دیداری یەكێتی لە زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین بەڕێوەچوو

09:48 - 2022-03-29
کوردستان
813 جار خوێندراوەتەوە

كەركوك، سیروان محەمەد 
دوێنێ لە كەركوك کۆنفرانسی ئامادەكاریی بۆ رێكخستنی دیداری یەكێتی لە زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین بەڕێوەچوو.
لە كۆنفرانسەكەدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و لێپرسراوی ئۆرگانەكانی ی.ن.ك لە سنووری كەركوك و سەڵاحەدین و ئەندامانی لیژنەی باڵای سەرپەرشتی دیداری یەكێتی لە پارێزگاكان و كادرانی یەكێتی لە سنووری زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین بەشداربوون. وتەی كۆنفرانس لەلایەن فەهمی بورهان ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییەوە پێشكەشكرا و رایگەیاند: ئێمە لە كەركوك كۆبوونەوە و دیالۆگ دەكەین و جارێكی تر ستراتیژ و دونیابینی خۆمان دادەڕێژینەوە.

پاشان، ئاسۆ مامەند ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: بەڕێوەچوونی دیداری یەكێتی بە هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی دەزانین، وتیشی: ی.ن.ك و جەماوەرەكەی لەم سنوورە بە خوێن بەرگرییان لە كەركوك و خورماتوو كردووە.
هەروەها باسی لە لێكەوتەكانی ریفراندۆم كرد لە ناوچە جێناكۆكەكان و وتی: یەكێتی و لایەنە سیاسییەكانی تر لەگەڵ خەڵكی كەركوك و خورماتوودا مانەوە، بەڵام ئەو لایەنەی بۆ موزایەدەی سیاسی جەختی لەسەر ریفراندۆم دەكردەوە، شارەكەی بەجێهێشت، راشیگەیاند: لە دوای لێكەوتەكانی ریفراندۆم ئەو لایەنە سیاسییە، كەركوكی بە داگیركراو ناودەبرد و لەساڵی 2018 بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد لە كەركوك، كەچی لە هەڵبژاردنی پێشوودا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەر ئەو لایەنە هات و سواڵی دەنگی لە خەڵكی كەركوك دەكرد، ئاماژەی بەوەشدا «ئەو لایەنەی باسی لە دەوڵەتی سەربەخۆ دەكرد، ئێستا لە بەغدا شەڕی سەرۆك كۆمار دەكات و رێكەوتنیشیان لەگەڵ چەند لایەنێكدا كردووە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت».

دواتر وتارێك لەلایەن د.یوسف گۆران ئەندامی لیژنەی باڵای سەرپەرشتی دیداری یەكێتی-یەوە، پێشكەشكرا و وتی: دیداری یەكێتی كە سەركردایەتیی یەكێتی بڕیاری لێداوە، بڕیارێكە بۆ داڕشتنەوەی بیروبۆچوون و سیاسەتەكانمان.
سەبارەت بە گرنگیی ئامادەكاریی رێكخستنی دیداری یەكێتی، ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەهاری بووژاندنەوەی یەكێتی لە قۆناغی نوێدا دەستیپێكردووە، هەم لە جوهدە دیپلۆماسییەكانی یەكێتی لە بەغدای پایتەخت و ناوخۆی عیراقدا، هەم لە جووڵە سیاسییەكانی ی.ن.ك لە ناوخۆی خۆیدا بە سازكردنی دیداری یەكێتی و چاكسازییە بەردەوامەكانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، كە ئێستا لە كەركوكین بۆ دیداری یەكێتی. چەند رۆژی رابردووش هەموو لایەك جوهدە دیپلۆماسییەكانی هەڤاڵ بافڵ-مان بینی بە هەموو ئەو ئیمكانیاتەی كە ی.ن.ك و هاوپەیمانەكانی بۆ هەموو ئەو تێگەیشتنە سیاسییانەی كە یەكێتی بۆ ململانێ سیاسییەكان دروستیكردووە، بۆ ئەوەی ئیستحقاقاتی گەلی كوردستان و ئیستحقاقاتی ی.ن.ك لە پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا پارێزراو بێت، وتیشی: هەموو كۆبوونەوەیەكی ی.ن.ك لە كەركوك گرنگیی خۆی هەیە، ئاماژەی بەوەشدا «ئەم دیدارە هەم دیدارێكی سیاسی و حزبییە، هەم دیداری بووژاندنەوەی یەكێتییە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئەركەكانی داهاتوودا سەركەوتوو بێت، لە داهاتووشدا دیدارەكە لە هەولێر و شارەكانی تریش بەڕێوەدەچێت».

 

#دیداری یەکێتی #کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان