سۆشیال میدیا، هیستێریای بەناوبانگبوون

01:13 - 2025-08-14
کەلتور
19 جار خوێندراوەتەوە

د. هەتاو حەمەساڵح حسین*

لە دیاردە سەیر و سەمەرەکانی سۆشیاڵ میدیا لە ئێستادا خۆدەرخستن و دروستکردنی ناوبانگە بەهەر نرخێک بێت، بۆ نموونە هەندێک بە زمانی حاڵ هاوار دەکەن: (وەرە جنێوم پێبدە، وەرە هەرچی دەڵێی بیڵی و زمانت لێم مەپارێزە، بەس کۆمێنتت بۆم هەبێت، وەرە گەردنت ئازاد بێت تەنانەت تۆمەتیشم بۆ هەڵبەستە بەس ئەکتیڤم زیاد بکات).
 ئەم جۆرە ئامانج و مەرامە لە سۆشیاڵ میدیادا زۆر بووە، دەتوانین بڵێین بووەتە دیاردە. رۆژانە دەبینین کچ و کوڕ و ژن و پیاو و تەنانەت پیرەپیاو و پیرەژنانیشی لێ بەدەر نییە. هەندێ تەمەنی وای نەماوە، دێتە ناو سۆشیاڵ میدیا و ئابڕووی خۆی و تیرە و تایفەی دەبات هەر بۆ ئەوەی بناسرێت.
نزیکەی دەیەیەک لەمەوبەر کاتێک سۆشیاڵ میدیا نەگەیشتبووە ئەم رادەیەی ئێستا، تەنها هەندێ مۆدێل و هەرزەکار هەبوون، دەهاتن و خۆیان دەکردە مەزەی ناو سۆشیاڵ میدیا، ئێستا دەبینم کەسی ماقوڵ و بە تەمەن دێت و بەئەنقەست و لەناکاو خۆی دەخاتە مەیدانەوەکەوە.
ئایا ناوبانگ وایلێهاتووە ئەوەندە لە خۆت و کەسایەتیی و هەموو پێگەکانت گرنگتر بێت؟ راستە لە دنیای سۆشیاڵ میدیای ئەمڕۆدا هەندێک کاسبییەکە بووەتە ناوبانگ، بۆ نموونە، بە ئەنقەست نیوەی شەو پۆستێک دەکات و دەڵێت ئەوە لە ماڵی (...)م، ئەمە هەر بۆ ئەوەیە خەڵک بڵی ئاخر بەو نیوەشەوە چی دەکەیت لەوێ و هەزار  و  یەک جنێو  و  تۆمەتی بۆ دەڕوات، بەڵام کچە بەو کۆمێنتانە شاگەشگە دەبێت، چونکە زیاتر دەناسرێت و باشتر دەردەکەوێت و داخوازی بۆ ریکلام و شتی تریش زیاتر دەبێت.
ئەم دیاردەیە بە پێی کەلتور و دابونەریت و ئایین زۆر ناشیرینە، بەڵام بەپێی دنیای ئەمڕۆی سۆشیاڵ میدیا ئاساییە! لەوەش مەترسیدارتر خودی میدیایە، هەندێک کەناڵی راگەیاندن یان پەیجی حزبی ئەو کەسایەتییانە دەقۆزنەوە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، جا چ بە راکێشانی بینەری زیاتر، یان گەیاندنی پەیامی سیاسی. 
ئەو کەسانەی بەوە ناسراون کە بە توانان لە وروژاندنی مشتومڕ، یان بەرگەگرتنی سووکایەتی گشتیی، رەنگە میوانداریی بکرێن بۆ گفتوگۆی گەرم و زیادکردنی بەشداریکردن و لایک و کۆمێنت، بۆ نموونە: لەم ماوەیەدا بینیم کۆمێنتی زۆر خراپ بۆ چەند کەسێک رۆیشتبوو، کە بەش بەحاڵی خۆم زۆرم پێناخۆش بوو، چونکە نە مۆدێل بوون، نە کاریان بەو کۆمێنت و ریکلامە هەبوو.  
ئەو کەسانە بەبێ سۆشیاڵ میدیاش دەیانتوانی پێگەیەکی باشیان هەبێت لە کۆمەڵگەدا، بەڵام مەخابن هەندێ تێڕوانینی خەڵەتێنەر فریوی داون، بۆ نموونە: پەیجێکی حزبی (×) کەسێکی سەر بە حزبی بەرامبەر داوەت دەکات تەنها بۆ ئەوەی جنێو و کۆمێنتی زۆرتری بۆ بێت لە رێی ئەو کەسەوە. 
ئەگەر لە روانگەی کەلتورییەوە سەیری بکەین، ئەم دیاردەیە نوێنەرایەتی لادانێکی روونە لە بەها باوەکان و رێزگرتن و پاراستنی ناوبانگ، کە بەهای بنەڕەتیین لە کۆمەڵگەی کوردیدا. لەلایەکی دیکەوە، ژینگەی سۆشیال میدیا سەرکەوتوو بووە لە ئاساییکردنەوەی ئەو رەفتارانەدا، تا ئەو رادەیەی زۆرێک وەک ئاسایی یان تەنانەت خوازراو سەیریان دەکەن، بە مەرجێک ناوبانگ و ئاشکرابوون بەدەستبهێنن. 
ئەم دیاردانە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستمی بەهادا ئاشکرا دەکەن، واتە رواڵەت جێگەی بەهای ماددە و بەخشینی راستەقینە دەگرێتەوە. لە رووی دەروونییەوە ئەم پراکتیزانە دەتوانێت ببێتە هۆی ئالوودەبوون بە ناوبانگێکی دیجیتاڵی، کاتێک ئیتر مرۆڤ دەبێتە دیلی پێویستییەکی بەردەوام بۆ کارلێککردن و سەرنجدان، ئەمەش متمانە بەخۆبوونی لە دەرەوەی ئەم جیهانە مەجازییە تێکدەدات. بەرکەوتنی بەردەوام بە کۆمێنتە نەرێنییەکان دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر تەندروستی دەروونی هەبێت، تەنانەت ئەگەر کەسەکە وا دەربکەوێت کە بە دڵخۆشییەوە قبوڵیان دەکات.
 لە  رووی کۆمەڵایەتیشەوە بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە بەشدارە لە کەمکردنەوەی بنەما ئەخلاقییەکان، چونکە سەرکەوتن پەیوەست دەبێت بە توانای دروستکردنی ناوبانگێکی فریودەرەوە، نەک داهێنان و سەرکەوتنی راستەقینەی خود. لە بەرامبەردا رەنگە هانی نەوەی تازە بدات بۆ وەرگرتنی رەفتاری هاوشێوە و هەڕەشە لە یەکگرتوویی کەلتوری و بەهاکانی کۆمەڵگە بکات. (هیستریای بەناوبانگبوون) لە سۆشیال میدیادا تەنیا رەوتێکی تاکەکەسیی نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی کەلتورێکی دیجیتاڵی فراوانترە کە رواڵەت بە گرنگتر دەزانێت لە ناوەڕۆک. 
لە کاتێکدا رەنگە هەمان ئەو کەسانەی هۆکاری فراوانکردنی ئەم دیاردەیەن، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو دیاردەیە نەزانن، یان لەوانەیە تەنها وەک ئامرازێکی کات بەسەربردن، یان بە بازاڕکردنی کەسیی سەیری بکەن، بەڵام وەک بەرپرسیارێتییان بەرامبەر کۆمەڵگە دەبێت بزانن کاریگەرییە قووڵەکانی لەسەر بەهاکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زۆرە، بۆیە پێویستە بە هەموولایەکەوە، تاکەکانی کۆمەڵگە، پسپۆڕانی ئەکادیمی، خەمخۆرانی پەروەردەیی، هەوڵی ئەوە بدەن سەرلەنوێ شێوازی بەکارهێنانی فەزای دیجیتاڵی رێکبخەنەوە.

*مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان