دوێنێ، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار سەردانی پارێزگای كەركوكی كرد و لەگەڵ رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبووەوە و جەختكرایەوە لەسەر خزمەتكردنی زیاتری پارێزگاكە و دانیشتووانەكەی بەبێ جیاوازی.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە د.ئەحمەد فەكاك بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی سەرۆكایەتیی كۆمار ئامادەیبوون، سەرۆك كۆمار خۆشحاڵی بە سەردانی پارێزگای كەركوك دەربڕی و ئاماژەیكرد بە گرنگیی كەركوك لەڕووی فرەچەشنی دانیشتووان و سامانە سروشتییەكانییەوە، هەروەها پێویستیی وەبەرهێنانی لەو سەرچاوانەی هەیەتی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی پارێزگاكە، دووپاتكردەوە و ئاماژەشی كرد بە گرنگی پێشخستنی خزمەتگوزاری و پرۆژەكانی گەشەكردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیانی پارێزگاكە.
سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: پارێزگای كەركوك نموونەیەكی زیندووە بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانە و فرەچەشنیی كۆمەڵایەتی، بۆیە پێویست بەوە دەكات ببێتە مۆدێلێك بۆ سەقامگیریی و گەشەپێدان و بنیاتنانەوە و گەشەكردن، هەروەك باسی لە رۆڵی لێپرسراوان و پێویستیی كاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان ئەندامانی ئەنجومەن و حكومەتی خۆجێیی پارێزگا كرد بۆ پەرەپێدانی پلان و بەرنامە بۆ پەلەكردن لە هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوە بەشێوەیەك كە هاوتابێت لەگەڵ پێگە ئابوورییەكەی، كە كەركوك پێویستی بە هەوڵی زیاتر و كۆكردنەوەی وزە و تواناكان هەیە بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوورییەكەی و پێشخستنی لە هەموو كەرت و كایەكانی ژیاندا.
لای خۆیانەوە پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەن، باسیان لە بارودۆخی كەركوك و ئەو سەقامگیرییە ئەمنییە كرد كە بەخۆیەوە دەبینێت، ئاماژەشیان بە هەوڵە بەردەوامەكان بۆ پەرەپێدانی كەرتی خزمەتگوزاری و پێشخستنی لایەنەكانی گەشەپێدان كرد.