ئەنوەر عەبدولعەزیز سەمین*
پیشەسازیی کشتوکاڵیی، بریتییە لە کۆمەڵێک پرۆسە و چالاکی، کە کەرەستەی خاوی کشتوکاڵی دەگۆڕێت بۆ بەرهەمی بەهای زیادکراو، جا خۆراکی بێت یان ناخۆراکی، ئەم پیشەسازییە زۆر بوار دەگرێتەوە، لە پرۆسێسکردن و لەپاکەتنانی بەرهەمە کشتوکاڵییە تازەکانەوە تا بەرهەمهێنانی خۆراکی پرۆسێس کراو، خۆراک، ریشاڵ، سووتەمەنی بایۆلۆجی و چەندین بەرهەمی دیکە.
چەمکی پێشەسازییە کشتوکاڵییەکان، یان بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، تەکنیکێکی زانستییە هەوڵدەدات زۆرترین بەهای ئابووریی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەدەست بهێنێت، کار دەکات بۆ زیادکردنی بەهای بەرهەمی کۆتایی لەڕووی بەهای خۆراکی و ئەو بەرهەمانەی کە جووتیاران دەتوانن لە کۆتایی وەرزدا بەدەستی بهێنن، لەگەڵ پابەندبوون بە رێنماییە ژینگەییەکانەوە.
گرنگیی پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان
یەکەم: گرتنەبەری شێواز و تەکنیکە زانستییەکان بۆ دابینکردنی خۆراک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە، بەبێ گوێدانە رووبەری کشتوکاڵی.
دووەم: وەرگرتنی میکانیزمی دروست بۆ پاراستنی بەرهەمەکان، دوای دروێنەکردن لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و زیانەکان بۆ نزمترین ئاست.
سێیەم: تەکنیکەکانی بەرهەمهێنان، لێرەدا پشت بە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی جووتیاران دەبەستێت لە رێگەی رێنمایی کشتوکاڵییەوە بۆ بەکارهێنانی ئامرازە بەردەستەکان بە باشترین شێوە و بەرزترین رێژەی سوودوەگرتن، بۆ بەدەستهێنانی بەهای زیادە و زۆرترین سوودی ئابووریی.
چوارەم: چۆنێتی بەکارهێنانی پاشماوەی بەرهەمە هەناردەکراوەکان، کە هەندێک جار لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ناگونجێت و هەناردەکردنی بۆ ناکرێت، ئەوەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی زیانێکی ئابووریی بۆ جووتیاران. لێرەدایە کە بەهای زانستی پرۆسێسی کشتوکاڵی سەرهەڵدەدات، چونکە دڵنیایی دەدات لەوەی بەرهەمهێنەران گەورەترین رێژەی سەدیی بەرهەمەکەیان بەکاردەهێنن بە تێکەڵکردنی لەگەڵ ئەم پرۆسانەدا بۆ زیادکردنی بەهای خۆراکی و دووبارە ناساندنی وەک بەرهەمێکی بازرگانی لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا، بۆیە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی هەم بۆ بەرهەمهێنەران و هەم بۆ بەکاربەران گرنگە.
پێنجەم: گۆڕینی کەرەستەی خاو: پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان بەشدارن لە گۆڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییە تازەکان بۆ بەرهەمی بەهای زیادکراو، واتە زیادکردنی بەکارهێنان و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان.
شەشەم: رەخساندنی هەلی کار: پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان هەلی کارێکی زۆر لە کەرتە جیاوازەکاندا دەڕەخسێنن، لە کێڵگەکانەوە تا کارگە و فرۆشگاکان.
حەوتەم: پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی ئابووری: پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان بەشدارن لە پێشخستنی گەشەی ئابووریدا، لە رێگەی زیادکردنی هەناردەکردن و رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنانەوە.
هەشتەم: باشترکردنی ئاسایشی خۆراک: پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان یارمەتی دابینکردنی خۆراک دەدەن بە شێوەیەکی بەردەوام و متمانەپێکراو، بەشداریی لە مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆراکدا دەکەن.
نۆیەم: پەرەپێدانی بەرهەم: پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و تەکنیکە مۆدێرنەکانەوە بەشداریی لە پەرەپێدانی بەرهەمی نوێ و داهێنەرانەدا دەکەن.
