بەهۆی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی بیرە ئیرتیوازییەکانەوە، ژمارەیەك گەڕەكی ناحیەی رزگاری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان رووبەڕووی كێشەی كەمئاویی بوونەوە. زەواڵ رۆستەم بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی رزگاری بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەسەر بودجەی ئیدارەی گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەبڕی 12 ملیۆن دینار بیرێكی ئیرتیوازی بەقووڵیی 150 مەتر لە ناحیەكە هەڵكەندرا.
وتیشی: بەشێك لە دانیشتووانی گەڕەكی حەمرین و سەرجەم كاسبكاران و پیشەوەرانی ناو بازاڕی سەرەكیی ناحیەی رزگاری لێی سوودمەند دەبن، راشیگەیاند: هەر لەسەر بودجەی ئیدارەی گشتی، پرۆژەی راكێشانی بۆری ئاو بۆ گەڕەكی راپەڕین بە درێژیی 700 مەتر بە بۆری جۆری 160 ملم دەكەوێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، لەگەڵ گەیاندنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ بیری ژمارە 50 لە گەڕەكی راپەڕین.