هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ لێپرسراوی بازنە و بنکە و کۆمیتەکانی سنووری سلێمانی، کۆبووەوە و پتەوکردنی هەماهەنگی و رایەڵێکی بەهێز لە نێوان کەمپین و بازنەکانەکانی هەڵبژاردندا بەزامنی سەرکەوتنی یەکێتی وەسفکرد.
کۆبوونەوەکە هەریەک لە هەڤاڵان سەرکەوت زەکی، د.جوان ئیحسان، رزگار حاجی حەمە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و زیاد جەبار ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەیبوون، هەڤاڵ جێگری سەرۆک، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی نۆڤەمبەری ئەمساڵی بەچارەنووسساز و گرنگ وەسفکرد و جەختیکردەوە کە یەکێتی دەبێت نەک پارێزگاری لە دەنگ و سەنگی خۆی بکات، بەڵکو رێژەی دەنگی لە ریزبەندی هەڵبژاردندا بەرزبکاتەوە.
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، باسی لەوەکرد کە تێکڕا توانا رێکخراوەیی و ئۆرگانییەکان بەگوڕوتینەوە ئەرکەکانی ئایندە لە کەمپینەکانی هەڵبژاردندا بەدڵسۆزی و هەڤاڵانە رابپەڕێنن، لەوبارەیەوە وتی: لەم وێستگە دیموکراسیەشدا لیستی یەکێتی سەربخەین، هەتا کوردایەتی و کوردستان پارێزراوتربن.
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە یەکێتی خزمەتکردنی خەڵک بەکوردایەتیی راستەقینە دەزانێت، وتیشی: بەسەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ، لە ژیانی حزبی و حکومڕانیدا لەئاست داخوازی و داواکاری گەلەکەماندا دەبین.