك بۆ نووسەر هەڤاڵ كوێستانی بۆ ناساندنی كتێبـی (ئافرەت و ژانی لەدایكبوونێكی نوێ)، بەڕێوەچوو.
لە كۆڕەكەدا كە ژمارەیەكی زۆر لە رووناكبیران و چالاكوانی مەدەنی و كەسانی سیاسی ئامادەیبوون، هەڤاڵ كوێستانی وتی: ئەم كتێبە بۆ سەردەمانی زۆر زوو نووسراوە، بەڵام هیوادارم شتێك لەو كاریگەرییانەی هێشتا مابێت و رۆڵی خۆی ببینێت، راشیگەیاند: كتێبەكە باس لە دۆخ و واقیعی ژن لە قۆناغە جیاجیاكاندا دەكات، باسی ئەو هۆكارانەش دەكات كە رێگرن لە بەردەم یەكسانبوونی ژن و پیاودا.
دواتر ئامادەبوان بە پرسیار و سەرنج بەشدارییان لە كۆڕەكەدا كرد. لە كۆتاییشدا كتێبەكە بەسەر ئامادەبواندا دابەشكرا.