جنێوی پیرۆز لە سۆشیال میدیادا

01:09 - 2025-08-14
کەلتور
17 جار خوێندراوەتەوە



د. شاهۆ سەعید* 

بۆچی بەشێکی زۆری ئایندارانی کۆمەڵگەی ئێمە لە کاتی وتاربێژی و کۆمێنت و پۆستی سۆشیاڵ میدیادا زۆر توندڕەو و شەڕانگێزن؟ لە کاتی دەرکەوتنی کچێکی تازە پێگەیشتوو، یان هونەرمەندێکی خاوەن ستایڵی جیاواز، یان نووسەرێکی خاوەن تێز و بۆچوونی تایبەت، پەنا بۆ جنێو و سووکایەتیپێکردن و تێرۆرکردنی مەعنەویی دەبەن؟! 
ئایا ئەمە دیاردەیەکی نوێیە؟ یان ریشەی قووڵی لە دیوە تاریکەکەی نائاگایی ئێمەدا هەیە؟ ئایا ئەمە تەنها پەیوەندیی بە ئاکاری بەشێک لە وتاربێژانی سەر مینبەر و ئایندارە توندڕەوەکانی ناو سۆشیاڵ میدیاوە هەیە، یان نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتییە بە گشتی؟ ئایا ئەمە بەشێکە لە کێمی کرانەوەی پەرت و بەربڵاو بەسەر پلاتفۆرمەکانی میدیای نوێدا؟
ئەڵبەت پۆست و کۆمێنتەکانی سۆشیاڵ میدیا، گوزارشتی تەواو لە دیدگای خەڵکی ئاینداری ئێمە ناکەن، بەڵام دەکرێت وەک ئاماژە و «داتای خاو» لێی بڕوانین بۆ نزیککاریی دەربارەی مەزاجی گشتی ئەو کەسانەی کە خۆیان بە پاسەوانی بەها و پیرۆزییەکان دەبینن، هەروەها بۆ تێگەیشتن لە دەروونی بریندار و چڕنوکوەشێنی بەشێک لەبەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا بە گشتی.
ئەم دیاردەیە تازەیە و تازەش نییە، دەمێکە هەڵگرانی ئایدیۆڵۆژیا سیاسییە دۆگماکان پەنای بۆ دەبەن، کاتی خۆی ناسیۆنالیست و کۆمۆنیستەکان زۆر بە توندی ئیرهابی فیکرییان دژی نەیارەکانیان پەیڕەودەکرد. لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، ئەوانەی خۆیان بە چەپ و پێشکەوتووخواز دەبینی گاڵتەیان دەکرد بە ئایندارەکان و نەخوێندەوارەکان و شوێنکەوتوانی تەریقەتی سۆفیگەریی لە ناوچە گوندنشینەکاندا.
بەڵام ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوە، ئایندارەکان و موحافیزکارەکان زیاتر ئەو کارە دەکەن، پەنا بۆ ئیرهابی فیکریی و کەڵەگایی ئەلیکترۆنی دەبەن. ئەمجارەیان ئیرهابێکە بەرگی پیرۆزیی لە خۆی ئاڵاندووە، بەناوی خوداوە پەنا بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ دەبات، بە جنێو خەڵک بانگ دەکات بۆ هەڵبژاردنی رێگای راست.

بوڵینگ Bullying، یان کەڵەگایی زارەکی، گوزارشت لە دەروونێکی نەخۆش دەکات کە پەنا بۆ ئازاردانی دەروونی و شکاندنی کەرامەتی قوربانییەکەی دەبات، نەک لەبەر ئەوەی هەڵەیەکی کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی شێوازێکی ژیان و بیرکردنەوەی هەڵبژاردووە کە لە هی ئەو ناچیت

بوڵینگ Bullying، یان کەڵەگایی زارەکی، گوزارشت لە دەروونێکی نەخۆش دەکات کە پەنا بۆ ئازاردانی دەروونی و شکاندنی کەرامەتی قوربانییەکەی دەبات، نەک لەبەر ئەوەی هەڵەیەکی کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی شێوازێکی ژیان و بیرکردنەوەی هەڵبژاردووە کە لە هی ئەو ناچیت، یان لەبەر ئەوەی هەڵگری شوناسێکی جیاوازە و سەر بە گروپێکی کۆمەڵایەتی ترە، یان لەبەر ئەوەی متمانەی بەخۆیەتی و خەسڵەتێکی سەرنجڕاکێشی تێدایە، کە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەیبینێ. هەندێ جاریش بە پێچەوانەوە لەبەر ئەوەی قوربانییەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، یان دەروونی، یان کێماسییەکی جەستەیی هەیە، کە خۆی دەستی نەبووە لە دروستکردنیدا، بەو هۆیەشەوە دەبێتە نێچیرێکی ئاسانتری پەلاماردان.
ئەوانەی ئێستا پەنا بۆ کەڵەگایی ئەلیکترۆنی دەبەن لە قووڵایی دەروونیاندا گیرۆدەی دەستی چەندین گرێی سایکۆڵۆژین، هەست بە نائارامییەکی کوشندەی ناوەکی دەکەن. رەنگە خۆیان لە بنەڕەتدا قوربانی توندوتیژیی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئایینی بن، بەڵام وەک میکانیزمی بەرگریی چێژ لە ئازاردانی دەروونیی ئەوانی تر دەبینن، ئارامیی خۆیان لەوەدا دەدۆزنەوە کە ژمارەی مرۆڤە نائارام و تێکشکاو و بێ متمانەکان زیاتر بن. زۆرجاریش لەوەدا سەرکەوتوو دەبن، بە تایبەتی کاتێ پەلاماری کەسانێک دەدەن کە توانای خۆپارێزیی دەروونییان کەمترە، بۆ نموونە گەنجەکان و زیاتریش کچە هەرزەکارەکان، کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئاسانتر زەفەریان پێدەبرێ، یان ئەوانەی لە ترسی دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ خۆیان و کەس و کاریان لە بەردەم پەلامارەکاندا پاشەکشی دەکەن.
هۆکارێکی تری تەشەنەسەندنی کەڵەگایی ئەلیکترۆنی، بە تایبەتی لەلایەن ئاییندارە توندڕەوەکانەوە، پەیوەندیی بەو شکستە سەربازییەوە هەیە کە جیهادییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست و جیهان بە گشتی دووچاری هاتن. ئێستا ئەوان زیاتر پەنا بۆ جیهادی ئەلیکترۆنی دەبەن بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و ئیرهابی رەمزیی لەناو خەڵکدا. هەموومان لە ماوەی پێشودا بینیمان کە چۆن جیهادییەکانی سوریا لە تۆڵەی هەر پاشەکشێ و شکستێک بەرامبەر ئیسرائیل، پەنایان بۆ پەلاماردان و سووکایەتیکردن بە کەمینەکانی سوریا دەبرد، قەرەبووی شکستەکانیان بەوە دەکردەوە کە وێنەی ئەتککردن و زەلیلکردنی قوربانییەکانیان لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبکەنەوە.
لە دەروونناسیدا ئیرهابی رەمزیی دیوی دووەمی ئیرهابی جەستەییە، توندوتیژیی زارەکیش جۆرێکە لە قەرەبووکردنەوەی شکست لە شەڕی دەستەویەخەدا. هەروەک دەروونناسێکی گەورەش کاتی خۆی وتی: جنێو کاتێک پەیدا بوو کە مرۆڤ چیتر نەیتوانی بەرد بهاوێ.

*مامۆستای زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان