هەولێر، تەها عەبدوڵڵا
بڕیارە پێنجشەممە 31/3/2022 کۆنفرانسی ئامادەکاریی دیداری یەكێتی لە هەولێر بە بەشداریی سەرجەم ئۆرگانەكان و خەڵكی پسپۆڕ و شارەزای سەربەخۆ بەڕێوەبچێت.
مەحمود خۆشناو وتەبێژی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ کۆنفرانسی ئامادەکاریی دیداری یەكێتی، لە سنووری هەولێریش هاوشێوەی پارێزگاكانی تر، ئامادەكارییەكان دەستیپێكرد و بەپێی ئامادەكارییەكانیش رۆژی پێنجشەممە 31/3/2022 کۆنفرانسی ئامادەکاریی دیداری یەكێتی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، لە دیدارەكەشدا سەرجەم چینوتوێژەكان ئەوانەی سەر بە ئۆرگانە جیاجیاكانی یەكێتی بن یان لە دەرەوەی یەكێتی بەشداری دەكەن، لەڕێگای لیژنە تایبەتەكانیشەوە سەرنج و تێبینییەكان كۆكراوەتەوە، تا دوای گفتوگۆكردن پێشكەش بە سەرپەرشتیانی دیدارەكە بكرێت.
راشیگەیاند: دیداری یەكێتی لە هەولێر گرنگی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كە كوردستان و ناوچەكە لەبەردەم چەندین گۆڕانكاریی گەورەدان، لە دیدارەكەشدا بەهۆی بەشداریی شارەزایان و پسپۆڕانی دەرەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی، دەتوانرێت قسە لەسەر هەموو ئەو بابەتانە بكرێت كە پەیوەندی بە پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانییەوە هەیە.
روونیشیكردەوە كە یەكێتی هەمیشە پشتگیری لە داوا رەواكانی خەڵكی كوردستان كردووە و دژی گەندەڵی و پەرەسەندنی تاكڕەویە، بۆیە دیداری یەكێتی لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریداوە بە فۆڕمێكی نوێوە سیاسەت و حزبایەتی بكات، تاكو لەو رێگایەوە كار بۆ چارەسەركردنی گرفتی هاووڵاتیان بكرێت، كە ماوەیەكی زۆرە بۆتە جێگای نیگەرانیی خەڵكی كوردستان، وەك گەندەڵی و پرسی مووچە و داهاتەكانی ناوخۆ، پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و زۆر پرسی دیكە.