هەولێر، تەها عەبدوڵڵا
بەرتەسککردنەوەی ئازادییەكان لە سنووری پارێزگای هەولێر و بادینان بێ ئومێدی نووسەران و رۆژنامەنوسانی لێکەوتۆتەوە، دەخوازن لە رێگەی خەباتی مەدەنیەوە هەموو ئەو بەربەستانە بشكێندرێ كە بۆتە هۆی سنوورداركردنی ئازادی رادەربڕین و كاری رۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستان، دەشڵێن ئەمڕۆ لەجیاتی نیشاندانی نموونەیەكی جوانی ئازادی و دیموكراسی هەرێم بەجیهان، كەچی بۆتە جێگای رەخنە و هەڵوەستە لەسەركردنی ناوەندە دبلۆماسی و نێودەوڵەتییەكان.
سمكۆ عەبدولكەریم، نووسەر و رۆژنامەنوس و سكرتێری لقی هەولێری سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بۆ كوردستانی نوێ وتی: دەسەڵات پێویستە لە خەمی ئازادییەكاندا بێت، فەراهەمکردنی ئازادییەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تاچەند باوەڕیان پێی هەیە، فەراهەمكردنی ئازادی پێویست، دەرخەر و پێوانەیە بۆ تێگەیشتن لە ئەقڵیەت و ویستی دەسەڵات، بە پێچەوانەوە پێشێلكردنی ئازادییەكان لەلایەن دەسەڵاتەوە، دەبێتە لەكەیەكی ناشیرین بە ئەداو فەرمانڕەوای ئەو دەسەڵاتە.
باسوخواسی هەمواكردنەوەی یاسای رۆژنامەگەری
لە دیدی ئەو نووسەرەوە، لەسەر ئاستی کۆمەڵگە تا ئاستێكی باش ئازادییەكان گەشەیکردووە، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەوە ئازادییەكان جار بە جار بەرتەسك دەكرێنەوە، بەوهۆكارەی فەراهەمكردنی ئازادییەكان لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە، وتیشی: هەر ئەمەش وایكردووە بە گشتی لە سنوورەكانی هەولێر و دهۆك و بادینان، ئازادی بە تەواوەتی بخرێتە ژێر پرسیارەوە، بەشێوەیەك هەڵوەستەی بە هەموومان كردووە ئەو پرسیارە بكەین، ئایا هۆكار چیە لە سنوورێكی دیاریكراو ئازادییەكان بەو جۆرە پێشێلدەكرێن و بەرتەسك دەكرێنەوە؟، ماوەیەكیشە باسوخواسی هەمواكردنەوەی یاسای رۆژنامەگەری هێنراوەتە گۆڕێ، بەو بیانووەی لە یاساكەدا كەموكورتی زۆر هەیە، هەر ئەمەش وایكرد دەستەیەك لە رۆژنامەنوسان و ئەوانەی شارەزان لە بواری یاسا بیر لەهەمواركردنەوەی یاسای كاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە و هەوڵبدەن كەموكورتییەكان پڕبكەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: لەگەڵ داواكاری بۆ هەمواركردنەوەی یاسای كاری رۆژنامەگەری لە كوردستان، لە هەمانكاتدا مەترسی ئەوەش هەیە، دیسان ئەم هەمواركردنەوەیە ببێتە هۆی بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە متمانە لە نێوان نووسەران و رۆشنبیران لەلایەك و دەسەڵات لەلایەكی دیکەوە نەماوە یان لاوازبووە، تاكو بەیەكەوە یاسای رۆژنامەگەری هەمواربكەنەوە و ببێتەی هۆی چارەسەكردنی ئەو گرفتانەی لە ماوەی رابردوودا هاتوونەتە پێش، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەیە، چونكە لەئێستادا بۆتە گرفتێكی گەورەی بەردەم كاری راگەیاندن و نووسەران و رۆژنامەنوسان، چونكە ئەوانەی خاوەنی بۆچوونی خۆیانن و لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆچونەكانیان دەردەبڕن، رووبەڕووی هەڕەشە و دەستگیركردن دەبنەوە، بەشێوەیەك كار گەیشتە ئەوەی لە دادگاكان سزابدرێن و ئێستاش بەشێكیان لە زینداندان.
