کەمیی خزمەتگوزاریی و هەلی کار، خەڵکەکەی بێزارکردووە

دانیشتووانی خەبات کەموکوڕییەکانی سنوورەکە دەخەنەڕوو

10:02 - 2025-08-17
ڕاپۆرت
40 جار خوێندراوەتەوە
#خۆپیشاندەرانی خەبات بۆ داواکردنی خزمەتگوزاری رێگەیەکی سەرەکییان داخستووە

راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا


چاککردنی رێگەوبانەکان یەکێکە لەو داواکارییانەی بەردەوام دانیشتووانی قەزاکە جەختی لەسەر دەکەنەوە و ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە رێگەی هەولێر - خەبات تێکچووە و چاک نەکراوە


لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی لەلایەن دانیشتووانی سنووری قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر بەڕێوە چووە، بەهۆی کەمیی (ئاو، کارەبا، هەلی کار و خراپی رێگەوبانەکان)، زۆرجاریش بەهۆی تووڕەیی و بێزاریی، دانیشتووانی ئەو قەزایە رێگەی سەرەکی نێوان هەولێر و پارێزگای نەینەوایان داخستووە.
رابەر جاسم دانیشتووی قەزای خەباتە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە کێشە و گرفتێکی زۆرمان هەیە، بەتایبەتی لە رووی ئاو و کارەباوە، بە جۆرێک لە هاوینی ئەمساڵدا لە هەردوو خزمەتگوزارییەکە بێبەش کراوین، ئەوەی پەیوەندیی بە کارەباوەیە، لە 48 سەعاتدا تەنیا دوو بۆ سێ سەعات کارەبای نیشتمانیمان پێ دراوە و هەر بەو هۆیەوە، گرفتی کەمیی ئاویشمان بۆ دروست بووە.
وتیشی: نەبوونی ئاو و کارەبا لە قەزایەکی وەک خەباتدا جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە وێستگەیەکی کارەبای 300 مێگەواتی لێیە، هەروەها زێی گەورە بە تەنیشت قەزاکەماندا دەڕوات، لەلایەکی دیکەوە ئەمساڵ مژدەی کارەبای 24 سەعاتی و پڕۆژەی ئاوی خێرا بە خەڵک دراوە، کەچی ئەوە حاڵی دانیشتووانی قەزاکەیە، بەتایبەتی گوند و ناحیەکانی دەوروبەری.

لە قەزای خەبات چەندین دامەزراوەی نەوت، کارەبا و کارگەی جۆراوجۆر هەیە، بەڵام گەنجانی قەزاکە گرفتی کەمیی هەلی کاریان هەیە خراپیی خزمەتگوزاری

