״70 %ی داهاتی دەروازەكانی ئیبراهیم خەلیل ‌و حاجی ئۆمەران نادیارە״

11:06 - 2022-03-29
ئابووری
705 جار خوێندراوەتەوە

لاپەڕەی ئابووری
پەرلەمانتارێكی كوردستان ئاشكرای دەكات: زیاتر لە سەدا 70ی داهاتی هەردوو دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دیارنییە و دەشڵێت: «ئامانجی میدیا و پەرلەمانتارانی پارتی لە هێرشكردنە سەر پارێزگای سلێمانی، ناشیرینكردنی ئەو شارەیە».

لیژنەیەكی پەرلەمانیی بۆ دەروازە سنوورییەكان
زكری زێباری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستان رایگەیاند: ئەو سیاسەتەی پارتی لە حكومەت پەیڕەوی دەكات، بۆ ناشیرینكردنی پارێزگای سلێمانییە و ئامانجی شاردنەوەی ئەو گەندەڵیانەیە كە لە پارێزگای هەولێر و دهۆكدا هەیە.
راشیگەیاند: «زیاتر لە (70 %)ی داهاتی هەردوو دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارتی دیارنییە و ئەگەر پەرلەمانتارانی پارتی راست دەكەن، بچن لیژنەیەكی پەرلەمانیی لە سەرجەم فراكسیۆنەكان پێكبهێنن و سەردانی هەموو دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، بەمەبەستی ئاشكراكردنی راستییەكان، نەك تەنیا لە میدیاكانەوە تۆمەت ببەخشن كە ئامانجیان تەنیا ناشیرینكردنی پارێزگای سلێمانییە و هیچی تر».

داهات ناشەفافە
هەردوو دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران، لەو دەروازانەن كە زۆرترین جموجۆڵی بازرگانییان تێدایە و رۆژانە هەزاران بارهەڵگر لە رێگەی ئەو دەروازانەوە دێنە هەرێم، بەڵام تائێستا دیار نییە داهاتی زۆری ئەو دوو دەروازەیە و چەندە و چییان لێ دێت، لەكاتێكدا لە بەرنامەی سەرۆكی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمدا هاتبوو: «یەكێك لە كارە هەرە پێشینەكانیان، بریتی دەبێت لە یەكخستنەوەی داهات و چاكسازیكردن لە كۆكردنەوەی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم»، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئەو كارە بكرێت و داهاتی نەوتیش وەكو پێشوو بە ناشەفافی ماوەتەوە».

بابەتە پەیوەندیدارەکان