دەیەم: پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی گوندەکان: پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی گوندەکان لە رێگەی دابینکردنی هەلی کار و باشترکردنی داهاتی جووتیارانەوە.
نموونەی پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان
یەکەم: پیشەسازیی خۆراک: پرۆسێسکردنی دانەوێڵە و لەپاکەتنانی سەوزە و میوە و بەرهەمهێنانی شیرەمەنی و گۆشت و خواردنەوە لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە پیشەسازییەکانی پرۆسێسکردنی هەنجیر بریتین لە گۆڕینی هەنجیری تازە بۆ بەرهەمی جۆراوجۆر وەک هەنجیری وشککراوە، مرەبا، شیرینی و هتد. هەروەها دەتوانرێت هەنجیر لە نانەواخانە و شیرینیدا بەکاربهێنرێت، جگە لە بەکارهێنانی لە پیشەسازییەکانی دەرمان و جوانکاریدا.
دووەم: پیشەسازییەکانی ناخۆراکیی پەیوەندیدار بە رووەک: بەرهەمهێنانی قوماش لە ریشاڵی رووەک، بەرهەمهێنانی رۆنی رووەکی، بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بایۆلۆجی، بەرهەمهێنانی کاغەز و کارتۆن و پەینی ئۆرگانیک و ئەوانی تر لەخۆدەگرێت.
سێیەم: پیشەسازیی پەیوەندیدار بە ئاژەڵ: بەخێوکردنی ئاژەڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک و پرۆسێسکردنی شیرەمەنی و گۆشت لەخۆدەگرێت.
چوارەم: پرۆسێسکردنی پاشماوەی ئاژەڵان: بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی پاشماوەی ئاژەڵان، وەک ئێسک و خوێن و پەڕ و چەوری و پێست و خوریی مەڕ و مووی بزن بۆ جلوبەرگی مەرەز و پەینی ئۆرگانیک، سووتەمەنی بایۆلۆجی، جوانکاری و دەرمان و ئەوانی تر لە خۆدەگرێت.
گرنگیی وەبەرهێنان لە پیشەسازییە کشتوکاڵییەکاندا
یەکەم: زیادکردنی بەرهەمهێنان: وەبەرهێنان لە پیشەسازییە کشتوکاڵییەکاندا دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی بەرهەم و باشتربوونی کوالێتی، بە گرنگیدان بە توێژینەوە و رێنماییە کشتوکاڵییەکان.
دووەم: پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیا: وەبەرهێنان لە توێژینەوە و پەرەپێداندا دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای نوێ لە پیشەسازییە کشتوکاڵییەکاندا.
سێیەم: راکێشانی وەبەرهێنان و کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەکی: وەبەرهێنان لە پیشەسازییە کشتوکاڵییەکاندا دەتوانێت وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ خۆی رابکێشێت.
چوارەم: پشتگیریکردن لە هەناردە: پەرەپێدانی پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان دەتوانێت هەناردەی کشتوکاڵیی زیاد بکات و پێگەی وڵات لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەهێز بکات.
پێنجەم: پەرەپێدانی ژێرخان: باشترکردنی ژێرخان، سێکتەرەکانی کشتوکاڵیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و بازرگانی و پیشەسازیی وڵات بەهێز بکات.
شەشەم: هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی ئاسایشی خۆراک.
بۆ پێشخستنی پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان، پێویستە گرنگیی بەم خاڵانەی خوارەوە بدرێت:
یەکەم: پەرەپێدانی ژێرخان و تەکنۆلۆژیا:
-1 مۆدێرنەکردنی ئامێری کشتوکاڵی و گۆڕینی ئامێرە کشتوکاڵییە کۆنەکان بە ئامێرە مۆدێرنەکان کە هەوڵ و کات کەم دەکەنەوە و بەرهەم زیاد دەکەن.
-2 ناساندنی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن، بەکارهێنانی تەکنیکەکانی کشتوکاڵی زیرەک، وەک: هەستکردن لە دوورەوە و سیستمی زانیاری جوگرافی بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و دەستنیشانکردنی باشترین شێوازی کشتوکاڵی.
دووەم: پەرەپێدانی تۆڕەکانی ئاودێریی مۆدێرن: بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ئاودێریی نوێ و زیرەک و پاراستنی ئاو و کەمکردنەوەی پاشماوە، هەروەها دروستکردنی بەنداوی نوێ و پرۆژەی ئاودێریی بۆ دڵنیابوون لە بەردەستبوونی ئاو.
سێیەم: دروستکردنی کۆگای ستراتیژی: دامەزراندنی کۆگای مۆدێرن لە سەرجەم پارێزگاکان، بۆ هەڵگرتنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بە شێوەیەکی سەلامەت و دڵنیابوون لە بەردەستبوونیان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.
چوارەم: پاڵپشتیکردنی جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵ.
پێنجەم: پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ جووتیار: پێدانی قەرز بۆ جووتیاران بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانیان و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەم، هەروەها پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی راستەوخۆ بۆ پرۆژەی کشتوکاڵیی گەورە و بچووک و مامناوەند.
شەشەم: پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ دەرچووان:
پێدانی قەرز بە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگە کشتوکاڵییەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی راستەوخۆ بۆ پرۆژەی کشتوکاڵیی گەورە و بچووک و مامناوەند.
حەوتەم: دابینکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان: دابینکردنی تۆو، پەینی ئۆرگانیک، قڕکەر و ئامێری کشتوکاڵی بە کوالێتی بەرز بە نرخێکی گونجاو.
هەشتەم: پێشکەشکردنی پشتگیریی تەکنیکی: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی درێژکردنەوەی کشتوکاڵیی بۆ جووتیاران، بۆ رێنمایی کردنی لەسەر باشترین شێوازە کشتوکاڵییەکان و راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەم.
نۆیەم: پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان: هاندانی بەکارهێنانی ناوخۆیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی عیراق لە رێگەی سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکاندا و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی بۆ جووتیاران بۆ پەرەپێدانی بەرهەمەکانیان.
دەیەم: پەرەپێدانی بازاڕکردنی کشتوکاڵی:
باشترکردنی تۆڕەکانی بازاڕکردنی کشتوکاڵی و دابینکردنی ئامرازی گواستنەوەی مۆدێرن بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان بە شێوەیەکی کارا و کوالێتی بەرز.
یازدەیەم: بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو: پەرەپێدانی ستراتیژیی کاریگەری بەڕێوەبردنی ئاو و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای سەردەم بۆ بەکارهێنانی ئاو لە کشتوکاڵدا.
دوازدەیەم: بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی بەرگەی وشکەساڵیی دەگرن: چاندنی ئەو بەروبوومانەی کە بەرگەی بارودۆخی سەختی کەشوهەوا و کەمیی ئاو بگرن، وەک هەندێک جۆری جۆ و گەنم.
سێزدەیەم: گرنگیدان بە کشتوکاڵ لە ئاوی سوێردا: لێکۆڵینەوە لە ئەگەری چاندنی ئەو بەرهەمانەی کە بەرگەی سوێریی زۆر بگرن، وەک هەندێک جۆری خورما.
چواردەیەم: هاندانی وەبەرهێنان: دابینکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنان و ئاسانکاری بۆ رێکارەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی گرەنتی بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی.
پازدەیەم: گرنگیدان بە پیشەسازییەکانی پرۆسێسی کشتوکاڵی، کە پشت بە بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان دەبەستن، وەکو لەقوقوتونان، بەرهەمهێنانی شیرەمەنی و بەرهەمهێنانی مرەبا و وشککردن.
شازدەیەم: پەرەپێدانی پیشەسازییە پاڵپشتییەکان:
هاندانی وەبەرهێنان لەو پیشەسازییانەی کە پاڵپشتی کەرتی کشتوکاڵ دەکەن، وەکو پێداویستی کشتوکاڵیی و قڕکەر و بەرهەمهێنانی ئامێری کشتوکاڵی.
حەڤدەیەم: هەموارکردنەوەی یاسای پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و یاسای باج بەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییە هاوردەکراوەکان دادەنێت و پشتگیریی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی دەکات.
هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنانی کشتوکاڵی: ئاسانکاری بۆ رێکارەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی گرەنتی بۆ وەبەرهێنەران و هەموارکردنی یاساکانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و دەرکردنی یاسایەک کە بەکارهێنانی ئاو لە کشتوکاڵدا رێکدەخات و دابەشکردنی دادپەروەرانەی مسۆگەر دەکات.
*ئەندازیاری کشتوکاڵ