زیندانیانی شێلادزێ، بەهۆی ئەوەی رەوشی تەندروستییان زۆر خراپە و بەشێكیان دووچاری نەخۆشیی پێست بوون و جەستەیان بریندارە، لە ژێر دروشمی (یان مردن یان ئازادی) مانگرتنیان راگەیاندووە و داوای بەهانەوەچوون دەكەن.
دوێنێ 27/3 گروپی كەسوكاری زیندانیانی بادینان، لە راگەیەنراوێكدا بۆ رای گشتی، ئەوەیان خستۆتەڕوو كە زیاتر لە ساڵێك و سێ مانگە، پێنج زیندانی لە بادینان كە خەڵكی شیلادزێن، بە شێوازێكی ناشارستانی و نایاسایی رفێنراون و لە زیندانەكاندا بەندكراون، وەك خۆیان دەڵێن «بەهۆكاری ئەو مامەڵەیەی لە زیندان لەگەڵماندا دەكرێت، بڕیاری مانگرتنمان داوە» كە یەكێكیان 20 رۆژە و چواریشیان سێ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە. بەوهۆیەشەوە دۆخیان زۆر خراپە.
بەپێی راگەیەنراوەكە، مەحمود ناجی سدیق، كوڤان تارق جبرائیل، یوسف شەریف ئیبراهیم لە 9/12/2020ەوە، ئەمجەد یوسف مستەفا، نێچیرڤان بەدیع حاجی لە 14/12/2020ەوە دەستگیركراون و تا ئێستا دادگایی نەكراون.
لە راگەیەنراوەكەدا، روونكردنەوە و داواكاریی زیندانیان ئاماژەی پێكراوە، كە وەك خۆیان دەڵێن «لە یەكەم رۆژی رفاندنمانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە زۆر بە توندی ئەشكەنجەدراوین و لەژێر هەڕەشە و تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر هەندێك تاوان پێكردووین و ڤیدیۆ كراوە و بڵاویشیدەكەنەوە، بەبێ ئەوەی تاوانمان هەبێت و وەك چالاكوان تەنها بەشداریی خۆپیشاندانمان كردووە. رێگەشمان پێنادەن پارێزەرەكانمان ببینین. لەكاتی لێكۆڵینەوەشدا وتە و ئیفادەكانمان گۆڕدراون و پێیان ئیمزاكردووین، كە نەمانزانیوە چی نووسراوە».
گروپی كەسوكاری زیندانیانی بادینان، لە راگەیەنراوەكەیدا، داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە ناوخۆی و جیهانییەكان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان دەكەن بەهانایانەوە بچن و سەردانیان بكەن.