پەیامی مەكتەبی رێكخستن بۆ ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی گەلی كوردستان

10:36 - 2022-09-10
کوردستان
496 جار خوێندراوەتەوە

لە یادی 31 هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی كەناڵی گەلی كوردستان، كەناڵی دایكدا بەناوی لێپرسراو و تەواوی هەڤاڵانی مەكتەبی رێكخستنەوە گەرمترین پیرۆزبایمان ئاڕاستەی هەڤاڵ بورهان حاجی عەلی بەڕێوبەری گشتی و سەرجەم كادر و كارمەندانی ئەم  كەناڵە ئازیز و خۆشەویستە دەكەین و دەستی شەونخوونی و ماندوونەبوونی یەكە بەكەتان دەگوشین، هیوای بەردەوامی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین. 

لە دوای ڕاپەڕین دامەزراندنی كەناڵی گەلی كوردستان بووە دەستكەوتێكی گرنگ و سەروەرییەكی تری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە هەنگاوێكی گەورە و وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە مێژووی كاری میدیایی و كاری راگەیاندندا لە كوردستان، دواتر ئەم كەناڵە ئازیزە بووە خوێندنگەیەكی گەورە بۆ میدیاكارانی یەكێتی و كوردستان كە دەیان كادری بەتوانای راگەیاندن پێگەیشتن و بوونە ئەستێرەی میدیاكان لە شاشەی كەناڵە جیاجیاكان لە كوردستان كە هۆكاری سەرەكی سەركەوتن و پێشكەوتنی ئەم كەناڵە هەوڵەكانی و پشتیوانی و رێنماییەكانی سەرۆك مام جەلال بووە لە رابردوودا، هەر بۆیە كەناڵی گەلی كوردستان ئەو مێژووەی بۆ خۆی تۆماركردووە كە كەناڵێكی راستگۆ و بوێر و چاونەترسبووە و هەمیشە پیشەی كاری میدیای خۆی لەدەست نەداوە و هاوسەنگی پاراستووە لە كاری میدیایدا، سەرباری ئەوەی كە بەكەناڵی دایك ناسراوە شانازیەكی تری ئەوەیە كە لە لایەن كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگەوە نازناوی كەناڵی پێشمەرگەی پێبەخشرا كە ئەوەش  گەواهی ئاوێتەبوونی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و خۆشەویستی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە بۆ ئەم كەناڵە هەمیشە سەوزە.

 بۆیە ئێمە وەك مەكتەبی رێكخستن هەمیشە پشتگیر و پشتیوانێكی بەهێزین بۆ سەركەوتن و بەهێزی ئەم كەناڵە ئازیزەمان، ئومێدیشمانە لە وەرزی نوێی كارەكانیدا بەشێوازێكی جوانتر و بەڕەنگ و سیمایەیەكی گەشتر و بە بەرنامە و كاری نوێوە ببێتەوە میوانی هەمیشە ماڵەكانمان و وەك هەمیشەش راستگۆیی و بوێری لەگەیاندنی زانیارییەكاندا سەرمەشق بێت.

هەر لەم یادەدا دروود و سڵاومان دەنێرین بۆ هەموو ئەوانەی رۆژگارێك لەم كەناڵەدا كاریان كردووە، هەموو یەكێتییەكانیش شانازی بەم كەناڵی دایكەوە  دەكەن كە توانیویەتی مەڵۆیەك بخاتە سەر خەرمانی میدیای كوردی.

جارێكی تر پیرۆزە لە كەناڵی دایك و پێشمەرگە

مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

#مەكتەبی رێكخستن

بابەتە پەیوەندیدارەکان