زانكۆ دەزگایەكی زانستی و مەعریفییە، ئەركی زانكۆ ئەوەیە كۆمەڵێك كەسانی ئەكادیمی بەرهەم بهێنێت، ئەم ئەكادیمیایانەش ئەركێكی گرنگ لە دواڕۆژدا دەكەوێتە ئەستۆیان بەجۆرێك لەكاتی گفتوگۆكردن لەگەڵیان هەندێ نمونەی زیندووی گەورە بەرجەستە دەكرێت بۆیە حكومەتی هەرێم پێویستە نمونەیەكی جوان بێت لەبەردەمیان و قۆناغ بەقۆناغ حكومەت بەرپرسیارە لە لێپرسینەوە بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان دەرچووان وحكومەت، بەجۆرێك ناكرێت هەلی كاریان بۆ دابین نەكرێت.
وەرزشیش خۆی هونەر و زانستە، هیچ مرۆڤێك بێ كۆشش و بەدوادا چوون فێری ئەم زانستە نابێت، دەرچووانی كۆلێژی پەروەردە وەرزش كۆمەڵێك كێشەیان هەیە كەكەمترین پانتایی بۆ تەرخان كراوە و كێشەكانیان لەسنورێكی داخراودا ماوەتەوە، هەمووشمان ئەو ڕاستییە دەزانین كە دامەزراندن تەنها رێگایە تا دەرچوو داكۆكی لە خۆی پێ بكات بۆ ئەوەی بێتە ناو ژیانی ئەكادیمی و كاركردن، بەپێی ڕاپرسییەك تەنها 13% -ی دەرچووان هەلی كاركردنیان بۆ ڕەخساوە لەلایەن دەزگا ناحكومیەكانەوە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم پلە بەندییەكی هەبێت بەجۆرێك پێوەرێكیان بۆ دابندرێت كەپشكی شێری دامەزراندنیان بۆ بڕەخسێنرێت، لەگەڵ بوونی سەدان شوێن بۆ كاركردن بەڵام هەزاران دەرچووی دانەمەزراو هەیە، بۆیە پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە لەكاتی پێدانی مووڵەت بە پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت لەكاتی كردنەوەی پەیمانگاو زانكۆی تایبەت و دەزگای راگەیاندن وهۆڵی وەرزشی وفێرگەی وەرزشی و مەلەوانگە، مەرجی دامەزراندنی ئەو دەرچووانە بسەپێنێت بە سەر ئەو شوێنانەدا چونكە كاتێك دەسەڵات بڕیاردەر بێت، ئەوا كێشەكان باشتر بنبڕ دەكرێن.
هەر لەچوارچێوەی بابەتەكەمدا ئەمێنمەوە تا پەنجە بخەمە سەر خالێكی جەوهەری بۆ زۆرینەی دەرچووانی كۆلێژی پەروەردەی وەرزش، ئەویش ئەوەیە پسپۆرییەكەیان بەهەند وەربگرن چونكە جگە لەپیشەی مامۆستایی ئەوان دەتوانن لەزۆر شوێندا هەلی كاریان دەست بكەوێت لەبواری كەرتی تایبەتدا، وەكو ڕاهێنەر و ناوبژیوان و یاریزان و رزگاركەر و بواری چارەسەری سروشتی و میدیاكار و كۆمێنتكار و رۆژنامەنوسی وەرزشی هتد..
لەكۆتایشدا بەوجۆرەش ڕەشبین نیم و نایكەمە پێوەرێك تاتوشی چەواشە نەبین، ئەگەر فریای دەرچووانمان بكەوین ئەوە رێگای ڕاست دەگرینە بەر ئەگەر نا ئەوە پلانێك نییە بۆ چارەسەركردن.