دانیشتووانی قەزاکە ئاماژە بەوەشدەکەن: بەراورد بە قەزاکانی دیکەی سنووری پارێزگای هەولێر، قەزای خەبات، خراپترین قەزایە لە رووی خزمەتگوزارییەوە، لە کاتێکدا سنوورەکە لە رووی سەرچاوەکانی ئاو، نەوت، کشتوکاڵ و بازرگانی دەوڵەمەندە، هاوکات قەزاکە شوێنێکی ستراتیجیی بازرگانی هەیە و هەرسێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و موسڵ بە یەکەوە دەبەستێتەوە، کەچی خەڵکەکەی لە بارودۆخێکی سەختی داراییدا دەژین.
رەعد عوسمان لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری قەزای خەبات نیشتەجێیە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: چەندینجار گردبوونەوە و خۆپیشاندانمان کردووە، بۆ ئەوەی کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکەن، کەچی لایەنی بەرپرس وەڵاممان نادەنەوە و بەدەم داواکارییەکانمانەوە نایەن، هەروەها ماوەیەکی زۆرە ئەو گرفتانە هەن و وەک خۆیان ماونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بێزاریی و ناڕەزایی خەڵکەکەی.
ئاماژەی بەوەشکرد: چاککردنی رێگەوبانەکان، یەکێکە لەو داواکارییانەی بەردەوام جەختی لەسەر دەکەینەوە، چونکە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە رێگەی هەولێر - خەبات تێکچووە و چاک نەکراوە، ئەمەش وایکردووە رۆژانە رووداوی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە و خەڵک تووشی زەرەر و زیانێکی زۆرببن.
کەمیی هەلی کار
نەبوونی هەلی کار گرفتێکی دیکەی گەنجانی قەزای خەباتە، وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن، لەگەڵ بوونی چەندین دامەزراوەی نەوت و کارەبا و کارگەی جۆراوجۆر، کەچی ئەوان بێکارن و نەیانتوانیوە سوود لەو هەموو دەرفەتی کارە وەربگرن کە لەسنوورەکەدا هەیە.
ئیسماعیل کەریم ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە زانکۆی تەواو کردووە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: جگە لە کەمیی خزمەتگوزاری، لە نەبوونی دەرفەتی کار نیگەرانین و گەنجێکی زۆری ئەم قەزایە بێکارن، لەکاتێکدا چەندین شوێن هەیە دەتوانین کاری تێدا بکەین، کەچی لەجیاتی ئێمە خەڵکی وڵاتانی دەوروبەر دەخەنە سەرکار.
وتیشی: دامەزراوە و پاڵاوگەی نەوت لە قەزاکەماندا هەیە، نەوت بۆ دەرەوە دەگوازنەوە، لە جیاتی تەنکەر و شۆفێری ناوخۆ بخەنە سەر کار، کەچی خەڵکی دەرەوەی هەرێم دەهێنن، ئەوان جگە لەوەی سوود لە هەلی کاری نێوان دوو وڵات وەردەگرن، لە ناوخۆی کوردستان و  بە دیارییکراوی لە قەزای خەبات دەرفەتی کاریان پێ دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئەنجامی کارکردنی پاڵاوگەی نەوت و وێستگەی کارەبا، ژینگەی قەزاکە تێکچووە و رۆژانە دوکەڵێکی زۆریان هەیە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خێر و بێری ئەم سنوورە بۆ خەڵکی دەرەوەیە و ژەهرەکەشی بۆ ناوخۆ.
خراپی رێگەوبان
بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی سووتەمەنی، بەشێکی زۆر لە رێگەوبانەکانی سنووری قەزاکە تێکچوون و بەهۆیەوە هاووڵاتییان و شۆفێرانی قەزاکە لەکاتی هاتوچۆدا رووبەڕووی ئاستەنگ و زەحمەتییەکی زۆر دەبنەوە.
ئەسعەد مەغدید بە هەمانشێوە وەک دانیشتووی خەبات ئاماژەی بە نەبوونی شوێنی گەشتیاریی و سوود وەرنەگرتن لە سەرچاوەکانی ئاو کرد و بۆ کوردستانی نوێ وتی: لەگەڵ ئەوەی زێی گەورە بە نزیک قەزای خەباتدا تێپەڕ دەبێت، کەچی تائێستا نەتوانراوە بکرێتە شوێنێکی گەشتیاریی و ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکەکەی، ئەوەش بۆ بێ پلانی و کەمتەرخەمیی ئیدارەی قەزاکە دەگەڕێتەوە.
وتیشی: بەهۆی نەبوونی رێنمایی پێویست و هێماکانی ئاگادارکردنەوە لەسەر زێی گەورە، ساڵانە لە وەرزی هاویندا، چەندین رووداوی خنکانی لێ دەکەوێتەوە، هەموو ئەوانە وایانکردووە خەڵکی سنوورەکە بێزاربن و داوای چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە بکەن، کەچی لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە وەک پێویست وڵاممان نەدراوەتەوە.
کوردستانی نوێ بۆ بەدواداچوون لەسەر کێشە و گرفتەکانی دانیشتووانی قەزای خەبات و دەوروبەری پەیوەندیی بە قایمقام و ژمارەیەک لێپرسراوی دیکەی سنوورەکەوە کرد، بەڵام هیچیان وەڵامیان نەدایەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان