هەڵاواردن لەسەر بنەمای جوانی

01:05 - 2022-09-01
کەلتور
1107 جار خوێندراوەتەوە
#کچی کافرۆش

سکۆتی هەندریکس

لە فارسییەوە: مەحمود شێرزاد

زۆربەی ئێمە کاتێ کەسێکی جوان دەبینین نائاگایانە پێمان وایە ئەو کەسە کەسێکی باشە و هەروەها نائاگایانە پێمان وایە خەڵکانی دەموچاو ناشیرین خراپن، دیارە رێک وەک ئەوەی لە بنەڕەتەوە جوانی هێمای سرشتی پاک و مرۆڤی باش بێت.
لەڕاستیدا گرنگی ئەو بابەتە لەوەدایە کە خەڵک لەسەر بنەمای رواڵەتی کەسەکان بڕیاری گرنگ و چارەنووسساز دەردەکەن، لەبەر ئەوەی خەڵک پێی وایە جوانبوونی رواڵەتی کەسەکە بە مانای باشبوونی کەسەکەیە، بەڵام ئایا ئەوەی رووی جوانە ئایا ناخیشی جوانە؟ یان کەسێک کە رووی ناشیرین بێ ئایا مرۆڤێکی خراپە؟

فەیلەسوفەکانیش وایان بیرکردۆتەوە
مرۆڤ هەمیشە جوانی روخساری بە جوانی ناخ بەستۆتەوە. فەیلەسوفانی بەناوبانگی وەکو «سوقرات» و کانت پێیانوابوو جوانی و چاکی بە یەکەوە پەیوەندییان هەیە. جیا لە فەیلەسوفەکان، بە سەیر کردنی بەرهەمە هونەرییە بە ناوبانگەکانیش بە تایبەتی ئەوانەی ناوەرۆکی ئەخلاقییان هەیە بۆمان دەردەکەوێ تەنانەت هونەرمەندەکانیش پێیانوابووە ئەوانەی روویان جوانە کەسانی باشن و ئەوانەی روویان ناشیرینە کەسانی خراپن.
لە یەکێک لە چیرۆکەکانی یۆنانی کۆندا هاتووە، ژنێک بە ناوی «فرین» بە تاوانی کوفرکردن دادگایی کراوە، بەڵام ئەو کاتەی جەستەی جوانی خۆی وەک بەڵگەی ئەوەی جێگەی سەرنجی خواکانە پیشانی دادگا دا و گوتی ناکرێ کەسێکی وا کە جوانە و خواکان گرنگیان پێداوە کوفر بکا، ئاڕاستەی دادگاییکردنەی گۆڕی و ئازاد کرا.
لە چەند دەیەی رابردوودا بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو پێش گریمانەیەی کە «مرۆڤە جوانەکان مرۆڤی چاکن» لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە. تەنانەت لە دەیەی 1970دا لێکۆڵینەوەی زۆر تێر و تەسەل کراوە. ئەو لێکۆڵینەوانە دەریانخستووە کە مرۆڤەکان بە گشتی پێیانوایە مرۆڤە جوانەکان خوێنگەرم و راستگۆ و بەخشندەن، هەروەها پێیان وابووە کە جوانەکان هۆشمەندتر و ژیرتر و کۆمەڵایەتیترن و چالاکترن.

