خەلیل عەبدوڵڵا
لەم رۆژانەدا ئاژانسەكانی هەواڵی فەرەنسا و جیهان، هەواڵێكی سەرنجڕاكێشیان بڵاوكردەوە، ئەویش ئەوەبوو كە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، ئیمانۆێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئەلیزێ، میدالیای شەرەفی نیشتمانیی دەدات لە بەرۆكی (عەلی ئەكبەر بوسام)، رۆژنامەفرۆشی بە رەگەز پاكستانی و پەناهەندەی وڵاتی فەرەنسا، ئەو پیاوەی ماوەی نیو سەدە زیاترە لە گەڕەكی لاتینی شاری پاریسی پایتەخت، لەگەڵ هەڵهاتنی هەر رۆژێكی نوێدا بە باوەشێک رۆژنامەوە قاوەخانە و چێشتخانە و شوێنە گشتییەكان و ماڵی خوێنەرانی رۆژنامەكان تەی دەکات و بە قسەی خۆش و نوكتە و خەندەی سەر لێوی، خوێنەرانی كێش دەكرد و وزەی خوێندنەوەی پێدەبەخشین.
سەرباری كەمبوونەوەی فرۆشی رۆژنامەی کاغەزیی، بەهۆی زۆریی میدیاكانی بینراو و بیستراو و پێگە ئەلكترۆنییەكانەوە، عەلی ئەكبەر لە خەباتی رۆژنامەفرۆشی بەردەوامە و بانگەشە بۆ ئەوە دەكات، كە رۆژنامەی ئەلكترۆنی و میدیاكان ناتوانن جێگە بە رۆژنامەی کاغەزیی بە تەواوی لێژ بكەن، خوێنەر و هەوادارانی رۆژنامەی وەرەقی بە لە ئامێزگرتن و بۆن و بەرامە و خوێندنەوەی رۆژنامەكان تاسەیان دەشكێت، هەر ئەوەشە وایكردووە كە عەلی رۆژنامەفرۆش، لەسەر كارەكەی بەردەوام بێ و رۆژانە لەگەڵ خوێنەران لە ژواندا بێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە میدالیای رێزلێنانی شەرەفی نیشتمانیی لە داهێنانی سەرۆك شارل دیگۆلە و لە ساڵی 1963ەوە، ئەو میدالیایە بە زۆری بەو كەسایەتییانە دەبەخشرێت كە لە بوارەكانی (سیاسی، سەربازی، زانستی، كەلتوری، ئابووری، كۆمەڵایەتی و وەرزشی) خزمەتیان بە وڵاتی فەرەنسا و مرۆڤایەتی كردووە. ئەم میدالیا و خەڵاتە، خەڵاتی رێز و پێزانینە، بەهایەكی بەرزی مەعنەوی هەیە و سەرۆك كۆمار پێشكەشی دەكات، هیچ ئیمتیازێكی دارایی لەگەڵدا نییە.
بۆ نموونە ئەو خەڵاتە بە كەسایەتییە ناودارەكانی وەك (جاك شیراك، نیكۆلا ساركۆزی، ئیمانۆێل ماكرۆن، نیلسۆن ماندێلا، ئوم كەلسوم، فەیروز، ماجیدە رۆمی، كازم ساهیر) و چەندانی تر بەخشراوە.
بەڵام لیژنەی ئامادەكاری ئەو خەڵاتە، بێجگە لە كەسایەتییە ناودارەكانی ناوخۆی وڵات و دەرەوە، ئەو هاووڵاتییە سادانەشی لەبیر نەكردووە، كە هەریەكەیان لە بوارێكدا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی ناوازەیان پێشكەش بە وڵات كردووە، لەوانە:
-1 جان پییر برۆڤۆ، لە گوندێكی بچووكی فەرەنسا بۆ ماوەی 40 ساڵ بەوپەڕی دڵسۆزییەوە كاری پۆستەچێتی كرد و نموونەیەكی جوانی لە كارەكەیدا پێشكەش كرد.
-2 ماریا فرنادیز، هاووڵاتییەكی بە رەگەز ئیسپانی بوو، ساڵانێكی دوور و درێژ ئەركی خاوێنكردنەوەی قوتابخانەكانی فەرەنسای لە ئەستۆ گرت و بە دڵسۆزییەوە كارەكەی كرد و بووە جێگەی سەرنج و ستایشی خوێندكاران و مامۆستایان و بەرپرسانی پەروەردە.
-3 ئەحمەدی كوڕی سەعید، كۆچەرێكی مەغریبی بوو، بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ، كتێبخانەیەكی بچكۆلەی لەشاری لیۆنی فەرەنسا بەڕێوەبرد، هانی منداڵان و گەنجانی بۆ خوێندنەوە داوە و شوێنپەنجەی لەو بوارەدا دیار و درەوشاوە بوو.
-4 پۆلین سیۆن، خانمێكی پەرستار بوو، ماوەی 45 ساڵ لە نەخۆشخانە گشتییەكانی فەرەنسا خزمەتی زۆری بە نەخۆشەكان كرد و نموونەیەكی جوانی سادەیی و خزمەتگوزاری پێشكەش كرد و زۆربەی تەمەنی بەو بوارە مرۆڤدۆستییە بەخشی.
-5 ماری تیریز، خاوەنی كۆمپانیایەكی بچووكی خێرخوازی بووە، ساڵانێكی دوورودرێژ خزمەتی بە بەساڵاچوان و كەمئەندامان كرد و ئەو راستییەی سەلماند كە كۆمپانیا تەنها بۆ خڕكردنەوەی پارە و سەرمایە نییە، سەرمایەی خزمەتگوزاریی مرۆیی بەنرخترین سەرمایەیە.
ئەحمەد ئەكبەر دوا هاووڵاتی سادە و رەنجدەر و كۆچەری پاكستانی پەراوێزخراوە، كە زیاتر لە 50 ساڵە وەك رۆژنامەفرۆشێكی گەڕۆك خزمەت بە خوێنەرانی گەڕەكێكی پاریس دەكات و زۆربەی تەمەنی بەو پیشەیە بەخشی. مانگی ئەیلولی داهاتوو لە وڵاتی ماف و دەرفەتەكاندا، تیشك دەخرێتە سەر ژیان و خزمەتەكانی و سەرۆك (ئیمانۆێل ماكرۆن) لە كۆشكی ئەلێزی میدالیای شەرەفی نیشتمانیی پێدەبەخشێت، بەوەش لە ماندووبوونی چەندین ساڵەی دەحەسێتەوە و لە دەرگایەكی زێڕینەوە دەچێتە نێو مێژووی كەلتوریی فەرەنسا و مرۆڤایەتییەوە.
ئەوەش نیشانەی ئەوەیە لە فەرەنسا، رێز لە هەوڵ و كۆششی كەسیی هەر هاووڵاتییەكی فەرەنسی، یاخود بیانی دەگیرێت كە بە دڵسۆزییەوە خزمەتی بەو وڵاتە كردبێت، ئیدی خزمەتەكەی گەورە بێت، یاخود بچووك و
سادە و ساكار.