״یەكێتی لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزدایە״

09:19 - 2022-09-06
کوردستان
389 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە هەولێر، سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازیكرد لە وەفدێكی یونامی بە سەرپەرشتی كلاودیۆ كۆردۆن جێگری نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و لە دیدارێكدا تاوتوێی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانیان كرد.
لە دیدارەكەدا، سەعدی پیرە، تێڕوانینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە خستەڕوو و رایگەیاند: یەكێتی لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزدایە، كە جێگەی رەزامەندیی گەلانی عیراق بێت و هەموو هەوڵێكی بۆ خزمەتكردنی خەڵك بێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمان، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو، لەوبارەیەوە سەعدی پیرە، وتی: ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر چەند خاڵێكە، كە پێویستە رێكەوتنیان لەسەر بكرێت، بەتایبەتی ئەو پرس و یاسایانەی كە ماف و داواكاریی خەڵكی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكان تیایاندا دەستەبەردەبن.
‎لای خۆیەوە، كلاودیۆ كۆردۆن، رایگەیاند: خوازیاری تەبایی و یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانن «هیواخوازین هەرێم و بەغدا كێشەكانیان چارەسەربكەن. هاوكات هێز و لایەنەكانیش كاری بەپەلە بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی  نوێی عیراق».

#سەعدی ئەحمەد پیرە

بابەتە پەیوەندیدارەکان