من وا بیر ناکەمەوە
پێس ئەوەی ئێمە بە خۆمان بڵێین نا، من وا بیر ناکەمەوە، لەسەر بنەمای رواڵەت بڕیار لەبارەی کەسەکانەوە نادەم، دەبێ بزانین لەسەر بنەمای ئەو لێکۆڵینەوە زانستییانە دەرکەوتووە زەینی ئێمە بە شێوەیەکی نائاگایانە و زۆر بە خێرایی و خۆکار ئەو هەڵسەنگاندنە دەکا و بڕیار دەدات.
لەڕاستیدا ئەو جۆرە هەڵاواردنە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک هەیە. لە دادگاکاندا جوانەکان کەمتر لە ناشیرینەکان بە تاوانبار حوکم دراون و ئەگەریش حوکم درابن ئەوە سزایەکی سووکیان بۆ دیاریکراوە. هەروەها زۆربەی خەڵک دەنگ بە سیاسییە قۆزەکان دەدەن، کارمەندە جوانەکان ئاسانتر پلەیان بەرز دەبێتەوە، تەنانەت خێزانەکان لەناو منداڵەکانی خۆیاندا زیاتر گرنگی بەوەیان دەدەن کە لەوانیتر جوانترە.
لەو ماوەیەدا لێکۆڵینەوەیەک لە «ژورناڵی هەڵسوکەوتی بێدەنگ»دا بڵاوبۆتەوە کە بەشێوەیەکی وردتر لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەم بابەتە کردووە و جەوهەری هەڵاواردن لەسەر بنەمای جوانی لەئێمەدا باشتر دەرخستووە.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا داوا لە بەشداربووەکان کراوە لە رووی وێنەی دەموچاوی کەسە جوانەکانەوە تایبەتمەندییە ئەخلاقییەکانی کەسەکان دیاری بکەن، ئایا ئەو تایبەتمەندییانە لەبەراورد لەگەڵ کەسانی ئاساییدا لە جوانەکاندا زیاترە یان کەمترە. جیاوازی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەگەڵ ئەوانی پێش خۆی لەوەدایە بابەتەکەی تەنیا لە روانگەی کەسە جوانەکان کەسانی باشن نەکردووە، بەڵکو کاری لەسەر ئەو پرسیارەش کردووە ئایان تایبەتمەندی باش پەیوەندی بە رواڵەتی جوانی کەسەکانەوە هەیە، یانی ئەگەر تایبەتمەندی باش لە خۆتدا پەرە پێبدەی جوان دەبیت!
بەشێک لەم لێکۆڵینەوەیە تەنیا لەسەر هەندێ تایبەتمەندی باشی وەک راستگۆیی، نهێنی پارێزی، دەستپاکی و ئەو تایبەتمەندییانەی کە ئەخلاقین هەڵوەستەی کردووە و بەشێکیتری لێکۆڵینەوەکە لەسەر هەندێ تایبەتمەندی باشی وەک ئارامی و رووخۆشی و رێک وپێکی و ئەو تایبەتمەندییانەی کە پەیوەندییان بە ئەخلاقەوە نیەوە هەڵوەستەی کردووە.

لەسەر بنەمای جوانی دەموچاو
بەرەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە ئەوە بوو کە خەڵک لەسەر بنەمای جوانی دەموچاو بڕیار دەدەن و پێیان وایە کەسانی جوان هەڵگری زۆربەی تایبەتمەندییە باشە ئەخلاقییەکانن، هەروەها لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی دیاری کردووە کە جوانی دەموچاوی جوان کام یەک لە تایبەتمەندییە باشە ئەخلاقییەکان لە زەینی کەسەکاندا وەبیر دێنێتەوە. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانە درکەوتووە کە جوانی وەبیرهێنەرەوەی تایبەتمەندییە باشە ئەخلاقییەکانە نەک تایبەتمەندییە باش و نائەخلاقییەکان، هەروەها دەرکەتووە کە جوانەکان %20 زیاتر لەکەسانی ئاسایی وەبیرهێنەرەوەی باشی و چاکین و %10یش لە کەسانی ئاسایی زیاتر وەبیرهێنەرەوەی تایبەتمەندییە باشە نائەخلاقییەکانی وەک رووخۆشی و ئارامی و...هتدن.
هەرچەند بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوانە هەموویان ئەمریکی بوون، بەڵام بەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەروەک بەرەنجامی لێکۆڵینەوەی وەڵاتانی تر بوو، دیارە ئەو بابەتە جیهانییە و لە هەموو شوێنێک وایە.
لێکۆڵەرەکان پێیان وایە کە ئەو بابەتە بەرەنجامی نەرێنی زۆری هەیە، هەر بە گوێرەی ئەو هەمووە لێکۆڵینەوەیەی لەم بوارەدا و لە زووە کراون و بەرەنجامی کارەساتباری ئەو بابەتەیان سەلماندووە و ئاماژەیان پێکردووە، بەڵام بەرەنجامەکان تووشی شۆکمان ناکەن، لێکۆڵینەوەکان دەڵێن سەرەڕای ئەوەی بابەتی هەڵاواردن لەسەر بنەمای جوانی لە مێژە هەیە و لێکۆڵینەوەی زۆری لەبارەوە کراوە و ئاماژە بە بەرەنجامە خراپەکانی زۆر کراوە، بەڵام تا ئێستا ئێمە شێوازێکمان نیە تا ئەم بابەتە بگۆڕین و ئەو دەمارگرژییە کە مرۆڤ بە نیسبەت مرۆڤە روو ناشیرینەکان هەیەتی دەستکاری بکەین. هەر بۆیەش دەبێ هەوڵبدەین رێگەیەکی کۆمەڵایەتی یان دەروونناسانە بدۆزینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو بابەتە.

سەرچاوە:  https://nebesht.com/ 

بابەتە پەیوەندیدارەکان