بە یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە ناکرێت
سمكۆ عەبدولكەریم ئاماژەی بەوەشكرد: لەماوەی رابردوودا ئەوانەی لەسەر نووسین و كاری رۆژنامەوانی دەستگیركراون، لەجیاتی ئەوەی بە یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، كەچی بە یاسای سزادانی عیراقی، یان خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن دادگایی كران و ژمارەیەكی زۆریان خستە كونجەكانی زیندان، ئێستا هەست بەوە دەكرێ كە بیانەوێت یاسای دیكەی تایبەت بە سۆشیال میدیا گەڵاڵە بكەن، كە ئەمەشیان مەترسییەكی دیكەی بەردەم ئازادییەكانە، ناكرێ رێگە بدرێ كۆتوبەندەكانی سەر ئازادییەكان زیاتر بكرێن، لەكاتێكدا كاری میدیا لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە و كۆمەڵگەی خۆشمان بەرفراوان بووە و بەرەوپێشچووە، پێویستە یاسای باشتر و سەردەمییانەتر بۆ فەراهەمكردنی ئازادییەكان دابنرێ، نەوەك بیر لەبەرتەسکكردنەوە و سنوورداركردنی ئازادییەكان بكرێتەوە، وەك ئەوەی لە ناوچەیەكی دیاریكراوی هەرێمی كوردستان هەستی پێدەكرێ.
ئەو ئازادیەی باس دەكرا ئێستا زەوتدەکرێت
لەلایەن خۆیەوە ئازاد جۆڵا نووسەر و چاودێری سیاسی لە شاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: دەتوانین بڵێن پرسی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست وەكو پێویست نییە و رێگری لە رادەڕبڕین وخۆپێشاندانی هاووڵاتیان و تایبەت تر رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، هەندێك ناوچەی كوردستانیش هاوشێوەی ناوچەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمان گیروگرفتیان هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە سەرەتا وانیشاندرا دەبێتە نموونەیەكی جوان بۆ فەراهەمكردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی كاری رۆژنامەگەری، كەچی بەداخەوە ئەو ئازادیەی باس دەكرا ئێستا زەوتدەکرێت.
وتیشی: ئەو بەرتەسككردنەوەیەش زیاتر لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدیكرا، بەتایبەتی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، كە بەتەواوەتی دەست بەسەر ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەریدا گیراوە، بەجۆرێك ئەگەر لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی ئەو سنوورە كار نەکەن رووبەڕووی هەڕەشە و گرتن و تەنانەت تیرۆریش دەبنەوە، وەك چۆن لە دوو ساڵی رابردوو بینیمان ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی، لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ پێدانی مووچە زیندانیكران، تاكو ئێستاش بەشێكیان دادگایی نەكراون.
ئەو نووسەرە پێشیوابوو: ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان ئازادییەكانی زۆر بەرتەسككردۆتەوە و زیاتر بەرەو خۆسەپاندن و دەسەڵاتی ئەمنی هەنگاو دەنێ، نەوەك دەسەڵاتی مەدەنی و ئازادی و دیموكراسی، هەر ئەمەش وادەكات هەرێمی كوردستان پێچەوانەی پێشبینیەكان كە چاوەڕوانی بەرەوپێشچوون دەكرا، كەچی بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، ئەمەش مەترسیەكی راستەقینە دروستدەكات لەسەر كۆی پڕۆسە سیاسی و ئەزموونی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا دەبوو وەك ناوچەیەكی جیاواز لە دەورووبەر، هەرێم نموونەیەكی جوان نیشان بدات، چونكە ئەم ئەزموونە بە خەباتی چەند ساڵەی گەلەكەمان و خوێنی هەزاران شەهید بەرهەم هاتووە.
خەباتی دەوێت
ئازاد جۆڵا ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ رێگریكردن لە هەوڵەكانی بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان جا ئازادی تاکەکسی بێت یان رۆژنامەگەری، پێویستە تەواوی رۆژنامەنوسان و دیموكراتخوازانی گەلەكەمان لە هەموو كوردستان، بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە كە تاڕادەیەكی باش ئازادی رادەربڕین و كاری رۆژنامەگەریان هەیە خەبات بكەن تاكو بتوانن ئەو بارودۆخەی لە هەولێر و بادینان هەیە بیگۆڕن و حكومەت ناچار بكەن بەوەی گۆڕانكاری لە یاسای رۆژنامەگەریدا بكات، بە جۆرێك لە بەرژەوەندی تەواوی ئازادیخوازان و دیموكراتخوازەكانی كوردستان بێت و لەگەڵ ئازادی سەردەم بگونجێ.