دووەم دەرماڵە بە خوێندكارانی سلێمانی دەدرێت

11:11 - 2022-03-29
ئابووری
441 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات: بە بڕی زیاتر لە 360 ملیۆن دینار، چەكی دەرماڵەی زیاتر لە حەوت هەزار خوێندكارمان ئامادەكردووە و چەكەكان دراونەتە كۆلێج و پەیمانگەكان بۆ خەرجكردنی پارەكە و دابەشكردنی بەسەر خوێندكاراندا.
هاوكات تا ئێستا لە زانكۆكانی هەولێر و دهۆك، هیچ ئامادەكارییەك بۆ دابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكاران نەكراوە.
د.ئالان فەرەیدون، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: بەمەبەستی خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران كە بە پاڵپشتی دارایی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان ناسراوە، 11 چەكی بانكیمان ئاڕاستەی بانكەكان كردووە، بەمەبەستی خەرجكردنی دەرماڵەی زیاتر لە حەوت هەزار خوێندكاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشكردووە: بڕی پارەی ئەو 11 چەكە بریتییە لە 363 ملیۆن و 290 هەزار دینار بۆ دەرماڵەی حەوت هەزار و 76 خوێندكار كە لە گەنجینەكانەوە پاڵپشتی دارایی بۆ كراوە و چەكەكانیش دراوەتە كۆلێج و پەیمانگەكانی سەر بە زانكۆمان، تا ئاڕاستەی بانكەكانی بكەن و بەپێی تایبەتمەندێتی شوێنی جوگرافی كولێج و پەیمانگەكانی سەر بە زانكۆ بۆیان خەرج بكرێت.
بەگوێرەی زانیاری ماڵپەڕەكە، تا ئێستا لەلایەن دەستەی كارگێڕی و بەشی ژمێریاری زانكۆكانی هەولێر و دهۆكەوە، هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان، هاوكات لە مانگی رابردووشدا دوو هەفتە دوای زانكۆ و پەیمانگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەولێر دەرماڵەكانیان وەرگرت، ئەوەش بەهۆی نەمانی پارە لە بانكەكانی هەولێر و دهۆكدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان