شێخ جەعفەر: یەكێتی هەموو هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان

09:38 - 2025-08-17
کوردستان
49 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتیی كۆمەڵایەتی سەر بە بەشی كۆمەڵایەتی، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك لە هەڤاڵانی ئەنجومەن، ئامادەیبوون، لێپرسراوی ئەنجومەن، ستایشی رۆڵی كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و بەشەكانی كۆمەڵایەتی كرد و رایگەیاند: بەشەكانی كۆمەڵایەتی درێژكراوەی ئەنجومەنی گوندەكانی سەردەمی شۆڕشی نوێیە، روونیشیكردەوە كە بە حوكمی تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگەی كوردەواریی، هەر لە سەردەمی شۆڕشی شاخەوە تا دوای راپەڕین و تەنانەت ئەم سەردەمەی ئێستاشمان، شان بەشانی دامەزراوە یاساییەكان، بەشەكانی كۆمەڵایەتی توانیویانە ببنە فاكتەری چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان، چونكە خەڵكی كوردستان هەمیشە بە چاوی برا گەورە و چاكسازیی كۆمەڵایەتی لە كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانیان روانیووە. ئەوەشی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە كە یەكێتی، بەشەكانی كۆمەڵایەتی بە یەكێك لە ئۆرگانە گرنگەكان هەژمار دەكات و پێشتریش سەرۆك مام جەلال بەردەوام گرنگیی بە كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكان و بەشەكانی كۆمەڵایەتی دەدا و هەمیشە پاڵپشتیی دەكردن و لەپەیوەندیدا بوو لەگەڵیان.
پاشان تیشكی خستەسەر دوا پێشهاتەكانی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و جەختیكردەوە لە پێویستی چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك، بەتایبەتی بابەتی بژێویی هاووڵاتیان و دووپاتیكردەوە كە یەكێتی وەك حزبێكی نیشتمانیی خاوەن زۆرترین شەهید و بەرپرس لە ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك، هەموو هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان و ئێوەش لەو نێوەندەدا دەبێت هاوكاربن و رۆڵتان هەبێت.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان